کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ئامریکا بەردەوام دژی سپای پاسداران لێدوان دەدەن

15:01 - 21 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: جەیمز وڵسی بەڕێوەبەری پێشووی ڕێکخراوی (CIA) باسی لەوە کرد: دەبێت هەڵوێستی توند بەرانبەر سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بگیرێت و ئەو ڕێکخراوەی ڕێژیمی ئێرانی وەک سەرچاوەیەکی تێرۆر لە قەڵەم دا.

ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆست چاپی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە جەیمز وڵسی، بەڕێوەبەری پێشووی ڕێکخراوی (CIA) باسی لەوە کردووە، ئامریکا بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەی ناوکیی و تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران دەبێت بە فەرمی بنکەکانی سپای پاسداران و دامەزراوەکانی ناوکیی ئەو وڵاتە لەناو ببات و جەختی کردووەتەوە کە سپا سەرچاوەی تێرۆریزمە و بە جێگای قسە کردن دەبێت کردەوەی گونجاویان هەبێت.

وڵسی کە لە ماوەی ساڵەکانی ١٩٩٣ تا ١٩٩٥ لە سەردەمی سەرۆکایەتی بیل کلینتۆندا بەڕێوەبەری ڕێکخراوی (CIA) بووه.

لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی ئامریکا بەردەوام باسیان لەوە کردووە، کە دەبێ به توندی دژی کردەوە تێکدەرانەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بوەستنەوە و گوشاری زیاتر بخەنە سەر ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە.