کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگرتنی پارەی زۆرەملی لە قوتابیان؛ ئەمجارە لە ڕەبەت

15:41 - 19 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: لە درێژەی شەپۆلی وەرگرتنی پارەی نەختی لە قوتابیان ئەمجارەیان نۆرە گەیشتە شاری ڕەبەت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ چەند ڕۆژ پێش ئێستا بەرپرسانی قوتابخانەی فەرهەنگ لە شاری ڕەبەت بە ناردنی بانگهێشت‌نامە بۆ بنەماڵەی قوتابیانی ئەم قوتابخانە، داوایان لێکردوون وێڕای سەردانی شوێنی دەرس خوێندنی منداڵەکانیان پێیان ڕاگەیاندوون کە دەبێ لانیکەم ٥٠ هەزار تمەن یارمەتی نەخدی بە قوتابخانە بدەن.

ئەم هەوڵەی ڕێژیم و بەرپرسانی قوتابخانەکان کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە چەندین شاری دیکەی کوردستانی رۆژهەلات بیندراوە بەردەوام بووەتە هۆی زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر بنەماڵەی قوتابییان و ناڕەزایەتی ئەم بنەماڵانەی لێکەوتۆتەوە.

بەپێی هەندێک زانیاری لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێک لەم قوتابییانە بەهۆی دەسکورتی و داواکاری پەیتاپەیتای بەرپرسانی قوتابخانەکان بۆ وەرگرتنی پارە، ناچار بوون واز لە خوێندن بهێنن.

ئەم داواکارییانە لە کاتێکدا ئاڕاستەی بنەماڵەی قوتابییان دەکرێت کە بەپێی بەندی دووهەمی ئەسڵی سێهەم لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی دەوڵەت ئەرکدارە تێکڕای ئیمکاناتی پەروەردە و بارهێنان بۆ هەموو ئاست و قۆناغەکانی خوێندن دابین بکات بەڵام لە کردەوەدا دەبینین کە ئەمەش تەنیا دروشمێکی ڕەنگاڵەیە.

پێویست بە ئاماژەیە کە حاڵەتی لەم چەشنە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە چەندین گوندی ڕوانسەر سەر بە پارێزگای کرماشانیش هاتبووە ئاراوە.