کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ گۆلی ورمێ لە لاپەڕەی مێژوودا

15:23 - 20 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: گۆلی ورمێ بەرەو وشکبوونی یەکجاری دەڕوات و بەرپرسانی رێژیمی ئێران جیا لە دروشم و وادە و بەڵێنی نێوبەتاڵ هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نادەن و ئەمەش نیگەرانیی خەڵکی ناوچەکانی دەوروبەری ئەو گۆلەی لێ کەوتووەتەوە.

گۆلی ورمێ گەورەترین گۆلی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاستە و دووەمین گۆلی سوێری جیھانە و لە نێوان دوو پارێزگای ورمێ و تەورێز ھەڵکەوتووە. ئێستا ئەم گۆله لە نێوان چاوەڕوانی هەنگاوێکی کردەیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و بارینی باران لە ئاسماندا بۆ زیندوو بوونەوەی ماوەتەوە.

لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی بەملاوە وشکەساڵی و کەم ئاوی کۆمەڵێک کێشەی لە ناوچەکانی پارێزگای ورمێ پێک هێنا کە بووە هۆی ئەوە کە باخ و دارستانەکان لە داوێنی چیاکان و ڕووبارەکان وشک بوون و هەروەها هەڵکەندنی بیر لەو ناوچەیە کێشەیەکی دیکەیە کە لە وشک بوونی ئەو گۆلە کاریگەر بووە.

لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی، بەپێی ئاماری ڕێکخراوی ئاوی شاری ورمێ، لە شار و دەورووبەری ئەو شارە ١٨هەزار و ٢٢٤ چاڵی ئاو بوونی هەبووە و ساڵانە زیاتر لە ٦١٤ میلیۆن میتری سێجا ئاو لەو چاڵانە بەکار چووە

لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی ئاماری چاڵاوەکانی شاری ورمێ و دەورووبەری ئەو شارە بەو شێوەیەی خوارەوە بووە: لە بەشی کشتوکاڵ١١٤٨٠ چاڵاوی نیوەقووڵ (یاسایی)، ٤١٤٥چاڵاوی نیوەقووڵ (نایاسایی)، ٨٢٦ چاڵاوی قووڵی یاسایی، له بەشی پیشەیی (صنعتی)٣٦٠ چاڵاوی نیوەقووڵی پیشەیی (یاسایی)، ٩٥ چاڵاوی قووڵی پیشەیی، هەروەها لە بەشی لوولەکێشیدا ٢٨٠ چاڵاوی نیوەقووڵی ئاوی خواردنەوەی گوندەکان، ٢٣٥ چاڵاوی قووڵی ئاوی خواردنەوەی شارەکان و ٢٦ چاڵاوی ئاوی خواردنەوەی بێهداشتی، بەرپرسانی ڕێژیم ئەو سێ بەشە وەک کێشەیەک لەسەر کەم بوونی ئاوی ئەو گۆلە سەیر دەکەن.

یەکێک لە کێشەکانی هەرە جیددیی گۆلی ورمێ لە سەردەمی هاتنە سەرکاری سەرکۆماری پێشوو مەحموود ئەحمەدی‌نێژاد دەستی پێکرد، کاتێک کە سپای پاسدارانی رێژیم بە تەواوەتی دەستی لە پرۆژە ئابوورییەکان ئاوەڵاتر بوو بە دروست کردنی پردێک لەسەر گۆلی ورمێ لە نێوان دوو پارێزگای ورمێ و تەورێز وشک بوونی ئەو گۆلەی هەرچی زیاتر بەرەو پێش برد چوونکە بێ بەرنامەبوونی هەمیشەیی پرۆژەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و سیستماتیک کار کردن لەسەر ناوچە کوردنشینەکان لە کوردستانی ئێران گرینگترین هۆکاری وشک بوونی ئەو گۆلە بوو؛ چوونکە بە شێوازێکی سەدەناوەڕاستی دەستیان بە دروست‌ کردنی ئەو پردە کرد ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە ڕەوان بوونی ئاوی (جریان آب) ئەو گۆلە ڕابوەستێت.

