کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بۆچی لە دابەشبوونی عێراق و سووریە دەترسێت؟

21:18 - 22 خەزەڵوەر 2717

شەریف فەلاح

پێشەکی:


سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە هەڵگری ئیدئۆلۆژیای مەزهەبی و لەسەر بنەمای وەلایەتی فەقیهـ دامەزراوە، یەک لەو ڕێژیمە مەزهەبی و دژە ئازادییانەیە کە لە پێناو مانەوەی خۆیدا و درێژەدان بە تەمەنی، دەست بۆ هەموو ڕێکار، میتۆد و کردەوەیەکی نائاسایی و ناڕەوا دەبات. ئەم حکوومەتە لێوانلێو سەربازی و مەزهەبییە، بۆ گەیشتن بە خەون و ستراتیژییە خەیاڵاوییەکانی تەنانەت پاشەکەشە لە هەموو ئەو دروشم و بانگەشە ئیدۆلۆژیانەش دەکات کە نزیکەی چوار دەیەیە، هەوڵیان بۆ دەدات.

ڕێژیمی ئێران، ئەو سیستمەیە کە لەگەڵ بەتاڵان بردنی دەسکەوتی شۆڕشی گەلانی ئێران و گرتنەدەستی دەسەڵات، هەموو جومگە سیاسی، ئابووری، فەرهەنگییەکانی وڵاتی لە بن هەڵتەکاند و سەرجەم نەتەوە و گەلانی ئێرانی لە پەراوێزی خستووە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە شۆڕشێکی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی دەیان ساڵەی تووشی شەڕی وێرانکاری کرد و بە داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانی (فتوای جیهادی خومەینی) بە دژی نەتەوەی کورد، سیمای ڕاستەقینەی خۆی دەرخست و هەر لەوێیەوە هەنگاوەکانی خۆی بە دژی هەر دەنگێکی ئازادیخوازی هەڵگرت.

ئەم سیستەمە کە هەر بە شەڕ و وێرانکاری، داگیر کردن و پەلهاویشتن بۆ دەوروبەر دەستی پێکردبوو، لە ناوخۆی دەستی بە کپی کردنی دەنگی ئازادیخوازان و بیر و دەنگە جیاواز و ناڕازییەکان کرد، دەرگای زانکۆ و ناوەندە زانستییەکانی گاڵە دا. بەمانەشەوە نەوەستا و پەلاماری وڵاتی عێراقی دا و شەڕێکی ماڵوێرانکەری هەشت ساڵەی دەست پێکرد کە زیان و خەسارێکی گیانی و فەرهەنگی و ئابووریی بە هەردوو وڵات گەیاند.

ئەم نیزامە کە هەشت ساڵ لەگەڵ عێراق شەڕی مان و نەمانی کرد و دروشمی لە نێوبردنی عێراقی هەڵگرتبوو، سیستمێک کە ئیدئۆلۆژیای مەزهەبیی (ڕزگارکردنی قودس لەڕێگەی کەربەڵا)وە داڕشت، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پاش ڕووخانی حکوومەتی بەعس لە عێراق و جێهێشتنی عێراق لە لایەن ئامریکاوە، ئیدی ئێران مەیدانی بۆ چۆڵ کرا و جڵەوی سیاسەتی عێراقی گرتە دەست و لێرەوە دەستی کرد بە چالاکی بۆ بەدەیهێنانی خەونی لەمێژینەی تاکتیکی هەناردەکردنی شۆڕش و گەیشتن بە ستراتیژیی هیلالی شێعە.

پیلانی ئێران لە سێگۆشەی عێراق، سووریە و غەزە:

وڵاتە ناسەقامگیرەکان و ئەو سیستەمانەی کە باوەڕیان بە پشتیوانیی خەڵک نییە و بۆ جێگیرکردنی هەیمەنە و دەسەڵاتی خۆیان و مسۆگەرکردنی پەنا نابەنە بەر دەنگ و متمانەی جەماوەر و ڕێکارە دێمۆکراتیکەکان، بەردەوام جیا لە جێگیر کردنی دەسەڵاتێکی سەربازیی تۆقێنەر و سەرکوتکەر، لە دەرەوەی خۆشیان هەوڵی سازکردنی پشتێنەی ئەمنیش دەدەن و لە ڕێگەی قەیران سازکردن لە وڵاتانی دەوروبەر، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەستەوداوێنی دەرفەتە مەزهەبی و ئایینییەکان دەبن.

