کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابڵۆقەکان بۆ سەر ئێران چڕتر دەبنەوە

15:37 - 21 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: دوای گرووپی تایبەتی کاروبارە داراییەکان ئەمجار بانکە گەورەکانی جیهان گوشاریان خستووەتە سەر ڕێژیمی ئێران.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، بەهمەن عەبدوڵڵاهی ئەندامی شۆرای دراو و ئیعتبار وتی: بانکە گەورەکانی جیهان لە هاوکاری کردن لەگەڵ ئێران خۆ دەبوێرن و بە هۆی ناڕوون بوونی بواری ماڵی هەلومەرجی پەیوەندی لەگەڵ بانکە پلە یەکەمەکانی جیهانمان بۆ نەڕخساوە.

ناوبراو وتی: ئێستا پەیوەندییەکی بەرتەسکی بانکیمان هەیە، بەڵام ئەو هاوکارییە وڵامدەری داواکارییەکانی ئێمە نین و لەوانەیە هاوکاری نەکردنی ئەوان بە هۆی سوورەتە ماڵییەکانی ئێمە بێت.

پێشتر گرووپی تایبەتی کاروبارە داراییەکان لە ئاگادارییەکی تایبەت بە جێبەجێ نەکردنی پێبەندییەکان، هۆشداری دایە ئێران و ڕایگەیاند کە هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ دەبێ ئێران هەموو پێبەندییەکانی لە پەیوندی لەگەڵ سپی کردنەوەی دراو و پشتیوانیی ماڵی لە تێرۆریزم جێبەجێ بکات.

ناڕوونی بواری ماڵی و ئابووریی ڕێژیمی ئێران بە هۆی زاڵ بوونی سپای پاسداران بە سەر بواری ئابووریی ئێران، پشتیوانیی بەردەوامی ئەو ڕێژیمە لە تێرۆریزم و ئیفلیج بوونی کەرتی ئابووری و هەوڵەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ سنووردار کردنی کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران وای کردووە کە ناوەندە ماڵی و ئابوورییەکانی جیهان پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەل ڕێژیمی ئێران سنووردار بکەن یا خود کۆتایی پێ بێنن،
دەرئەنجامی ئەو کار و گوشارانە خەڵکی سڤیلی ئێران تووشی بێدەرەتانی دەکات و هەر رۆژ ژیان لە ئێڕان ناخۆشتر دەبێت.