کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شتومەک بە جێگای پارە هاوردە دەکرێت

20:23 - 16 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: ئەندامێکی کۆمیسۆنی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردووە به هۆی ئەوەیکە مامەڵەی کاڵا بە کاڵامان لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەیە، پێویستیمان بە دولار نییه.

هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە زاری مێهرداد لاهووتی ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجەی مەجلیسی ڕێژیم بڵاوی کردووە، کە به هۆی ئەوەیکە مامەڵەی کاڵا بە کاڵامان لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەیە، پێویستیمان بە دولار نییه.

ئەو ئەندامەی کۆمیسۆنی بەرنامە و بوودجه باسی لەوەش کردووە، کاتێک ئێمە له دوو وڵاتی چین و تورکیه کاڵا هاوردە دەکەین، پێویستیمان بە پارە نییه.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لە دوو وڵاتی هیندوستان و ڕووسیه بە جێگای پاره کاڵای هاوردە دەکات و وەرزی پاییزی ئەمساڵیش ئەلکساندێر نواک وەزیری وزەی ڕووسیه باسی لەوە کردبوو، کە تاران و مسکۆ گڕیبەستی کاڵا لە بەرانبەر کاڵادا جێبەجێ دەکەن.

بە هۆی سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێران، بارودۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە شپرزەیه و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە جێگای وەرگرتنی پارە کاڵایان هاوردە کردووە.

لە ساڵی ٢٠١١ی زایینییەوە، کە ڕێژیمی ئێران به هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی تووشی کێشەی زۆر جیددی بووە، ئەو ڕێژیمە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە گەمارۆکان دەور لێ داتەوە و هەر جار تووشی کێشەی دیکە بووەتەوە.