هەروەک وتمان ئێران لەگەڵ گەیشتنی بە دەسەڵات، بە شەڕ و ئاژاوە و گێرەشێوینی لە ناوچەوە دەستی پێکرد، لە لایەک شەڕ لەگەڵ عێراق (چونکە دەسەڵاتی بەعس سوننە) بوو، هاوکات جەنگێکی میدیایی و ڕەوانی بە دژی ئیسرائیل دەست پێکرد و بە وڵاتێکی داگیرکەر و ناوڕەوای لە قەڵەم دا. پەلێکی دیکەشی هاویشتە سووریە و بە دۆستی ستراتیژیی ناوچەیی خۆی لە قەڵەمی دا و هاوپەیمانیی لەگەڵ شێعەی کەمینە، بەڵام دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە بەست. ئامانجی ئێران لەم هەموو قەیران و دەستێوەردانانە لەم سێگۆشەیە چی بوو؟

یەکەم: لە عێراق وێڕای شەڕ لەگەڵ بەعس، لە ژێرەوە پەیوەندییەکی نهێنی، سیخوڕی و مەزهەبیی لەگەڵ شێعە دژبەرکانی سەدام دەست پێکرد و زۆرێک لە ڕێبەرانی مەزهەبی و بە سەدان کەسی توندڕەوی ئیسلامیی شێعەی بردە قوم و مەشهەد و لە ناوەندە دینییەکان باری هێنان و بەپێی ڕوانگە و ئایدیای کۆماری ئیسلامیی پەروەردەی کردن، کە نووری مالیکی، هادی عامێری، ئەبوو مەهدی موهەندیس و دەیان سەرکردەی ئایینی و سەربازیی ئێستای میلیشیاکانی حەشدی شەعبی پەروەردەی فیکری تارانی ویلایەتی فەقیهی و ئاخوندەکانی ئێرانن.

دووەم: ئێران لە ماوەی نزیکەی چوار دەیەی ڕابردوودا لە ناوچەکە و بەتایبەت یەمەن، عێراق، سعوودیە، سووریە، لوبنان و فەلەستین، بە وردی لە بۆسەدا بووە و لە نێو کۆمەڵگەی پەراوێزی ئەو ناوچانە لە هەر کوێیەک هەستی بە بۆشایی کردبێت، خێرا خۆی تێ خزاندووە و خۆی بە لایەنگر و پاڵپشتی مرۆییان! لە قەڵەم داوە و بۆ ئەم سیاسەت و ئامانجە ساڵانە بە میلیۆنان دولاری ئێران لەو ناوچانە خەرج دەکرێن، کەچی خەڵکی ئێران لەوپەڕی بێدەرەتانی و هەژاریدا دەژین.

سێیەم: ئێران لە باشووری لوبنان و ناوچەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین، بە بیانووی پشتگیری لە شۆڕشی ستەملێکراو و هەژار و لێقەوماوان، هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە دەستی دایە چالاکی و بە بەهێزکردنی بزووتنەوە ئایینی و ناڕازییەکان پێگە و جومگە ئیدئۆلۆژییەکانی خۆی داکوتا.

ئەنجامی ئەم نفووز کردنەی ئێران لەو دوو ناوچە، سەرهەڵدان و دروستبوونی (جەهادی ئیسلامی) لە فەلەستین و (حیزبوڵڵای لوبنان)ە کە سەرلەبەری ئایدیا، فیکر کردنەوە، جۆری خەبات و تەنانەت جلوبەرگ و هەڵسووکەوتی سیاسی و مەزهەبییان هاوشێوە و کۆپی سپای پاسدارانی ئێران و ناوەندە دینییەکانی ئێرانە.

