کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوارچێوەیێک بۆ خوێندنەوەیێکی تر لە رووداوەکانی ئەم دووایەی رۆژهەڵاتی ناوین

21:31 - 22 خەزەڵوەر 2717

ئارەش ساڵح

بۆ هەرهێزێک کە ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناوین خەریکی کارکردنە پێویستە کە سەرەتا خوێندنەوەیێکی دروستی لە بارودۆخی ناوچە هەبێت و ئاراستە زاڵەکانی نێو پێوندییە نێونەتەوەییەکان بە وردی لێک بداتەوە و پاشان بە پێی ئەو بارودۆخە هەوڵ بدات بەرنامەی خۆی سەر لەنوێ دابڕێژێتەوە.

پانتایی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا چەندین گۆڕانی قووڵی بە خۆیەوە بینیوە؛ لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی ئاراستەی زاڵ لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکان ئاراستەیێکی رێئالیستیانە بوو.

هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە دوو جەمسەری دژبەیەک لە دنیادا بوونیان هەبوو کە پاراستنی پارسەنگ لە نێوان ئەو دوو جەمسەرە پێداویستییەکی گرینگی ئاسایشی نێودەوڵەتی بوو. پاش رووخانی یەکیەتی سۆڤییەت و کۆتایی نەزمی دووجەمسەری، رێگا بۆ ئەوە خۆش بوو کە چەند ئاراستەی تیۆریک بۆ شڕۆڤە و رێنوێنی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان بکەونە ململانێ. بۆیە لە پەنای ئەم ملمانێیەی نێوان چەند ئاراستە سەرەکییەدا، گوتاری مافی مرۆڤ و دیمۆکراسی - کە پێی لە نێو چەند یەک لەم ئاراستانەدا بوو- توانی تا رادەیەک خۆی زاڵ بکات. هەر بۆیە لەم سەردەمەدا گۆڕانکارییە سەرەکییەکانی دنیا و بەتایبەت ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە پاشماوەکانی بلوکی رۆژهەڵات دەهاتنەدی، بە کەڵک وەرگرتن لە گوتاری دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ پێناسە و شڕۆڤە دەکران.

بەڵام ئەم بارودۆخە زۆری نەخایاند و ئاراستەی ریالیستی جارێکیتر رێگای خۆی بۆ لووتکە خۆش کردەوە. سەردەمی رەیگان و بووش و کلینتۆن لە ئامریکا سەردەمانێک بوو کە گوتاری دیمۆکراسی و پەرەپێدانی دیمۆکراسی لە دنیادا، گوتاری زاڵی ئەو ئیدارانە بوون. هەر بۆیە لەم سەردەمەدا چەندین رێکخراو و تینک تانک بۆ پەرەپێدانی دیمۆکراسی لە جیهاندا لەلایەن ئامریکاییەکانەوە دامەزران. بەڵام دوای دیاردەی ئەلقاعیدە و تێوەگلانی بەرفراوانی ئامریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین، گۆڕانێکی قووڵ لە هەموو ئاستەکان لە ئامریکادا هاتە ئاراوە. ئەو گۆڕانە بریتی بوو لەوەیکە مەیلی پاشەکشە لە جیهان و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوین لە نێو ئامریکا بەهێزتر بوو. مەیلی پاشەکشە و دوور کەوتنەوە لە دنیا، لە نێو پانتایی سیاسی ئامریکا ئاراستەیەکی مێژوودار و جێی سەرنجە.

