کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا هاوکاریی پێشمەرگە دەکات

15:33 - 21 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: كۆنگرێسی ئامریکا مه‌رجی یه‌كپارچه‌یی عێراقی بۆ هاوكاری كردنی پێشمه‌رگه‌ لابرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئامریکا بە مەبەستی هاوكاری كردنی سه‌ربازیی بە هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان‌‌ مه‌رجی یه‌كپارچه‌یی عێراقی هه‌ڵگرت، کە ئەمە هەنگاوێکی گرینگه بۆ ستراتیژی داهاتووی کوردستان.

بەپێی ئەو بڕیارەی ئامریکا له‌ پڕۆژه ‌یاسای بوودجه‌ی ساڵی ٢٠١٨دا، كۆنگرێسی ئامریكا بڕی ٣٦٥ میلیۆن دولاری بۆ هاوكاری كردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ دیاری كردووه‌ و ئه‌و مه‌رجه‌ی کە ساڵانی پێشووش بۆ هاوكارییه‌كه‌ دانرابوو لە‌ پڕۆژه‌ی ئه‌مساڵدا لابراوه‌ و به‌بێ مه‌رجی ئه‌وه‌ی كورد له‌ به‌غداد به‌شدار بێت یان نەبێت، هاوكارییه‌كه‌یان دیاری كردووه‌.

میدیاکانی جیهان بە گرینگی دەڕواننە ئەو بڕیارەی کۆنگرێسی ئامریکا و پێشتریش چه‌ندین كۆنگرێسمەنی ئا‌مریكایی به‌ ئاشكرا هه‌ڵویستی خۆیان له‌سه‌ر هێرش و په‌لاماره‌كانی میلیشیا شێعه‌كان بۆ سه‌ر كوردستان ده‌ربڕیبوو و جگه‌ له‌ سه‌ركۆنه ‌كردنی ئه‌و ھێرشانه‌، به‌شێكیان پاڵپشتی خۆیانیش بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ڕاگه‌یاندبوو.