کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابخانە هەژارەکان، چاولەدەستی قوتابییە هەژارەکان

15:20 - 18 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: نەبوونی بوودجەی پێویست بۆ قوتابخانەکانی کوردستان، تێچووییەکانی بەڕێوەبردنی قوتابخانەکان و پێداویستییەکانی خستووەتە سەر شانی بنەماڵەی قوتابیان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی ڕابردوودا و لە درێژەی شەپۆلی وەرگرتنی پارەی نەختیی زۆرەملێ و نایاسایی لە قوتابیان، بەرپرسانی قوتابخانەی گوندەکانی ڕوانسەر سەر بە پارێزگای کرماشان بە قوتابییەکانیان ڕاگەیاندووە، کە بۆ کڕینی نەوت و سووتەمەنی زستان پارە بۆ قوتابخانە بێنن.

وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ لە قوتابیان لە قوتابخانەکانی کوردستان، بە بیانووی جۆراوجۆر بووەتە هۆی زیاد بوونی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر بنەماڵەی قوتابیان و ئەوەش ناڕەزایەتی بنەماڵەکانی لێ کەوتووەتەوە.

ئەمە لە حاڵێک دایە که وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو: بە هیچ شێوەیەک نابێ پارە لە قوتابیان وەر بگیرێت.

هەروەها له بەندی دووهەمی ئەسڵی سێهەمی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا هاتووە: دەوڵەت ئەرکدارە تێکڕای ئیمکاناتی پەروەردە و بارهێنان بۆ هەموو ئاست و قۆناغەکانی خوێندن دابین بکات.

بەپێی بەندی ١ی ماددەی ٢٦ی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ لە پەیوەندی لەگەڵ پەروەردە و بارهێنانی خۆڕایی و گشتی، هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا مافی ئەوەیان هەیە، لە پەروەردە و بارهێنانی بێ‌بەرانبەر بەهرەمەند بن و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان دەبێ لانیکەمی پەروەردەی سەرەتایی بێ‌بەرانبەر بۆ هاووڵاتییان دابین بکات.