حیزبوڵڵای لوبنان، هەموو بوودجەی ساڵانە و چەکوچۆڵ و کەلوپەلی سەربازییان لە لایەن ئێرانەوە دابین کراوە و بە دەیان خول و دەورەی سەربازی و ڕاهێنانی توندوتیژی و تیرۆریان بینیوە، کە بەرهەمی ئەو چالاکیانە بۆ ئێران شەڕی دەیان ساڵەی خوێناوییە لەگەڵ ئیسرائیل، تەقینەوە لە کانادا، تەقاندنەوەی ناوەندەی جوولەکەکان و کردنەوە ئامانجی چەندین بنکەی سەربازی و دیپلۆماسیی ئامریکا لە ناوچەکەیە، هەروەها بەشدارییان لە تێرۆری دوو ڕێبەر و سکرتێری حدکا (دوکتور قاسملوو و سادق شەرەفکەندی) لە دەرەوەی وڵات کە لە دادگاییەکاندا بەڵگەکان دەرکەوتن.

ڕۆڵی ئێران لە ناوچە پاش ساڵی ٢٠١١:
لە ساڵی ٢٠٠٣وە و پاش نەمانی رێژیمی بەعس کە ئێران دەرگای نفووزی بۆ کایەی سیاسی، سەربازی و ئیدئۆلۆژی لە ناوچەکە بەگشتی و بەتایبەت لە عێراق بۆ کرایەوە، مۆرە و پەروەردە کراوانی ساڵانی هەشتا و نەوەدەکانی ناردەوە عێراق و هان و دنەیانی دا کە جومگە گرنگەکانی دەسەڵاتی سیاسی و مەزهەبی و سەربازی بگرنە دەست. لە ماوەی هەشت ساڵدا کە ئامریکا لە ناوچەکە بەگشتی و بەتایبەتی لە عێراق حزووری بەرچاوی هەبوو، ئێران بە سینگەخشکێ و بە نهێنی و سیخوڕییانە و زۆر جاریش بە سیاسەتی دیپلۆماسیی چەواشە لە عێراق کایەی سیاسیی دەکرد.

لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە کە نووری مالیکی (سێبەر و نوێنەری ئێران لە عێراق) سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، ئێران باشترین دەرفەتی بۆ ڕەخسا بێتە نێو قووڵایی عێراقەوە و بە دەیان بیانوو خۆی خزاندە نێو جومگە سەربازی و دامودەزگا فەرمییەکانی عێراق و زۆر جار ڕێڕەو و ئاراستەی سیاسەتی عێراقی دیاری کردووە.

ئەم ڕەوتە بەردەوام بوو هەتا هاتنە سەرکاری باراک ئۆباما وەک سەرکۆماری ئامریکا، کۆتایی بە دەسەڵاتی سەربازیی ئەو وڵاتە لە عێراق هێنا و بە فەرمی هێزەکانی کشاندەوە. زۆرێک لە چاوەدێرانی سەربازی و سیاسی ئەمە بە هەڵەیەکی گەورەی سیاسەتی ئۆباما لە قەڵەم دەدەن، چونکە ئامریکا لە ڕزگار کردنی عێراق لە دەستی حکوومەتی بەعس و کۆتایی هێنان بە شەڕ و ئاژاوە و قەیران و بنیاتنانی عێراقی نوێدا نرخێکی زۆری دا و جیا لە کوژرانی سەدان سەربازی ئەو وڵاتە و تێچوویەکی گەورە و گران، هاوکات شکستێکی ستراتیژیی ئامریکایە.

لەبەر ئەوەی ئەم مەیدان چۆڵ کردنە، دەرفەتێکی زۆر لەبار بوو بۆ ئێران کە زۆر بە ئەرخەیانی و بەبێ ترس، سەرتاسەری عێراق بتەنێتەوە. جاران کە بە نهێنی و شاراوە سپای قودس (لقی دەرەوەی سپای پاسداران) لە عێراق و لە نێو میلیشیا شێعەکان چالاکیی دەکرد، ئەمجارە بە ئاشکرا و ڕۆژی ڕوون جڵەوی سیاسەتیان گرتە دەست و ڕێوشوێنیان بۆ پارلەمان، حکوومەت، سپا و حەشدی شەعبی دادەڕێژن و قاسم سلێمانی لە عێراق وەک (خاوەنماڵ و برابەش) هەڵسووکەوت دەکات و زۆر جار لە فەرماندە سەربازی و سیاسییەکانی عێراقیش تووڕە دەبێت و مانۆڕ و جموجووڵەکانی ئەم کەسە مەترسیدارە، بەرەنجامی خراپی بە دوای خۆیدا هێناوە.

چۆڵ کردنی عێراق لە لایەن ئامریکاوە کە لەگەڵ دەسپێکی شەڕی ناوخۆیی سووریە هاوکات بوو، دەرفەتێکی دیکەی لەباری بۆ ئێران ڕەخساند هەتا لە ڕێگەی سنووری زەوینی و ئاسمانی عێراقەوە چەکوچۆڵ و تەقەمەنی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و حیزبوڵڵای ئێران لە سووریە و سپای قودس ڕەوانە بکات و بازاڕی شەڕ و قەیران خوڵقێنی گەرمتر بکات. لە ماوەی حەوت ساڵ شەڕی سووریە و هێرشی داعش و داگیرکردنی زیاتر لە نیوەی خاکی ئەو وڵاتە، سەرەڕای شپرزەیی و لاوازی حکوومەتی سووریە و خوڵقاندنی سەدان جەنایەتی دژەمرۆیی لەو وڵاتە، یەکێک لە ڕێگەکانی پێشگیری لە ڕووخانی حکوومەتی ئەو وڵاتە و دابەش نەبوونی، کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕووسیە بوون. جیا لەوەی ڕووسیە لە سووریە بە دوای چ ئامانج و بەرژەوەندییەکەوە بوو، بەڵام ڕووخان و نەمانی حکوومەتی بەشار ئەسەد و دابەشبوونی ئەو وڵاتە، بە واتای شکستی بەشێک لە ستراتیژییە ٣٠ ساڵەکەی ئێرانە.

چونکە ئێران هەموو هەوڵی ئەوەیە کاریگەرییەکانی بەهاری عەرەبی و ڕەوتی ڕووخانی وڵاتە سەرەڕۆ، دیکتاتۆر و نادێموکراتەکان ناوچە هاوبەشە ستراتیژییەکانی نەگرێتەوە. لە ڕاستیدا لێکهەڵوەشانی سیستەمی سووریە زەربەیە لە پەیکەری تاران، چونکە سیستەمی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو دروشم و ئایدیایەکی مەزهەبی و بانگەشە و سیاسەتێک کە لە ناوچە بەکاریان دێنێ، تەنانەت لە عێراق و سووریەش کە بە دۆست و هاوپەیمانی ستراتیژیی خۆی لە قەڵەمیان دەدات، تەنیا و تەنیا بۆ پاراستنی خۆیەتی و ئەو ناوچانە وەک پەرژین و پشتێنەی ئەمنی، لە پێناو سەقامگیریی خۆی و گەرەنتی تاران بەکار دێنێت. دەنا لە ئەگەری ڕووخان و دابەشبوونی عێراق و سووریە، ئێران ئیدی کۆتایی بە جووڵەی سیاسی و ستراتیژییەکەی کە پێکهێنانی هیلالی شێعەیە دێت و ڕوو دەکاتەوە تاران و مەشهەد و قوم و ئیسفەهان.

شوێن پێیەکانی ئێران لە ناوچە چۆنن؟

جۆری جووڵە و هەڵسووکەوتی ئێران لەو ناوچانەی کە ڕوویان تێ دەکات، تێکدەرانە، پشێوی و نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکێی ئایینی و خێڵەکییە. ئەم فیکرە ئیدئۆلۆژییە لە هیچ ناوچەیەک نەبووەتە مایەی سەقامگیری و ئاسایش، بەڵکوو لە نێو ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان بووەتە خورە و هەموو کات گرووپەکانی بەگژ یەکدا کردووە. هەوڵی گۆڕینی دێمۆگرافیای سیاسی، فەرهەنگی و مەزهەبی دەدات، سیمبۆل و هێماکانی خۆی بە زۆر دەسەپێنێت، وا دەنوێنی پەیامی ئاشتی پێیە، بەڵام بە هەر کوێیەکدا تێبپەڕێت، شەڕ، ناکۆکی، تەقینەوە و ماڵوێرانی بە دیاری دێنێت.

پێکهاتەکان کە ساڵانێکە بە برایەتی و ئاسایش پێکەوە ژیاون، بە گژ یەکیان دەدات و بە کاری لاوەکی و سەیر و سەمەرەوە سەرقاڵیان دەکات.

دابەشکردنی دیپلۆماسیی سەربازی و سیاسیی ئێران بۆ ناوچەکە:

گومانی تێدا نییە هەیکەلی سیاسی، سەربازی، کابینەی حکوومەتی ئێران و دەزگای دیپلۆماسیی ئەو وڵاتە چەندین باڵی جیاوازی تێدایە، کە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوخۆیاندا کێشەی قووڵیان هەیە. ئەو خاڵەی هەموو ئەو باڵە دژ بەیەکانە پێکەوە دەبەستێتەوە، پاراستنی قەوراەی کۆماری ئیسلامیی و یەکپارچەیی خاکی ئێرانە. کەواتە لێرەدا دەگەینە ئەو باوەڕەی ئێران ترسێک هەڵیگرتووە، بۆیە ئاوا بە پەلە بۆ دەوروبەر پەل دەهاوێ و لە هەوڵی قایم کردنی سنوورەکانی و دوورخستنەوەی قەیرانەکان لە خۆی دەدات.

ئێران هەرچەند پڕ لە قەیرانی سیاسی و ئابوورییە، بەڵام کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی خۆشی بۆ بەرژەوەندییەکانی لە دەرەوە بەکار دێنێت. هاوکات لەگەڵ بەهێز بوونی سپای پاسداران لەو وڵاتە و گرتنە دەستی هەموو جومگە ئابووری و سەربازییەکان، عەلی خامنەیی و ڕاوێژکارە باڵاکانی لە نێو سپای پاسدارانەوە بەشێکی زۆر لە بەدیهێنانی تاکتیک و ستراتێژییە دێرینەکانی ئەو وڵاتەیان لە ئەستۆ گرتووە.

ئاخۆ هەتا ئێستا کەس بیری لەم دابەشکارییەی نێوان حکوومەتی ئێران و سپای پاسداران کردووەتەوە؟ ئامانج چییە و شێوازی کاریان چۆنە؟

دەبێ بڵێین جەوهەری سەرەکیی ئەم دابەشکارییە ترسە، هەمان ترس لە دابەشبوون و لێکهەڵوەشان و لێکترازانی دەسەڵاتە. ئەگەر دەسەڵات خەڵکی بوو و لە خەڵکی خۆی ئەرخەیان بێت، ئیتر ڕێکاری سەربازی و ئەمنی ناگرێتە بەر، بەڵام هەڵسووکەوت بەپێچەوانەی ڕووباری خەمی جەماوەر، دەبێتە هۆی بۆشایی ئەمنی و نامتمانەیی ناوخۆیی و بەرینتر بوونەوەی کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵات کە ئەوکات ئیتر پێگەکانی حکوومەت لاواز دەبێت.

دەسەڵاتی ئێران کە توانایی کۆنترۆڵی ئەو دۆخە ناوخۆییەی نییە و پێکهاتەکەی بڕشتی گۆڕانی بنەڕەتی نییە و باوەڕیشی پێ نییە، چونکە سیسەتەمە مەزهەبییەکەی هەڵگری قەبووڵ کردنی دێموکراسی و چەمکەکانی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیی نییە. بۆ دەرباز بوون و خۆدزینەوە لەو گۆڕانانە و ڕەواندنەوەیان، دیسان هەمان تاکتیکی هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامیی بە ڕێگەچارە دەزانن. سەرانی دەسەڵاتی ئێران پێیان وایە بە دوورخستنەوەی قەیرانەکان لە سنووری ئێران و خولقاندنی شەڕی ناوچەیی و مەزهەبی، هەم ستراتیژیی ئامریکا لە ناوچە شکست پێدێنن و هەمیشە دەسەڵاتی خۆیان مسۆگەر کردووە.

