کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی لەدایک بوونی فەرماندە سەرکەوت لە ژاوەرۆ بەڕێوەچوو

15:54 - 18 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، بەبۆنەی ٣٦ەمین ساڵیادی لەدایک‌بوونی شەهیدی فەرماندە سەرکەوت سەمەدی ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ شەوی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٧ لەسەر ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی پۆلێک لە لاوانی دەروەست و شۆڕشگێڕی کوردستان لە گوندی تەنگیسەری هەمیشە دێموکرات، لە ژاوەرۆی سنە بەبۆنەی ساڵیادی لەدایک بوونی شەهیدی قارەمان، فەرماندە سەرکەوت سەمەدی ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان بەڕێوەبرد.

لەم یادکردنەوەدا ڕێبوارانی ڕێبازی ئازادی وێڕای بەرزنرخاندنی خەبات و تێکۆشانی جەنگاوەری خۆرەتاو، فەرماندەی بەوەجی دێموکرات و ڕێبوارە ڕاستەقینەکەی ڕێبازی شەهیدان، کاک سەرکەوت سەمەدی پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازەکەی نوێ کردەوە و بەڵێنیان دا تا سەر وەفادار بە ئارمان و ئارمانجەکانی حیزبەکەی شەهید سەرکەوت بمێننەوە.

شەهید سەرکەوت سەمەدی کوڕی یونس ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە گوندی سەروماڵی سەوڵاوا لە نێو بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕی کوردپەروەر لە دایک بوو؛ ساڵی١٣٧٨ی هەتاوی هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پاش تێپەرکردنی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە کاروتێکۆشانی لە فێرگەی سیاسی ـ نیزامی حیزب دەست پێکرد کە لەو پێوەندییەدا چەندجار بەهۆی کار و چالاکی بەرچاو ڕێزی لێگیرا. کاک سەرکەوت بەهۆی چوونە سەری پلەی زانیاری سیاسی و تێگەیشتنی تەواو لە مێژوو و بەرنامە و ئامانجەکانی حیزبەکەی لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاویدا ڕەوانەی دەورەی کادری سیاسی کرا و پاش تێپەرکردنی دەورەی سیاسی و سەرکەوتن لەم قۆناغەی خەبات پلەی کادری پێ بەخشرا و وەک مامۆستایەکی بەئەزموون و لێزان سەرقاڵی وانەوتنەوە بە فێرخوازانی دەورەی سەرەتایی پیشمەرگە بوو.

شەهید سەرکەوت لە ساڵی١٣٩١ی هەتاوی بەهۆی کارامەیی و شارەزاییەکانی ڕەوانەی دەورەی سیاسی کادری دەرەجە ٣ کرا و توانی سەرکەوتوانی لە تاقیکارییەکاندا سەرکوێت و پلەی کادری دەرجە ٣ی وەرگرت؛ لەمەودوا بەرپرسایەتی جێگری بەرپرسی فێرگەی سیاسی نیزامی حیزبی وەئەستۆ گرت و توانی لێوەشاوەیی خۆی لەم بوارەشدا بە کردەوە بسەلمێنێ. پاش دامەزراندنی هێزی تایبەتی حیزب و جێگیربوونیان لە سنوورەکانی کوردستان لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی ئەرکی جێگری فەرماندەی گشتی هێزی تایبەتی لە ئەستۆ گرت و توانی وەک کادرێکی لێهاتوو، فەرماندەیی هێزەکانی بەردەستی بکات و وەک پیشمەرگەیەکی خاکەڕا سازماندێهی لکەکانی بەردەستی بکات.

لە نەورۆزی ساڵی ٩٥ی هەتاویدا کە حیزبی دێموکرات بریاری شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵاتی دەرکرد و مزگێنی دەسپێکی وەرزێکی نوێ لە خەباتی بە گەلی بندەستی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دا شەهید سەرکەوت بە شاگەشکەییەوە بەرەوپیری ئەم قۆناغە نوێیە لە خەبات چوو و لەگەڵ یەکەم تیمەکانی پێشمەرگە ڕێگەی پڕ کەند و لەندی گرتەبەر و پاش شادبوونەوە بە خەڵکی کوردستان و ئەنجامدانی چەندین مەئمووریەتی گرینگ بە سڵامەت گەڕایەوە لای هاوسەنگەرانی لە شاخەکانی کوردستان؛ تەنیا چەند ڕۆژ پاش گەڕانەوەی لەم سەفەرە دیسانەوە پریاسکەی پڕلە هیوای سەفەرە بێ گەڕانەوەکەی لەکۆڵ نا و وەک خاکی پۆشێکی جامانە لەمل بە هەزار خۆزگە و ئاواتی بەرزی مرۆڤتەوەرانەگەڕایەوە بۆ باوەشی دایکی نیشتمان بەڵام بەداخەوە ڕۆژی ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی وێرای هاوڕێی ڕۆژانی تەنیایی و شەوانی بێدەنگی کاوەی باڵابەرز دوانارنجۆکی دەستیان تەقاندەوە و حەماسەیەکی لەبیرنەکراوەیان لە مێژووی گەل و حیزبەکەیاندا تۆمار کرد؛ شەهید بوو بەڵام وانەکانی ئێستاش لە گوێ و دڵ و هزر و بیری ڕێبوارانی ڕێگاکەیان دەزرینگێتەوە؛ وانەکانی مافویستی و خۆنەویستی، خاکەڕابوون، ئەمەگناسی و وەفاداری و لەهەمووان گرینگتر کۆڵنەدان و بەرخودان.