کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دەستێوەردانەکانی خۆی لە سووریه چڕتر دەکات

19:51 - 17 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سووریه هێزێکی نیزامیی میلیشایی لەژێر ناوی لەشکەری ٣١٣ پێک دێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەرپرسانی نیزامی و ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران، لە درێژەی دەستێوەردانەکانیان لە سووریه لە شاری ئەزرەع هێزێکی شێعەیان کۆ کردووەتەوە و ڕاهێنانی عەقیدەتی و نیزامی هەندێک لەو هێزانە تەواو بووە و تەنانەت کارتی پێناسەشیان بۆ دەر کراوە.

ئەو لەشکەرە باسکی نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە سووریەیە، کە لە لاوانی عەرەبی پشتیوانی ئەسەد پێکهاتووە، ڕێژیمی ئێران لەو هێزە شێعەیە هاوشێوەی حەشدی شەعبی بۆ بەرەو پێشبردنی سیاسەتەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت.

لە ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵ شەڕی سووریەدا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەت سپای پاسداران و تەنانەت ئەرتەشی ڕێژیم لە شەڕی سووریەدا بەشداریان کردووە.

وڵاتانی ناوچەکە، ڕۆژئاوا و ئامریکا بەتایبەت ئیسرائیل نیسبەت بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری ناوچەکە و بەتایبەت سووریە و عێراق هۆشداریان بە ڕێژیمی ئێران داوە و به هۆی درێژەی دەستێوەرادنەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەدا، پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ناوی سپای پاسدارانی لە لیستەی پشتیوانی تێرۆریزم‌ تۆمار کردووە.