کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵاتی نوێ و پرسی ڕزگاریخوازی گەلی کورد

16:19 - 23 خەزەڵوەر 2717

نەوید کەرەمی

تایبەتمەندی کۆمەڵگای نوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کاریگەرییەکانی لە سەر پڕۆسەی ڕزگاریخوازی و مافویستی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان

چارەکەی کۆتایی سەدەی بیستەم بەم لاوە، بە هۆی گەشە کردنی رۆژ لە دوای رۆژی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کۆردستان، لە بواری شارستانیەت، کۆمەڵایەتی و بەرزبوونەوەی هەرچی زیاتری زانست و ئاگایی خەڵک و پەرەئەستاندن و بەرفراوان‌بوونی ئامرازەکانی گواستنەوەی خێرای زانیاری و پێوەندییە جیهانیەکان و هاوکات بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری و چاوکراوەیی نەوەکانی نوێی گەلەکەمان، بارودۆخێکی جیاوازی بە نیسبەت قۆناغەکانی پێشووتر هێناوەتە ئاراوە کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر پرسی ڕزگاریخوازی کورد لەو بەشەی کوردستاندا داناوە.

ڕۆژهەڵاتی کورستان، بەشێکی گرینگ و کاریگەرە لە جووڵانەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان، یەکەمین شەڕی خوێناوی کە لە نێوان دوو ئیمپراتوریەتی عوسمانی و سەفەویدا، کە لە رێکەوتی ٢٣ی ئوتی ١٥١٤ی زایینی روویدا و سەفەویەکان لەو شەڕەدا شکستیان خوارد و ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی‌هێنان بەو شەڕە لە نێوان ئەو دوو ئیمپراتورەدا واژۆ کرا، ئەو رێککەوتنە سەرەتایەک بوو بۆ جیاکردنەوەی جەستەی گەلی کورد و دابەشکردن و دوورکردنەوەیان لە یەکدی، کە بە فەرمی لە ساڵی ١٦٣٩ی زایینیدا و لە پەیماننامەی زەهاو، هێڵی سنووری نێوان ئەو بەشە لە کوردستان لەگەڵ بەشی دیکەدا کە کەوتە بەر دەسەڵاتی عوسمانییەکان، هاتە سەر کاغەز و کورد بۆ یەکەمجار لێک جیا کرایەوە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە نووسراوەکان و کەتیبەکانی سەردەمی ئاشوورییەکان بەجێ ماوە، ماددەکان لە سەدەکانی نۆیەم تا حەوتەمی پێش زایین وەها پێشکەوتنێکیان هەبووە کە توانیبوویان هەموو هۆز و عەشیرەتە بەربڵاوەکانی ماد بە دەوری یەک رێبەری یەکگرتوو کۆ بکەنەوە و بۆ ماوەی ١٢٠ ساڵ ئیمپراتوریەتێکی مەزن بنیات بنێن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە هەر یەک لە شار و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی مادەکان حکومەت و پاشاگەردانییەکی سەربەخۆ حوکمڕانی و دەسەڵاتی هەبووە.

ئەو مێژووە پیشاندەری ئەو راستیەیە، کە کورد لە رووی سیاسی و شارستانییەتەوە پاشخانێکی زۆر دەوڵەمەندی هەیە، کە ئەو پاشخان و سەرمایە مێژووییە بووەتە گەورەترین هۆکاری ترسی دوژمنانی گەلەکەمان، کە پاش شکستی دەسەڵاتی ماددەکان، بەسەر کورددا حوکمڕانیان کردووە و چاوی تەماحیان لە خاکی کوردستان هەبووە.

پاش کۆتایی هاتنی سەردەمی ئیمپراتوریەتەکان لە ناوچە و دروست بوونی وڵاتانی چووکەتر، لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٨ بەملاوە بەرە بەرە کورد لە هەر دەرفەتێک کە بۆی رەخسابێت، بۆ رزگاری لە ژێردەستەیی و مسۆگەرکردنی سەروەری نەتەوەیی هەوڵی داوە، لەو پێناوەشدا دەتوانین ئاماژە بە شۆڕشی شێخ عۆبەیدۆڵای نەهری لە ساڵی ١٨٨٠ و شۆڕشەکانی سمکۆی شکاک و ئارارات لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، بکەین.

بنیاتنانی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ی کۆچی بەرانبەر بە ١٩٤٥ی زایینی، هەرچەند بۆ ماوەیەکی کورت و لە ناوچەیەکی بەرتەسکدا، توانی هەنگاوێکی گەورە بۆ مسۆگەربوونی ماف و ئامانجەکانی گەلەکەمان بهاوێت و تۆوی هیوا و ئۆمید بۆ نەوەکانی دوای خۆی بەجێ بێڵێت، کە بەداخەوە هەموو ئەو هەوڵانە بوونە ئامانجی ترس و رقی دوژمنانی گەلەکەمان و شکستیان پێهێنرا.

