کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵی هەڕەشەئامێزی کەیهان، هۆشداری و دژکردەوەی لێ کەوتەوە

20:43 - 16 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: لێژنەی چاوەدێریی ڕاگەیاندنەکانی ئێران، بە هۆی دانانی هەواڵێکی هەڕەشەئامێز لە ڕۆژنامەی کەیهان، هۆشداریان بەو ڕۆژنامەیە دا.

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕۆژنامەی کەیهان کە لە لایەن حوسێن شەریعەتمەداری نوێنەری خامنەیی بەڕێوە دەبرێت، پاش هێرشی مووشەکی بالستیکی بۆ سەر عەرەبستان، هەواڵێکی بە ناوی هاویشتنی مووشەکی ئەنساروڵڵا بۆ ڕیاز، ئامانجی دوایی دوبەی دانا.

لیژنەی چاوەدێران لە نامەیەکدا بۆ ڕۆژنامەی کەیهان نووسیانە، ئەم هۆشدارییە بە مەبەستی وەبیر هێنانەوەی بەرپرسایەتی و ئەرکی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەمبەر پاراستن و پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەکانی وڵات و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی وڵات بەپێی یاسا و ڕێساکان، بە بەرپرسی یەکەمی ئەو ڕۆژنامەیە دراوە.

ئەم هۆشدارییە بە ڕۆژنامەیەک کە لایەن نوێنەری ڕێبەری ڕێژیم بەڕێوە دەچێت، بە هیچ کوێ ناگات و هیچ دەرئەنجامێکی نابێت، چونکە لە سەردێڕی بابەتێکی ئەو ڕۆژنامەیە هاتووە، پێکەنین و گاڵتە لەوێ دایە کە ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەی کە بابەتەکانیان پڕە لە سەردێڕی دژەئاسایش و بەرژەوەندی نەتەوەیی، لە ناکاو نیگەرانی بەرژەوەندی نەتەوەیی دەبن
هەروەها ڕۆژنامە ناوخۆییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، باسیان لەوە کردووە، کە ئەم بابەتە گاڵتەجاڕە لە ڕۆژنامەیەکی فەرمی وەکوو کەیهان، دەبێتە بەڵگەیەک لە دەستی عەرەبستان و ئامریکا و ڕۆڵی ئێران لە هاویشتنی مووشەک بەرەو عەرەبستان دەسەلمێنێت.

ئەم سەردێڕە کە تێیدا هەڕەشە لە دوبەی کراوە، لە ڕاگەیەندراوە دەرەکییەکان وەکوو پشتڕاست کەرەوەی ئەو تۆمەتانەیە کە وە پاڵ ڕێژیمی ئیسلامیی دراوە و هەروەها لە ڕاگەیەندراوە ناوخۆییەکانی ئێرانیش دژکردەوەی لێ کەوتەوە و بە باوەڕی زۆربەیان ئەم بابەتەی کەیهان کێشە و سەرئێشە دروست دەکات.