کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

15:22 - 20 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: سەبارەت بە تێرۆری چالاکی ئەهوازی دانیشتووی هۆلەند، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

پاش ئەوەیکە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ئەحمەد نیسی، چالاکی ئەهوازی دانیشتووی وڵاتی هۆلەند لە شاری لاهە تێرۆر کرا، سکرتاریای کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و وێڕای مەحکووم کردنی ئەم کردەوە تێرۆریستییە داواکاری لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم کەیسە بوو.

دەقی ئەم ڕاگەیەندراوە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی سکرتاریەتی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ سەبارەت بە تێرۆری چالاکی ئەهوازی دانیشتووی هۆلەند


کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ وێڕای مەحکووم کردنی تێرۆری ئەحمەد نیسی، چالاکی ئەهوازی دانیشتووی هۆلەند، خوازیاری لێکۆڵینەوەی دەوڵەتی هۆلەند سەبارەت بەم کەیسەیە. ئەحمەد نیسی شەوی چوارشەممە ڕێکەوتی ٨ی نۆڤامبری ٢٠١٧ی زایینی لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە شاری لاهەی هۆلەند بە گووللەی کەسانێکی نەناسراو تێرۆر کرا. لەو ڕووەوە کە تاکوو ئێستا پۆلیس و لێپرسراوانی فەرمی دەوڵەتی هۆلەند سەبارەت بەم ڕووداوە هیچ لێدوانێکیان نەداوە، وردەکارییەکانی ئەم تێرۆرە بەناڕوونی ماوەتەوە؛ بۆیە بە سەرنجدان بە مێژوو و ڕابردووی کۆماری ئیسلامی ئێران لەمبارەوە کە هەر کاتێک بازنەی چالاکییەکانی بەرتەسک کراوەتەوە پەنای بردووەتە بەر کاری لەم چەشنە تاکوو باجی پێ وەربگرێت، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ وێڕای مەحکووم کردنی ئەم کردارە دژەمرۆڤانەیە خوازیاری لێکۆڵینەوەی بەپەلە سەبارەت بەم ڕووداوە و ڕاگەیاندنی ئاکامەکانی و ناساندنی بکەرانی تێرۆری ئەحمەد نیسییە و داوا لە دەوڵەت و بەرپرسانی هۆلەند دەکات بە زووترین کاتوردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە و ئەنجامدەرانی ئەم جینایەتە بۆ پێشگرتن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی لەم چەشنە بە بیروڕای گشتی بناسێنێت.

سکرتاریەتی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