کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا خوازیاری هەڵویستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە دژی ڕێژیمی ئێران بوو

19:46 - 17 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد کە لە هەمبەر سیاسەتەکانی ئێران لە یەمەن هەڵویست بگرن.

هەواڵدەریی فەڕانسە ڕایگەیاند کە نیکی هێلی نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، خوازیاری هەڵویستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە هەمبەر ڕێژیم ئێران، لە مەڕ سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە لە یەمەن بوو؛ لەم لێدوانەدا نیکی هێلی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێران هاوینی ئەمساڵ کۆمەڵێک مووشەکی بە حووسییەکان دابوو کە بەرەو عەرەبستانی بهاوێن.

هەروەها نیکی هێلی لە درێژەی قسەکانیدا، سپای پاسدارانی بەوە تۆمەتبار کردووە، کە بە پڕچەک کردنی حووسییەکان بەم جۆرە چەکانە، دوو خاڵی بڕیارنامەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پێشێل دەکات.

هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسانی عەرەبستانی سعوودی ئیددعا دەکەن کە ئەو مووشەکەی شەوی هەینی لەسەر شەممە لە لایەن حووسییەکانەوە بەرەو ئەو وڵاتە هاویشتراوە، سەرچاوەکەی بۆ ڕێژیمی ئێران دەگەڕێتەوە.

ڕێژیمی ئێران ئەم ئیددعایەی عەرەبستان ڕەت دەکاتەوە و خۆی بە بەرپرسی هاویشتنی ئەو مووشەکە لە ١٣ی خەزەڵوەر نازانێت و محەممەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سپای پاسداران لە لێدوانێکدا وتبووی: ئێران توانایی گواستنەوەی ئەم جۆرە مووشەکانەی نییە.

هەرچەندە ڕێژیم دەیەوێت خۆی لەم بابەتە بە بێ‌لایەن پیشان بدات، بەڵام محەممەد بن سەلمان وەلیعەهدی عەرەبستان، لە سەر هەڵویستی خۆی پێداگری کردووە و ڕێژیمی ئێرانی بە هێرشی نیزامیی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای حووسییەکانی یەمەن تۆمەتبار کردووە.