کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران بە هاوکاری ئەلقاعیدە موشەکی بۆ یەمەن ناردووە

15:26 - 20 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: سپای پاسدارانی ڕێژیم بە هاوکاری ڕێکخراوی شیلات و هێزی دەریایی ئەرتەش و ئەلقاعیدە حوسییەکانی یەمەن پڕچەک دەکات.

کیهان لندن لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی دەریای عەمان و خاکی ئەم وڵاتە، بەهاوکاری ڕێکخراوی شیلات و هێزی دەریایی ئەرتەش و ڕێکخراوی تێرۆریستی ئەلقاعیدە چەک و تەقەمەنی و یەک لەوان مووشەکی بالستیکی ڕادەستی حوسییەکان کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لەم مەئموریەتە نهێنییە هاوبەشەدا، سپای پاسداران لەڕێگەی هەندێک بەندەر و ئێسکلەی لەپەراوێزکەوتوو لە کەنارئاوەکانی دەریای عەمان و کەنداوی عەدەن و بەکەڵک وەرگرتن لە بەلەمی ماسیگری چەک‌وچۆڵەکان دەگوازێتەوە و پاش داگرتنیان لە خاکی عەمان، لەڕێگەی ئەلقاعیدەوە ڕەوانەی وڵاتی یەمەن دەکرێت.

ئەم مەئموریەتە لەژێرناوی پاراستن و نۆژەن‌کردنەوە سەرچاوەکانی ئاو جێبەجێ دەکرێت کە تێیدا یێگانێکی پاراستن سەر بە دەزگای شیلاتی ڕێژیم و بەشێک لە هێزی دەریای ئەرتەش و هێزی دەریایی سپا بەلەمەکانی هەڵگری چەک بۆ حوسییەکانی دەپارێزن کە خۆیان وەک بەلەمی ماسیگری دەناسێنن.

هاوکات نوسینگەی ڕاوی ماسی سەر بە دەزگای شیلات لە بڕیارێکدا ئیزنی بە هەموو ڕاوچییەکان داوە کە تاکوو مەودای ١٠ مایلی دەتوانن لەم دەریایەدا ڕاو بکەن کە بەپێی ئەم یاسایە بەلەمەکانی هەڵگری چەک‌وچۆڵی سپا زۆر بەئاسانی و بێئەوەیکە ڕادار بیانگرێتەوە لەژێرناوی ڕاوچی دەتوانن مەئموریەتەکانیان جێبەجێ بکەن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم پیلانە کە بە یەکێک لە ستراتێژییە سەربازی و ئابوورییەکانی ڕێژیم ناوی دەرکردووە بەبڕیاری عەلی خامنەیی و پاش ڕاوێژ لەگەڵ هێزە ڕووسییەکان دەستی پێکردوووە و تا ئێستاش بەردەوامە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حووسییەکانی یەمەن لەڕێگەی مووشەکی بالستیکی درووستکراوی دەستی کۆماری ئیسلامی فڕۆکەخانەی نێونەتەویی ڕیازیان کردە ئامانج؛ هەروەها لە دوایین بەلگە بڵاوکراوەکان لە پێوەندی لەگەل پرسی تێرۆریزم پێوەندی نهێنی نێوان تاران و ئەلقاعیدە ئاشکرا کراوە.