کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایان؛ سەربەخۆیی زانکۆیان دەوێت

15:34 - 20 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: سەندیکای مامۆستایانی زانکۆکانی ئێران، لە نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ وەزیری زانست، داوای سەربەخۆیی زانکۆکانی ئێرانیان کردووە.

مەنسوور غوڵامی که له کابینەی حەسەن ڕۆحانی وەکوو وەزیری زانست دیاری کراوە، له بەرنامەکانی خۆیدا باسی لە درێژەدان به پرۆسەی ئیسلامیی کردنی زانکۆکانی ئێران کردووە.

لە نامەی مامۆستایانی زانکۆکاندا هاتووە، کە ناوەنده بڕیاردەرەکان و دامەزراوە هاوتەریبەکان وەکوو شۆرای باڵای شۆڕشی کولتووری و بە ئیسلامیی کردنی زانکۆکان و زۆر دامەزراوەی دیکە نە تەنیا ئاستی زانکۆکانیان بەرز نەکردووە، بەڵکوو پێکهاتەی زانکۆکانی ئێرانیان بەرەو داڕمان بردووە.

سەندیکای مامۆستایانی زانکۆکانی ئێران، داوایان لە وەزیری زانست کردووە، کە زانکۆکان سەربەخۆ بن، بەو واتایە کە بەڕێوەبەری ئیداری سەربەخۆیان لە هەموو بەشەکانی ئابووری، وەرگرتن، تەشکیلات و بەرنامەداڕشتندا هەبێت.

هەر لەو نامەیەدا بە وەزیری زانستیان وتووە، که پاڵپشتی کردن لە خۆێندکاران و گەشەی ئەوان لە بەشەکانی سەندیکایی، زانست، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری، ئاستی زانستیی زانکۆکان لە ئێراندا بەرز دەکاتەوە و دەبێ گرنگی پێ بدرێت.

هەروەها لە نامەکەدا ئاماژە به دروست کردنی دەرفەتی کاری بۆ خوێندکارەکان کراوە.

ڕێژیمی ئێران زانکۆکانی کردووە به بنکەیەک بۆ پڕۆپاگاندە و وەکوو دامەزراوەیەکی سەر بە حکوومەت لەگەڵ زانکۆ هەڵسووکەوت دەکات.