کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دا

15:20 - 20 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: ئالیستێر بێرت جێگری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقا لە وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا، ڕێژیمی ئێرانی بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەدا تاوانبار کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئالیستێر بێرت لە دانیشتنی مەجلیسی بریتانیا باسی لەوە کردووە: کە ڕێژیمی ئێران بە ناردنی چەکوچۆڵ بۆ وڵاتانی ناوچە، دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتانەدا دەکات و کردەوەی تێکدەرانە ئەنجام دەدات.

ناوبراو هۆشداری بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دا تا ڕەفتاری خۆیان بگۆڕن و کۆتایی بە شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکەدا بێنن. لەو دانیشتنەدا هەروەها باس لەوە کرا، کە هاویشتنی مووشەک بۆ ڕیاز پێتەختی عەرەبستانی سعوودی لە لایەن حووسییەکانی یەمەن بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران وەک دەستپێکی شەڕ لە ناوچەکەیە.

پاش هێرشی مووشەکیی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر ڕیاز، حکوومەتی سعوودییە، ڕێژیمی ئێران بە بەرپرسیاری یەکەم دەزانێت و ئەوەش لە کاتێک دایە که بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ڕاگەیەندراوەکانی خۆیاندا باسیان لەوە کردووە، کە هێرش بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی دیکە بەتایبەت دوبەی دەکەن.