کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیه، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سووریه دەر دەکات

14:49 - 22 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: لە ڕێککەوتنی نێوان سێ وڵاتی ڕووسیه، ئامریکا و ئوردۆن، وڵاتی ڕووسیه ئەرکدار کراوە کە هێزی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران له سووریە دەر بکات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان دوای دانیشتنی سێ وڵاتی ڕووسیه، ئامریکا و ئوردۆن، وڵاتی ڕووسیه ئەرکدار کراوە کە هێزی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران له باشووری سووریە دەر بکات و ڕێژیمی ئێرانیش دژی ئەو ڕێککەوتنە هەوڵەکانی خۆی خستووەتە گەڕ.

دوای لێدوانەکانی ترامپ و پووتین، لە پەراوێزی کۆنفڕانسی ئاسیا ـ پاسیفیک لە ویتنام دیداریان کرد و لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش دژی تێرۆریزم ڕێککەوتنیان ئەنجام دا. ئەوەش لە کاتێک دایە کە عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە دیدار لەگەڵ پووتین لە تاران باسی لەوە کردبوو کە هاوکاری کردنی تاران و مۆسکۆ دەتوانێت واشنتۆن لە پەراوێز بخات.

بەرپرسێکی باڵای ئامریکایی لەو بارەیەوە ئاشکرای کردووە، کە بوونی هێزە بیانییەکان لە باشووری سووریە ئاگربەسی تووشی شکست کردووە، بەڵام بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ڕووسیه پێبەند کراوە هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سنووری ئوردۆن و بەرزاییەکانی گوڵان دەر بکات.

لە لایەکی دیکەوە میدیاکانی سەر بە ڕووسیە بڵاویان کردووەتەوە، کە ئەو وڵاتە هێزەکانی خۆی لە سووریە دەکشێنێتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەیکە دەستی ڕێژیمی ئێران بۆ دەستێوەردان لە سووریه ئازادتر بێت، چونکە ڕێژیمی ئێران هیچ پلانێکی بۆ چوونەدەر لە سووریە نییە و ١٥ تا ١٨ هەزار هێزی ئەفغانی سەر بە ئێران لە سووریە بە شێوەی بەکرێگیراو شەڕ دەکەن، کە گەڕانەوەی ئەو هێزە بۆ ئێران کێشەی ئەمنییەتی هەیە.

هەروەها هەندێک لەو هێزانەی سەر بە ڕێژیمی ئێران پلانی ئەوەیان هەیە بەیتولموقەدس داگیر بکەن و ئیسرائیل لەناو ببەن. ئەوەش مەترسییەکە بۆ داهاتووی سووریە و دڕیژەکێشانی شەڕ لەو وڵاتە و هەروەها بوونی سووریە بە عێراقێکی دیکە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێراندا.