کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەنگهەڵپێچانی ئێران، بە هۆی پشتیوانیی لە تێرۆریزم

20:17 - 16 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: گرووپی تایبەتی کاروبارە داراییەکان ڕایگەیاند، تەنیا سێ مانگ کات بە ئێران دەدات و پاشان نێوی ئێران لە لیستی ڕەش دەخات.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، گرووپی تایبەتی کاروبارە داراییەکان لە ئاگادارییەکی تایبەت بە جێبەجێ نەکردنی پێبەندییەکان لە لایەن ئێرانەوە، هۆشداری دا و ڕایگەیاند کە هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ دەبێ ئێران هەموو پێبەندییەکانی لە پەیوەندی لەگەڵ سپی کردنەوەی دراو و پشتیوانیی ماڵی لە تێرۆریزم جێبەجێ بکات.

هۆشداری ئەو گرووپە لە حاڵێک دایە، کە ئامریکا لە دژی سپای پاسداران و بەشێک لە کەسایەتییە حەقیقی و حقووقییەکانی ئابڵۆقەی تازەیەی داناوە و مەرجەکان بۆ ئەندامەتی ئێران لەو گرووپە دژوارتر بووە، وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا سپای پاسدارانی وەک پشتیوانی سەرەکی تێرۆریزم لە دنیا ناساندووە.

حەسەن ڕۆحانی و نوێنەرە هاوڕاکانی، بۆ وە ئەستۆ گرتنی بەڵێنییەکانی گرووپی تایبەتی کاروبارە داراییەکان، چەند مانگە ڕاوێژ و وتووێژ دەکەن، هەتا لە ئاکامدا ڕەخنەگرانیان بە پەیوەست بوونی مەرجدار بە ڕێسا بانکییەکان بە دژی سپی کردنەوە دراو و پشتیوانیی ماڵیی لە تێرۆریزم ڕازی کردووە.

ئەندام بوون لەو گرووپە، ئاسانکاریی بۆ ئاڵوێرە ماڵییە تایبەتەکان ساز دەکات، کە لە ڕووی ئابوورییەوە قازانجێکی تایبەتی بۆ هەناردە و هاوردە هەیە.

گرووپی تایبەتی کاروبارە داراییەکان لە ساڵی ١٩٨٩ی زایینی دامەزراوە و ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە، کە لەگەڵ سپی کردنەوەی دراو و پشتیوانیی ماڵی لە تێرۆریزم و پشتیوانیی لە چالاکییە پێوەندیدارەکان بە دەنگۆ بڵاوکردنەوە، خەبات دەکات.