بۆ ئەم مەبەستە خامنەیی کۆنە یارەکانی خۆی دەستنیشان کردووە کە پرسی بە ئامانج گەیاندنی دروست بوونی هیلالی شێعە لە ڕووی سیاسییەوە بە عەلی‌ئەکبەر وەلایەتی ڕاوێژکاری خامنەیی سپێردراوە و لە ڕووی جێبەجێ کردن وقاسم سلێمانی فەرماندەی سپای قودس باڵی سەربازییەوە بە ئەستۆ گرتووە. کە جووڵە سیاسییەکانی وەلایەتی بۆ ڕووسیە، سووریە و لوبنان و دیداری ساڵانی ڕابردووی لەگەڵ هەندێ نوێنەری ئێزدییەکان بۆ ئەم مەبەستەیە. هەرکات وەلایەتی ڕوو بکاتە هەر وڵاتێکی ناوچەکە بە دوای ئەودا کێشە و ناکۆکی سەری هەڵداوە. ئامانج و پەیامی ئێران لەم کارانە و دیاری کردنی وەلایەتی و قاسم سلێمانی بۆ پرسی سیاسی و دیپلۆماسیی ناوچەکە، ئەوەیە کە ئەوان وەک پرسێکی ئەمنی و سەربازی لە عێراق، سووریە و دەوروبەر دەڕوانن، کەواتە ئەوە دەردەکەوێت ئەوەی زۆر جار بەناوی دۆستی هاوبەش و ستراتیژیی باسی عێراق و سووریە دەکەن، دوور لە ڕاستییە و تەنیا ئامانج لە پێکهێنانی هیلالی شێعەیە، کە زۆر جار وەک خەون و خەیاڵ دەچێت و هەلێکە بۆ سەرقاڵ کردنی وڵاتانی سونی مەزهەبی ناوچە وەک سعوودیە، تورکیە و پێکهاتە سونییەکانی دیکەی ناوچەکە. لە ڕاستیدا ئێران بە خولقاندنی ترس و تۆقاندن لە ناوچەکە دەیەوێت ئەو ترس و شڵەژانەی کە هەموو حکوومەتەکەی گرتووەتەوە لە خۆی بڕەوێنێتەوە. ئەم باڵە دەستڕۆیشتووەی ئێران کە خامنەیی ڕێبەری دەکات، شەڕی داعش لە عێراق و سووریە بیانوو و هەلێکی بۆ ڕەخساندن کە بگەنە هەندێ لە ئامانجەکانیان، لاوازیی عێراق و سووریە و نەبوونی سەروەریی سیاسی لەم دوو وڵاتە و باوەڕ کردنی هەندێ خەڵک و لایەنیش بە ئێران و تێنەگەیشتن لە جەوهەر و ئامانجی سەرەکیی ئێران، ڕێخۆشکەرن هەتا ئێران بەبێ نرخ دان خۆی بە براوەی سەرەکی لە قەڵەم بدات. هەتا کەی و چ قۆناغێک دەبێ ئێران ببێتە خولقێنەری قەیران و ناسەقامگیریی ناوچەکە؟

ئێران و ترسی لە دەسەڵاتی سێکۆلاری هەرێمی کوردستان:

لەو کاتانەدا کە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە هەرێمی کوردستان لە بنیات نانەوەی عێراقی نوێ و داڕشتنی دەستوور و قەوارە و سیستمی فیدراڵیی عێراقدا دەوری سەرەکییان دەگێڕا، ئەوە دەنگی ناڕازی و دژە ئازادی تاران بوو کە هاواری لێ هەستاند و خەڵکە شۆڤینییەکانی بە دژی کورد و بیرۆکەی فیدراڵی هان دەدا، چونکە لە داهاتووی پێگەی خۆی لە عێراق دەترسا. ئەمە قۆناغێکی نوێ بوو کە ئێران سیاسەتی دژایەتی کردنی بزووتنەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان بگرێتە بەر و لە ڕێگەی پارلەمان و ناوەندە سیاسییەکانی عێراقەوە دژایەتی کورد و مافە ڕەواکانی گرتەبەر.