ئەم ئاراستەیە کە تا پێش کارەساتی پێرڵ هاربێر لە ئامریکا ئاراستەی زاڵ بوو، دوای ئەو کارەساتە کە ئامریکای ناچار بە تێوەگلان لە شەڕی دووهەمی جیهانی کرد، کەوتە پەراوێزەوە. بەڵام ئێستا و دوای شەڕەکانی عێراق و ئەفغانستان و تەنانەت لە ژێر کاریگەری ڤیەتنامیش، ئەو ئاراستەیە لە سەردەمی ئۆباما و ترامپدا بووەتەوە ئاراستەیەکی زاڵ لە پانتایی گشتی ئەم وڵاتەدا. لە هەموو ئاستەکاندا، لە نێو خەڵکی رۆشنبیر و ئاسایی و تا رادەیێکی بەرچاویش لە نێو دامەزراوە فێرکاری و لێکۆڵینەوەکان، ناڕەزایەتییەکی زۆر لە تێوەگلانی لە رادەبەدەری ئامریکا لە هەموو کێشەکان لە دنیادا هاتۆتە ئاراوە. یەکێک لە گەورەترین بەڵێنەکانی ترامپیش دەگەڕایەوە سەر ئەو باسە و چ پاش و چ پێش هەڵبژاردن، چەندین جار دووپاتی کردۆتەوە کە ئامریکا چیدی نایهەوێ پۆلیسی دنیا بێت. نەتەنیا ترامپ کە زۆرێک لە کاندیداکان لە کۆماریخواز و دیمۆکرات لە دژی چەمکی نەتەوەسازی واتە دەستێوەردانی ئامریکا لە ناوچەکانی‌تر بوون. یەکێک لە گەورەترین هێرشەکانی دیمۆکراتەکان بۆ سەر هیلاری کلینتۆن تاوانبار کردنی ئەو بوو بەوەی کە یەکێک لە لایەنگرانی ئاراستەی نەتەوەسازیە. لە ئاوا حالەتێکدا کە ئەو گۆڕانکارییانە لە نێو ئامریکا هاتوونەتە ئاراوە گوتاری ریالیستی زیاتر لە پێش خەریکە زاڵ بوونەوەی خۆی مسۆگەر دەکات و گوتاری مافی مرۆڤ و دیمۆکراسی بە تەواوەتی لە دنیادا کۆتایی پێهاتوە.

بۆیە رووداوەکانی ئەمڕۆی دنیا دەبێت لە چوارچێوەی ئەو دوو رەوتەی خوارەوە بخوێنرێنەوە؛ یەکەم پاشەکشەی ئامریکا لە دنیادا و گەڕانەوەی بۆ نێوخۆی خۆی، دووهەم؛ زاڵ بوونەوەی ئاراستەی ریالیستی.

واتای ئەو گۆڕانکارییانە بۆ جیهان

هەروەها کە پێشتر باسم کرد یەکەم واتای ئەو دوو رەوتە و گۆڕانکارییەکانی پێوەندیدار بەو دووانە، مردنی گوتاری مافی مرۆڤ و دیمۆکراسیە. ئەمە بەو واتایە نایێت کە دیمۆکراسی مردووە یان ناکارامە بوونی مودێلی دیمۆکراتیک سەلمێندراوە بەڵام بەو واتایەیە کە دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ چیدی ناتوانن گۆڕانکارییەکان شڕۆڤە بکەن، شی بکەنەوە و رێنوێنیان بکەن. بۆیە بە باوەڕی من ئێمە لەم سەردەمەدا ناتوانین شاهیدی دووپات بوونەوەی شۆڕشە رەنگییەکان و مەخمەڵیەکانی ئۆروپای رۆژهەڵات بین و ناتوانین هیوادار بین کە ئاراستەکانی چاکسازی لە هیچ وڵاتێکی دنیادا رۆڵێک بگێڕێت یان دەستێوەردانی دەرەکی بە شێوەی راستەوخۆ گۆڕانێکی دیمۆکراتیک لە رۆژهەڵاتی ناوین پێک بێنێت.

واتایەکی تری ئەم باسە گەڕانەوەی گرینگیە بۆ ئەو چەمکە سەرەکییانەی کە ئاراستەی ریالیستی بۆ شڕۆڤە و شیکردنی رووداوەکان و رێکخستنی نەزمی نێودەوڵەتی کەڵکیان لێ وەردەگرێت. بۆ وێنە دوو چەمکی باری هەنووکەیی یان status quo و گەڕانەوەی پارسەنگ یان restoring balance لە نێوان یاریکەرەکاندا دیسانەوە گرینگی تایبەتیان دەبێت. لە روانگەی ریالیستیدا ئەوە پارسەنگ و باڵانسی هێزە کە ئاسایشی دنیا دەپارێزیت بۆیە پارسەنگ رۆڵی زۆر پەیدا دەکات. هەروەها لەم ئاراستەیەدا باری هەنووکەیی بابەتێکی زۆر گرینگ و پرەنسیپێکی پیرۆزە. هێز، چ هێزی چەکداری و چ هێزی نەرم، لە ئێستە بەدواوە دیسان گرینگترین فاکتەر دەبێت لە نەزم بەخشین و رێکخستنی پێوەندییەکانی نێوان بکەرەکانی پانتایی سیاسەت بە تایبەت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

واتایەکی تری ئەم رەوتە، بەخشینی رۆڵی زیاترە بە وڵاتانی تر بۆ پاراستنی ئاسایشی جیهانی. بۆ وێنە لە سەردەمی ئۆبامادا هەواڵەکان باسیان لەوە دەکرد کە ئامریکا داوای کردووە کە بریتانیا بوودجەی سەربازی خۆی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو تێچووەی کە لە سەر شانی ئەمریکایە بۆ پاراستنی ئاسایشی نێونەتەوەیی کەم بکاتەوە. هەروەها ترامپ چەندین جار پێش و پاش هەڵبژاردنی داوای لە هاوپەیمانانی خۆی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین کردووە کە رۆڵی زیاتر لە پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچەیە بگێڕن.

رۆژهەڵاتی ناوین لە سێبەری گۆڕانکارییە نێودەوڵەتیەکاندا

لە سەردەمی ئۆبامادا و لە شاری واشینگتۆن، زۆرێک لە سیاسەتمەدارە خانەنشین کراوەکان نیگەرانی ئەوە بوون کە لەبەر ئەوەی ئامریکا پشتی لە هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوین کردووە، ئەو هاوپەیمانانە - بۆ وێنە میسر- خەریکن زۆر لە رووسیە نزیک دەبنەوە. لە وتووێژێکی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رادیۆی ئێن‌پی‌ئاڕ هەروەها ئەو باسە هاتە ئاراوە کە ئەوان لەوانەیە لە داهاتوودا زۆرتر لە رووسیە نزیک ببنەوە. ئەمە لەو راستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە واتای ئەو گۆڕانکاریانە و ئاراستانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد بۆ رۆژهەڵاتی ناوین، پێکهاتنی جۆرێک لە بۆشاییە کە پێویستی بە پڕکردنەوە هەیە. لە باسی خوێندەوە ناوچەییەکان دوو فاکتەر زۆر گرینگن: یەکەمیان هێزە ناوچەییەکان، دووهەمیان هێزە جیهانییەکان. لە ئێستای ناوچەی رۆژهەڵاتی ناویندا، لەبەر ئەوەی ئامریکا مەیلێکی زۆری بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی خۆی لە ناوچەکەدا پەیدا کردووە، دەتوانین بڵێین کە یەکێک لە یاریکەرە سەرەکیەکان خەریکە بۆشاییەک پێک دێنێت کە پێویستی گەڕانەوەی باڵانس یان پارسەنگ بەشێوەیێکی تر دێنێتە ئاراوە. بەڵام ئامریکا دەیهەوێت لەبەر سێ هۆکار بە ئارامی ئەو بۆشاییە پێک بێنێت و لە گەڕانەوەی پارسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوین رۆڵ بگێڕێت. ئەو هۆکارانە یان فاکتەرانە کە سیاسەتی ئامریکا لەم پێوەندیەدا دیاری دەکەن بریتین لە یەکەم: ئاسایشی ئیسرائیل، دووهەم: ئاسایشی وزە و سێهەم: پێداویستییەکانی ئوروپا.

