کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ئێران بۆ سەر عەرەبستان

15:24 - 20 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: کۆماری ئیسلامیی ئێران بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر عەرەبستانی سعوودی و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەدا.

ڕیاز وەک ڕێبەر و برا گەورە مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامیی سونی مەزهەب دەکات و هەوڵ دەدات تا ئەوان وەک هاوپەیمان بە دەوری یەک کۆ بکاتەوە، بەو بۆنەوە هاوپەیمانیی عەرەبی ڕێکەوتی ٢٢ی مارسی ١٩٤٥ی زایینی بە ٦ ئەندامی سەرەکی واتە عەرەبستان، میسر، عێراق، سووریە، لوبنان و ئوردون پێکهات و یەمەنیش لە ڕێکەوتی ٥ی مەی ١٩٤٥ بە ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە وەرگیرا.

ئەم هاوپەیمانەتییە ٢٢ ئەندامی ئەسڵی و ٤ ئەندامی چاوەدێر وەخۆ دەگرێت، کە لە ٢٢ وڵاتی عەرەب زمان، ١٢ وڵاتی ئاسیایی و١٠ وڵاتی ئافریقایی پێک دێت، ئەندامەتی سووریە لە نەوامبری ٢٠١١ـەوە پاش شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتە هەڵپەسێردراوە.

ساڵی ١٥٠١ی زایینی بۆ یەکەمجار لە شاری تەورێز مەزهەبی شێعە کرا بە مەزهەبی فەرمی دەسەڵات و بە زەبری هێزی نیزامیی ئەو مەزهەبە بەسەر خەڵکدا سەپێندرا، لە قۆناغەکانی دواتر شەڕەکانی نێوان ئێمپراتوریەتی سەفەوی و عوسمانییەکان ڕەنگی مەزهەبی بە خۆ گرت و شەڕی شێعە و سونی سەری هەڵدا.

پاش تێکچوونی ئێمپراتوورەکان و بەتایبەت پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و دابەش کرانی ئێمپراتووری عوسمانی، ئێران چەندین جار هەوڵی داوە بۆ سەپاندنی ئیدئۆلۆژی خۆی بەسەر وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست لەو بۆشاییە کەڵک وەرگرێت، بۆیە هاوپەیمانییەتی عەرەبی بە مەبەستی پاراستن و بەرگری لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەو ٢٢ وڵاتە پێکهات.

لەم قۆناغەدا و بەتایبەت بە هاتنە سەر کاری دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهـ کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە فەرمی ناسینی مەزهەبی شێعە لەو وڵاتە و بڕیاری هەناردە کردنی مەزهەب و شۆڕشی مەزهەبی بۆ دەرەوەی سنوورەکان بە جیددی و ئاشکرا وڵاتانی عەرەبی هەستیان بە مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر خۆیان کردووە.

لەم ساڵانەدا و بەتایبەت پاش سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی، بە ئاڵۆز بوونی وڵاتانی عەرەبی و ناسەقامگیر بوونی حکوومەتەکان، ئێران هەلێکی زێڕینی دەست کەوت بۆ پەرەدان بە بیرۆکەکانی و یارمەتی گەیاندن بە هاوپەیمانەکانی خۆی بە مەبەستی بەدەسەڵات گەیاندن یا بەرگری و پێشگیریی لە ڕۆخانی هاوفیکر و هاوپەیمانەکانی لەو وڵاتانە.

پاش کوودەتای حووسییەکانی یەمەن و لەسەر کار لادانی عبد ربە منصور هادی سەرکۆماری ئەو وڵاتە و دەستگرتن بەسەر حکوومەتی ئەو وڵاتە لە لایەن حووسییەکانەوە، ئێران هەست بە وزە و هێزێکی زیاتر دەکات و لە ڕێگای یارمەتییەکانی بۆ ئەو گرووپە و هەروەها حیزبوڵڵای لوبنان و..... بەردەوام هێرش دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی عەرەبستانی سعوودی یان ڕاستەوخۆ ئەو وڵاتە دەکەنە ئامانجی مووشەکگەڵێک کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پێیان دراوە.

سەرەتای ئەم حەوتوویە، شەوی شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، دەنگی تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی مەلک خالید، بەر گوێ کەوت.

بەرپرسانی ڕیاز ڕایانگەیاند، مووشەکێکیان بینیوەتەوە و لەنێویان بردووە و پاش لێکۆڵینەوە ئاشکرا بووە کە ئەو مووشەکە لە جۆری بالستیکییە و لە لایەن حووسییەکانی یەمەنەوە بەرەو ڕیاز هاوێژراوە، چاوەدێرانی سیاسی هۆکاری ئەو هێرشە لە لایەن حووسییەکان بۆ دەست لەکار کێشانەوەی سەعد حەریری سەرۆکوەزیرانی لوبنان کە لە ڕیاز بەسەر دەبات و بڵاو کردنەوەی قسەکانی لە کاناڵی العربیە دەزانن.

عەرەبستانی سعوودی، هاوپەیمانی عەرەبی و ئامریکا حکوومەتی ئێرانیان وەکوو تاوانباری سەرەکی لە پڕچەک کردن و دنەدانی حووسییەکان لەو هێرشە ناساندووە و لەو بارەیەوە هاوپەیمانی عەرەبی کە لە لایەن عەرەبستانی سعوودی ڕێبەری دەکرێت رایگەیاندووە: کردەوەی ئێران ڕاگەیاندنی شەڕ بە دژی عەرەبستانە و هاوپەیمانی عەرەبی وڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە بە مافی ڕەوای خۆیان دەزانێت.

ئەگەرچی لە یەکەم ڕۆژەکاندا بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی، هەر جۆرە پێوەندی وڵاتەکەی بەو هێرشەوە ڕەت کردووە، بەڵام حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەی ئەندامانی حکوومەتدا بەبێ ئەوەی ئاماژەیەک بە مووشەکی هاوێژراوی حووسیەکانی یەمەن بەرەو ڕیاز و لێدوانەکانی عەرەبستان بکات، وتی: ئێوە هێز و پێگەی کۆماری ئیسلامیی باش دەناسن و گەورەتر و بەهێزتر لە ئێوەش نەیتوانی دژ بە خەڵکی ئێران کارێک بکات. ئامریکا و هاوپەیمانەکانی هەموو هێز و کەرەستەی خۆیان بەکار هێنا، بەڵام نەیانتوانی کارێک بکەن.

هەروەها ڕۆحانی عەرەبستانی بە دژایەتی خەڵکی عێراق و سووریە و بەهێز کردنی داعش و دەستێوەردان لە لوبنان تۆمەتبار کرد و وتی: لە مێژوودا نموونەیەک بەرچاو نەکەوتووە کە وڵاتێک بۆ دەستێوەردان لە وڵاتێکی دیکە بەرپرسی ئەو وڵاتە ناچار بە دەست لەکار کشانەوە بکات، ئەمە لە مێژووی ناوچە نموونەی نەبووە، بەم ڕێگایەی کە گرتووتانە بەر، دەتانەوێ بە کوێ بگەن؟

ئەم قسانەی ڕۆحانی لە حاڵێک دایە کە سەعد حەریری لە کاتی ڕاگەیاندنی دەست لەکار کشانەوەکەی هۆکاری سەرەکی ئەو کارەی بۆ دەستێوەردانەکانی ئێران و ناسەقامگیر کردنی وڵاتەکەی باس کردبوو.

حکوومەتی وەلی فەقیهـیی تاران کە خۆی وەکوو جەمسەر و ڕێبەری هەموو شێعەکانی جیهان پێناسە دەکات، چ لە ڕووی مەزهەبی و چ لە ڕووی سیاسەت و مێژووییەوە، بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ عەرەبستان یەک ناگرێنەوە و هەوڵەکانی ئێران بۆ پەرەپێدان بە دەسەڵاتی شێعە و هێنانە سەر کاری شێعەکان لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تا دێت ئاڵۆزییەکان زیاتر دەبێت و هەڕەشە و لێدوانەکان ئاماژە بە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ و خوێناوی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە دەدەن.

دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچە و یارمەتیدان و دنەدانی توندئاژۆکان نەک تەنیا ناوچەی رۆژهەڵات بەڵکوو مەترسی بۆ سەر هەموو جیهانن.

چاوەدێریی هەوڵ و بەرژەوەندییەکانی ئێران و بەریەککەوتنیان لەگەڵ بەرژەوەندی هاوپەیمانی عەرەبی، هەڕەشەکانی ئێران زۆر جیددیتر هەست پێ دەکرێن و کۆتایی ئەو مەترسییە تەنیا بە شکست هێنان بە سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەدا مسۆگەر دەبێت.