کۆماری ئیسلامی کە لەگەڵ سیستەمی سێکۆلار و فرەنەتەوە و ئازادیدا ناوگونجێت و دانووی ناکوڵێ، لەگەڵ هەموو جۆرە گۆڕانکارییەکی سیاسی و سنووری لە دەوروبەری خۆی وەلەرزە دەکەوێت و بە دژی یەکپارچەیی خاکی خۆی و وڵاتانی ناوچەکە لە قەڵەمی دەدات. هەرێمی کوردستان کە وەک نموونەی سیستمێکی نیمچە دێموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین و پێکەوە ژیانی پێکهاتە ئایینییەکانی لە ناوچە هاتووەتە ئەژمار، لە ٢٦ ساڵی ڕابردوودا بووەتە لەمپەرێکی بەردەم ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی. لە هەر جووڵەیەکی سیاسی و هەنگاوێکدا کە هەرێمی کوردستان بۆ گۆڕانکاری و گەیشتن بە مافە ڕەواکانی هەڵیگرتووە، ئێران وەک یەکەم دژ و نەیار وەستاوەتەوە و بووەتە دەمڕاستی عێراق و خەت و نیشانی بۆ کێشاوە کە هەنگاوەکانی کورد بۆ فیدراڵی، کۆنفیدراڵی و سەرەنجام سەربەخۆیی زەربە لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەدات. بەڵام دەستێوەردانەکانی خۆی لە عێراق و پێشێلکارییە سنوورییەکانی بە نایاسایی نازانێت و بە خزمەت لە قەڵەمی دەدات.

ترسی ئێران لە دابەشبوونی عێراق و سووریە، تەنیا بوونی کوردە لەو دوو وڵاتە، چونکە ئێران باش دەزانێت کورد ئازادیخوازە و سەرلەبەرەکانی شۆڕشەکانی کورد لە هەر چوارپارچە بۆ ڕزگاریی نەتەوەییە و ئەم بزووتنەوانەش پەیوەندی و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان بە یەکترەوە هەیە. ئێران بۆیە بە چاو و ڕوانگەیەکی ئەمنی و سەربازییەوە لە پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەڕوانێت، لە ڕوانگەی رژیمی ئێرانەوە کورد نەتەوە نییە و خاون ماف و ئازادی نییە، ئێرانییەکان هەڵگری فیکر و بیرۆکەیەکی داتاشراوی وەهمی و مێژوویین کە پێیان وایە کورد لە هەر کوێیەک بێت، ئێرانییە.

ئێران زۆر باش لە ئامانج و ئاراستەی سیاسەتی بزووتنەوەی کورد گەیشتووە کە گەیشتنە بە سەربەخۆیی. ئەنجام دانی ڕێفراندۆم و نیشان دانی ئیرادەی سەربەخۆییخوازی لە هەرێم و کاردانەوەی لە هەموو بەشەکانی کوردستان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زیاتر لە ١٢ میلیۆن کوردی لێ نیشتەجێیە، پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای بە ئێران دا گڵۆپی سەربەخۆیی و گەیشتن بە ئازادی کورد هەڵکراوە و سەرلەبەری پیلانەکانی ئێران بە ئیرادە و دەنگی گەل ڕەویوەتەوە. بۆیە بە هان و دنەدانی دوو وڵاتی تورکیا و عێراق، بەرنامەی لەبار بردنی ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستانی داڕشت. بڕیاری سەربەخۆییخوازی گەل بۆ هەموو دنیا سەلماوە و دێر یان زوو کورد بە ئامانجەکانی خۆی دەگات، چونکە ڕێگەی ڕاست و ڕەوا و هەقی گرتووتە پێش و دۆڕاوی سەرەکی ئەوانەن کە لە وشە و دەنگی ئازادی دەترسن، چونکە گومانی تێدا نییە ئەو جۆرە دەسەڵاتانە لەرزۆک و سەرکوتکەر و ناخەڵکین، دەنا لە زایەڵەی ئازادی و مافی گەلان نەدەترسان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.