کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاپارتایدی فەرهەنگی لە قوتابخانەکانی ئێراندا بەڕێوە دەچێ

20:13 - 16 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: سیستمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی لە ئێران بەشێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو سەرقاڵی ئاپارتایدی فەرهەنگی لە نێو قوتابخانەکانن.

لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتی نەتەوەکانی ئێران و ئاپارتایدی کولتووری ئەو هەرێمانەی کە نەتەوەکانی ئێرانی تێدا نیشتەجێن، لە قوتابخانەیەکی قۆناغی سەرەتایی دەوروبەری ئەهواز چەندین قوتابی بەتۆمەتی قسەکردن بە زمانی زگماکییان سوکایەتییان پێکرا و سزا دران.

ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە لە هەواڵێکدا ئاشکرای کرد؛ هاوکات لەگەڵ ڕۆژی قوتابی لە ئێران، قوتابییانی قوتابخانەی قۆناغی سەرەتایی کچانەی حەمزە لە گوندی بەیت مەحارب سەر بە شارستانی ئەهواز بەهۆی قسەکردن لەگەڵ یەکتر بە زمانی زگماکییان واتە عەرەبی، لەلایەن مامۆستای قوتابخانەکەیان سووکایەتییان پێکراوە و سزا دراون.

بەپێی ئەم هەوالە مامۆستای قوتابخانەکە ئەم قوتابییانە ناچار کردووە ١٠٠ جار بنووسن: خۆم لە ئاخاوتن بە زمانی عەرەبی دەپارێزم.

ئیزن نەدان بۆ خوێندن و نووسین بە زمانی زگماکی لە ئێران کە دەرخەری بوونی ئاپارتایدی سیستماتیک لە ئێرانە و ڕاستەوخۆ شوناسی نەتەوەکانی ئێرانی کردۆتە ئامانج، بەپێچەوانەی هەموو کۆنوانسیۆن و ڕێککەوتن‌نامە نێونەتەوەییەکانی پیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی جیهانی مافە زمانییەکانی کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ، هەموو تاکێکی جیهان مافی ئەوەی هەیە کە بە ئازادانە بە زمانی گماکی خۆی بدوێ و تەنانەت وڵاتەکانیش ئەرکدار کراون بە هەوڵدان بۆ زیندووڕاگرتنی زمانی ئەو نەتەوانە.

بەوتەی حەمیدڕەزا حاجی بابایی وەزیری پێشووی پەروەردە و بارهێنانی رێژیم ڕێژەی ئەو قوتابییانەی کە جگە لە زمانی زگماکی خۆیان ناچارن زمانی فارسی بخوێنن ٧٠%ی کۆی قوتابییەکانی ئێرانە..