لە ئەگەری وشک‌بوونی گۆلی ورمێ بە پانتایی ٣٠٠ هەزار هێکتار بیاوان و دەشتایی لە دەورووبەری ئەو گۆلە دروست دەبێت کە گەردیلە خوێ‌ییەکان ژیانی دانیشتووانی ئەو ناوچە دەخەنە مەترسییەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕێژیمی ئێران بۆ قەرەبوو کردنەوەی بیاوانەکان لە دەوروبەری گۆلی ورمێ، هیچ بوودجەیەکی تەرخان نەکردووە و ئەمەش بەرینتر بوونەوەی وشکارۆکانی دەوروبەری گۆلی ورمێی لێ دەکەوێتەوە.

هەنووکە بەشی هەرە زۆری گۆلی ورمێ وشک بووە و ئەگەر پێش لە پەرەگرتنی ئەو قەیرانە نەگیرێت، قەیرانێکی ژینگەیی لەو ناوچەیە ڕوو دەدات کە لانیکەم ٥ میلیۆن کەس ڕاستەوخۆ دەکەونە ژێر کاریگەری نەرێنی ئەو قەیرانە.

جوغرافیاناسێک سەبارەت بەو پرسە ڕایگەیاندووە: که باشترین چارەسەر چاندنی دار و گیا و گوڵی خۆڕاگر لە بەرانبەر سوێری و گۆڕینی گۆلی ورمێ بە پارکێکی سروشتییە، بەڵام ئەوەش چەندین ساڵ دەخایەنێت چوونکە جێبەجێ کردنی چەند میلیارد تۆن خوێ، بۆ خۆی زیان بە سروشت دەگەیێنێت.

ئەو جوغرافیا‌ناسە لە درێژەدا ئاماژەی بەوە داوە، که بە وشک بوونی ئەو گۆلە، کەشوهەوای فێنکی ئەو ناوچەیە بۆ کەشوهەوای گەرم گۆڕدراوە. گەردیلەی خۆێ هەموو زەوی کشتوکاڵییەکان لەناو دەبات ئەو زیانە کشتوکاڵییە قەرەبوو ناکرێتەوە و بە هۆی تۆفانی خوێ نزیک بە ١٤ میلیۆن کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە و دەوروبەری دەبێ شوێنی ژیانی خۆیان بەجێ بهێڵن.

ڕاپۆرتەکان باس لە چۆڵ بوونی ٥٠ گوندی نزیک ئەو گۆلە هەتاکوو ئێستا دەکەن، کانیاوی ١٩ گوند سوێر بووە و چیتر بۆ خواردنەوە نابێ و جگە لەوەش ٢٠٤ هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵ بە زووترین کات بە هۆی سوێربوونی خاکەکانیان بێ‌سوود دەمێنێتەوە.

ئەرگەرچی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە هەر کامەیان هۆشداری دەدن، کە وشکبوونی گۆلی ورمێ کارەسات دەخولقێنێت، بەڵام تەنیا ئەمە شانۆکاریی سیاسییە و کردەوەیەک ئەنجام نادرێت. هەروەها گۆلی ورمێ لە نێو وادەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ چارەسەکردنی کێشەی بێ‌ئاویدا ماوەتەوە و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە لە سەرووی هەموویانەوە حەسەن ڕۆحانی ئەگەرچی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا وادەی ئەوە دەدا گۆلی ورمێ زیندوو بکاتەوه، بەڵام قسەی ناوبراویش وەک هەموو قسەی بەرپرسانی ڕێژیم لە بارەی دۆخی ئەو گۆلەدا بێ‌ئەنجام ماوەتەوە و تەنیا خەڵک شایەتی مردنی و بە مێژوو پەیوەست بوونی ئەو گۆلەن.

وشکەساڵی، کەم‌ئاویی ئەو ڕووبارانەی کە ئاوەکانیان بۆ گۆلی ورمێ دەگەڕێتەوە، کشتوکاڵ، هەڵکەوتەی جوغرافیایی ئێران، بێ‌بەرنامە بوونی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بەو گۆلە، نەپاراستن و کارێگەرییە نەرێنییەکان لەسەر ئەو گۆلە، بارینی کەمی بەفر و باران لەو پارێزگایە، سیاسەتی سیستماتیکی رێژیم لە ناوچە کوردنشینەکان و هتد، سەرەکیترین هۆکارەکانی خولقانی دۆخی ئێستای گۆلی ورمێن.