سێ ساڵ لەمەو پێش و لە ناوەندی وودروو ویڵسن لە ئامریکا، دۆری گوڵد راوێژکاری ئاسایشی سەرەک وەزیرانی ئیسرائیل باسی لە بوونی سێ مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل کرد کە هەرسێکیان راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پێوەندییان بە ئێرانەوە هەبوو بەڵام هاوکاتیش ئەوەی نەشاردەوە کە ئێران زیاتر لە هەرشتێک ئیسرائیلی لە وڵاتانی عەرەبی نزیک کردۆتەوە. گۆڵد بە ئاماژە بەوەیکە ئیسرائیل وڵاتێکی چکۆلەیە و سەرچاوەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هاوکات لەگەڵ عەرەبەکان و ئێران سنووردارن وتی کە ئێمە دەبێت لە دوژمنایەتی هاوبەشی ئێران لەگەڵ هەم عەرەبەکان و هەم خۆمان کەڵک وەربگرین بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش لە دژی ئێران. لە راستیدا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو کە ئامریکا چاوی بەسەر دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچە داخستووە و رێگەی داوە کە ئێران بە دەستێوەردانی زیاتر عەرەبەکان تووڕە بکات، زیاتر لە هەرشتێک یارمەتیدەری بەرنامە گشتییەکەی خۆی بووە بۆ پاشەکشە لە رۆژهەڵاتی ناوین. ئەم دۆخە ئیسرائیلی لە ئامانجەکەی خۆی نزیک کردۆتەوە کە لەگەڵ عەرەبەکان و هاوسێکانی هاوبەشی ئیستراتیژیکیان هەبێت و لەیەک نزیک ببنەوە.

بەم شێوە ئەگەرهەتا ئێستا کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین گرینگترین بابەت بوو لە داڕشتنەوەی پێوەندییەکانی نێوان عەرەب و ئیسرائیل، ئێستا ئەو کێشەیە گرینگی خۆی لەدەست داوە و ئێران بۆتە خاڵی هاوبەشی ئەو لایەنانە کە هەردوولا دۆستی ئامریکان.

بەم شێوەیە ئامریکا لەگەڵ کەم کردنەوەی رۆڵی خۆی لە ناوچەکەدا پارسەنگی نوێ دێنێتە ئاراوە کە رۆڵگێڕە سەرەکییەکانی ئێران، عەرەبستان و ئیسرائیلن. زۆر روونە کە ئێران لەم پێوەندییەدا رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت بۆ ئەوەی دۆستەکانی ئامریکا، واتە عەرەبستان و ئیسرائیل، زیاتر لە یەک نزیک ببنەوە و بلوکێکی هاوبەش پێک بێنن. دەبێت ئەم بابەتە بە وردی لە بەرچاو بگیردرێت کە ئیسرائیل وڵاتێکی چکۆلەیە و سەرچاوەی ماڵی و مرۆیی پێویست بۆ ئەوەی بەتەنیا رووبەڕووی عەرەبەکان ببێتەوە و هاوکاتیش خۆی لە مەترسییەکان و دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە بپارێزێت نییە، بۆیە رۆڵی ئێران لە رێکخستنی وڵاتەکانی دۆستی ئامریکا و بلوک‌بەندی نوێ لە ناوچە زۆر گرینگە.

واتاکانی ئەم رەوتە بۆ سەر هەرێمی کوردستان

لە راستیدا سیاسەتی ئامریکا لە ناوچە پێویستە لەو پێوەندیەدا لێک بدرێتەوە، واتە ئەو بابەتەی سەرەوە سەرەکیترین کانتێکست و زەرفی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیە. ئامریکا چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە هەموو دۆستەکانی بە تایبەت هەرێمی کوردستان لەو چوارچێوەدا یاری بکەن و کارێک نەکەن کە بەرنامەی سەرەکی ئامریکا لە ناوچە بکەوێتە مەترسییەوە. ئەگەر حکوومەتی هەرێم ئەوەندە ئیسراری هەیە کە ئامریکا بە ناوی هاوپەیمان نێو ببات، دەبێت بزانێت کە هاوپەیمانێتی وەکوو هەر پێوەندیێکی‌تر دوو لایەنەیە و چەندە ئەوان لەو پێوەندییە چاوەڕوانیان هەیە ئەوەندەش ئامریکا لە حکوومەتی هەرێم چاوەڕوانی هەیە.

گرینگی عێراق بۆ ئامریکا لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە خاڵێکە دژایەتی و رووبەڕووبوونەوەی ناسیونالیزمی عەرەبی لەگەڵ ناسیونالیزمی فارسی زەق دەکاتەوە. ئەوەیکە ئەو رووبەڕووبوونەوە جێگرەوەی دوو رووبەڕووبوونەوەی عەرەب- ئیسرائیل یان شیعە - سووننی (کە رووبەڕووبوونەوەی خوازیاری ئێرانە) ببێت، زیاتر لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی ئامریکایە لە ناوچەکە کە پیشتر باسمان لێوە کرد. مەرج نییە کە ئەم لێکدانەوەیە دروست بێت بەڵام ئەمە لێکدانەوەی ئامریکایە و ئەو وڵاتەش چاوەڕوانی ئەوەی هەیە کە دۆستەکانی لەو چوارچێوەدا بجووڵێنەوە. بەڵام ئەوەی باری هەرێمی کوردستانی لە دوای رێفراندۆم خراپ کرد لە راستیدا کەمتر پێوەندی بە سیاسەتی ئامریکا لە ناوچە یان بەهێزی عێراق هەیە بەڵکوو زیاتر پێویستی بە لەبەرچاوگرتنی نەخۆشییە قووڵەکانی نێو پانتایی سیاسەت و کۆمەڵگا لە نێو هەرێمدا لێک بدرێنەوە.

لەلایەکی تریشەوە لە راستیدا یەکێک لە کێشەکانی نزیک بوونەوەی لە رادەبەدەر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەربڵاوکردنی پێوەندییەکان، رەخساندنی هەلە بۆ فاکتەری دەرەکی کە بتوانێت لە گۆڕانکارییە نێوخۆییەکان رۆڵ بگێڕێت.

لە راستیدا هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە هەست کردن بەم مەسەلانە دەیهەوێت سەر لە نوێ پێوەندییەکانی دابڕێژێتەوە. ئەوان باش تێدەگەن کە ئێستا لەو حاڵەتە نیوەسەربەخۆیە کە پێشتر هەیانبووە دوور کەتوونەتەوە و زیاتر کەوتوونەتە ژێر رکێفی بەغدا. یەکەمین هەلیش بۆ ئەوەیکە بتوانن تۆزێک لە خەسارەکان جوبران بکەنەوە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقە کە ئەگەر یەکگرتوو بن، دەتوانن بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کەلێنانەی کە لە نێو هێزە شیعەکاندا هەیە رۆڵی گرینگ لەو پێوەندیەدا بگێڕن.

واتاکانی ئەو گۆڕانکارییانە بۆ ئێران

سیاسەتی ئامریکا بەرامبەربە ئێران لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا چەند گۆڕانکاری بە خۆیەوە بینیوە. لە سەردەمی ئیدارەی بووشدا، گرینگترین چەمک کە سیاسەتی ئامریکای لەهەمبەر ئێران پێناسە دەکرد بریتی بوو لە گۆڕینی هەڵسووکەتی رێژیم behavior change. بەڵام ئەم چەمکە لە سەردەمی ئۆباما و لەگەڵ دەسپێکردنی وتووێژە ناوکییەکان گۆڕدرا و کارایی خۆی لەدەست دا. چەمکی سەرەکی دەوڵەتی ئۆباما بۆ پێناسەکردنی سیاسەتی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێران بریتی بوو لە engagement.

بۆیە لە سەردەمی بووشدا هەموو کات ئیدارەی ئامریکا هەوڵی ئەوەی دەدا کە خەڵکی ئێران لە حکوومەتەکە جیا بکاتەوە و هەوڵی ئەوەی دەدا کە لە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە نزیک ببێتەوە و چەند کەس لە ئۆپۆزسیۆنی نێوخۆی گواستەوە بۆ ئامریکا. بەڵام بەپێچەوانە لە سەردەمی ئۆبامادا هەوڵی ئەوە درا کە رێژیمی ئێران بکرێتە بەردەنگی سەرەکی و ئەو جیاوازییە کە پێشتر لە ئیدارەی بووشدا لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگای ئێراندا هەبوو لەم سەردەمە بەدی نەدەکرا هەر بۆیەش لە یەکەمین پەیامی نەورۆزی خۆیدا بۆ گەلی ئێران، ئۆباما بە پێچەوانەی بووش پەیامەکەی ئاراستەی رێبەران و دەسەڵاتی سیاسی ئێران کرد و ئەو ئاراستەیەش تا کۆتایی هەر لە ئیدارەی ئۆبامادا مایەوە.

چەمکی سەرەکی دەوڵەتی ترامپ لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران بریتییە لە Containing Iranواتە مەهارکردنی ئێران. واتای ئەو دەستەواژەیە لە راستیدا کەمکردن و سنووردارکردنی رۆڵی ئێرانە لە ناوچەکەدا بەڵام هەروەها کە پێشتر باسمان لە سیاسەتی گشتی ئامریکا لە دنیا و لە ناوچە کرد ئەو چەمکە زیاتر لەو راستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئیدارەی ترامپ دەیهەوێت رووبەڕوونەوەیەک لەگەڵ ئێران لە ناوچەکە بێتە ئاراوە کە باڵانسی خوازراوی ئامریکا بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ناوچەیە.

ئەم چەمکە هەڵگری ئەو واتایەشە کە ئەو رووبەڕووبوونەوەیە تەنیا تا ئەو شوێنە دەچێتە پێش کە باڵانسی هێز لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئامریکا بگەڕێتەوە. بۆیە رۆڵی ئێران لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج و زیاتر لەوە ناچێتە پێش.

لەم پێوەندییەدا پێویستە دوو بابەت روون بکرێتەوە، یەکەمیان بەرنامەی مووشەکی ئێران خۆی بۆ خۆی گرینگی ئەوتۆی بۆ رۆژئاوا نییە بەڵکوو زیاتر وەکوو مۆرەیێک لەو شەترەنجە کەڵکی لێ وەردەگیرێت. دووهەمیان ئەگەرچی لەوانەیە ئەو رووبەڕووبوونەوەیە لە درێژەی خۆیدا و لە کردەوەدا هەندێک ئاکامی هەبێت کە پێشتر بیریان لێ نەکراوەتەوە وەکوو رووخانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆدا، بەڵام لە راستیدا ئامانجی سەرەکی ئەو رووبەڕووبوونەوە ئەو ئاکامانە نییە. هۆکاری ئەوەیکە ئەو ئەگەرە دێتە پێش یەک شتە؛ ئێران بە بەربڵاوکردنی خۆی لە ناوچەکەدا بەشێکی زۆری لە سەرچاوەکانی خۆی تەرخان کردووە بۆ دەستێوەردان لە ناوچەکە. سیاسەتی ئێران لە ناوچەکەدا تەنیا بە هەبوونی سەربازی سنووردار نییە بەڵکوو ئێران دەیهەوێت بە تەرخانکردنی سەرچاوەیەکی زۆری دارایی و گۆڕینی دێمۆگرافیای هەندێ جومگەی گرینگی ئەو هیلالەی کە بە هیلالی شیعی ناسراوە و کلیلی بەرنامەی ئیستراتیژیکی ئێرانە، هێژموونییەکی بەهێز لەو هیلالەدا پێک بێنێت.

ئێران هەر ئێستا خەریکی خەرج کردنی پارەیێکی زۆر لە عێراق، سووریە، لوبنان و یەمەنە. بۆیە ئەمە وای کردووە کە ئێران زیاتر لە توانایی و سەرچاوەکانی لە ناوچەکەدا رۆڵ بگێرێت. ئەمە زیاتر لە هەرکات ئەو وڵاتەی لە نێوخۆ خستۆتە بەر مەترسی زیان لێکەوتن. بۆیە بەرنامەی ئیدارەی نوێی ئامریکا کە چەمکە سەرەکییەکەی لەسەرەوە باس کرا دەتوانێت رێژەی ئەو مەترسی و زیان لێکەوتنە (آسیب پذیری) بەرز بکاتەوە بەڵام لە راستیدا هەموو شتێک پێوەندی بە نێوخۆی ئێران و هێزەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ هەیە.

لە کۆتایی دا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەرجۆرە داهاتوویەکی روون تەنیا لە حاڵەتێک مسۆگەر دەبێت کە گۆڕانکارییەکان لە ئاکامی ئیرادەی خۆمان هاتبێتنە ئاراوە. بۆ وێنە ئەگەر شوێنێکی گریمانەیی بگرینە بەرچاو کە هیچکام لە دەسکەوتەکانی لە ئاکامی ئیرادەی خۆی نەهاتبێتە ئاراوە، لە ئاکامدا لە هەر هەوڵێکی خۆی بۆ دەرخستنی ئیرادەی خۆی شکست دەهێنێت. ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنگرە کە ئەو شوێنە گریمانەیە کە لە ئاکامی فاکتەری دەرەکی هاتبێتە ئاراوە، لە ئاکامی فاکتەری دەرەکی گەیشتبێتە رێککەوتن لە نێو هێزەکانی خۆی، لە ئاکامی فاکتەری دەرەکی گەشەی کردبێت و لە ئاکامی فاکتەری دەرەکی توانیبێتی ناوچەکانی بەرفراوانتر بکات، ناتوانێت سەربەخۆ و بە پشت بەستن بە ئیرادەی خۆی هەنگاوێک باوێژێت و لە ناویدا سەرکەوتوو بێت.

بۆیە گەڕانەوە بۆ ئیرادەی سەربەخۆ و شۆڕشگێڕانە بۆ رۆژهەڵات گەورەترین پێداویستی قۆناخی ئێستای رۆژهەڵاتە. ئەمڕۆ زیاتر لە هەوا و نان و ئاو، ئیرادەی شۆڕشگێڕانە بۆ بەردەوامی ژیانی ئێمە لە رۆژهەڵات پێویستە. چرای رووناکایی بەخشی ئێمە بۆ ئەو گەڕانەوەیە وتەکانی رێبەری شەهیدمان دوکتور قاسملووە کە دەڵێت: چارەنووسی ئێمە لە پایتەختەکانی جیهاندا دیاری ناکرێت بەڵکوو ئەوە ئێمەین کە چارەنووسی خۆمان دیاری دەکەین. یان ئەو وتە بەنرخەی تری کە حیزبی دیمۆکرات وەکوو ماسی ناو دەبات و خەڵک وەکوو دەریا. بۆیە لەبەر رووناکی ئەو وتە بەنرخانە ئێمە پێویستە سەرەتا بزانین کە ئەوە ئێمەین کە چارەنووسی خۆمان دیاری دەکەین، ئایا بە پشت بەستن بە خۆمان و دەرخستنی ئیرادە و هەستانەوە و راسان بێت یان بە دانیشتن و ئینفێعال. پێویستە گەورەترین سەرمایەگوزاری حیزب نەک لە پێتەختەکانی جیهان و نەک لە دنیای دەرەوە، بەڵکوو لە نێو کۆمەڵگای خۆمان و لەسەر خەڵکی خۆمان بێت چوونکە بە هیوای دەرەوە بوون تەنیا ئێمەی ماسی لە دەریاکە دەکات و ئێمە و دەریا لەیەک بێگانە دەکات، نموونەی ئەو بێگانە بوونە زۆر نامۆ نییە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.