مێژووی پڕ کارەسات و چەوسانەوە و بێبەشکراوی گەلەکەمان لە مافی رەوای خۆی، زاڵ بوونی دوژمنان بەسەر کوردستان و چەسپاندنی حاکمیەتی خۆیان بە زەبری هێز، کوشتن و بڕین و دوورخستنەوەی رۆڵەکانی کورد و بەتاڵانبردنی سەرمایە و خاکی کوردستان، هیچکات رۆڵەکانی کوردی بۆ چرکەساتێک لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە مافی رەوای خۆیان و دیاریکردنی چارەنووسی گەلەکەیان، نەوەستاندووە.

ترس لە کورد و یەکگرتوویی و بەهێزبوونی کورد، ساڵهای ساڵە خەونی لە دوژمنانی گەلەکەمان زڕاندووە و بەردەوام دەست بە هەر جورە پلان و فرت و فێڵێک دەدەن تا کورد لێک داببڕن یان لە خۆی بێگانەی بکەن. لە چاوی ئەوان، کورد هەر لە یەکەم رۆژی لەدایکبوونییەوە، سیاسی لەدایک دەبێت و هەرکات خۆی ناسیەوە داوای سەروەری و مافی خۆی دەکات و بە گژ دوژمنان و داگیرکەراندا دەچێتەوە.

ئەو ترسە بووەتە هۆکاری سەرەکی تا دوژمنان هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ کە بە سازکردنی دووبەرەکی لە نێوان کورد و لە نێوبردنی سەرانی شۆڕش، زیندانی‌کردن و دوورخستنەوەی رزگاریخوازان و شۆڕشگێڕانی گەلی کورد، هەوڵەکانی کورد بۆ پێکهێنانی بەرەنگارییەکی بەهێز بەرەوڕووی دژواری و کۆسپی گەورە بکەنەوە.

پەرەدان بە هەژاری و فەقری ئابووری، بڵاوکردنەوەی ماددەهۆشبەرەکان، پشتگوێ خستنی کوردستان لە رووی گەشەی ئابوری، یارمەتی‌نەدان و پشتگیری نەکردنی وەرزێڕان و باخدارانی کورد بۆ گەشەپێدان و گواستنەوە و فرۆشی بەرهەمەکانیان، ئیزن نەدان بۆ دانانی سەرمایە و نەبوونی کارگە و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان لە کوردستان، میلیتاریزە کردن و مامەڵە کردن لەگەڵ کوردستان وەک ناوچەی شەڕانی، هەمووی لە راستای ئەو سیاسەتەی دوژمناندایە کە هیچ‌کات متمانەیان بە کورد نییە و دەزانن کە هەر کوردێک تەنانەت ئەوانەش کە ساڵهای ساڵ مووچەخۆر و دەستەمۆی خۆیان بوون، هەر کات ئاگاداری مێژوو و سیاسەتی خۆی بێت لە خەونی غەفڵەت رادەچڵەکێ و دەست بەجێ داوای مافی خۆی دەکات و تەنانەت ژیان و سەروماڵی لە رێگای بەدەست هێنانی ئەو مافە بەخت دەکات. بۆیە هەموو هەوڵی ئەوان ئەوەیە تا کورد لێک داببڕن و بە چاندنی دووبەرەکی و دانانی فەرق و جیاوازی پێش بە یەکڕیزی کورد بگرن، بە پەرەدان بە بێکاری لە کوردستان، رۆڵەکانی کورد ناچار بکەن تا لە پێناو نانێک بچێتە پاڵ حکومەت و ببێت بە مۆرە و دارەدەستی ئەوان، یان بۆ بژیوی ژیان رو بکاتە ژیانی ئاوارەیی و کرێکاری و کۆڵبەری و ... هەتا دوایی.

نەسڵی ئەمڕۆی کوردستان، گەلێک تایبەتمەندی جیاوازیان بەنیسبەت نەسڵەکانی پێش خۆیان هەیە، جیاوازی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و پێوەندییەکان و تێگەیشتن و زانیارییەکان.

لە ئاکامی هەمەگیربوونی پڕۆسەی خوێندن و دابینکرانی قوتابخانەکان لە هەموو شار و گوندەکان، ئەمڕۆکە دەبینین کە بەپێچەوانەی نەسڵەکانی پێشوو زۆربەی هەرە زۆری حەشیمەتی کوردستان خوێندەوارن و لەوانەیە بە هەڵە نەرۆیشتبین ئەگەر بڵێین کە لە هەر ماڵێکدا خوێندکارێکی باڵا بوونی هەیە.

ئەو پێشکەوتنانە و هاوکات پەرەئەستاندنی ئامرازەکانی پەیوەندی خێرا و کەرەستەکانی گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری لە سەرتاسەری جیهان، خەڵکی کوردستانیش سەرەڕای هەموو ئەو بەربەست و تەنگ و چەڵەمانەی کە دوژمنان بۆیان دروست کردووە، هەموو هەوڵی داوە تا بێبەش نەبێت و توانیویەتی تا ئاستێکی باش خۆی پێ بگەیەنێت. کە لە ئاکامی ئەو ئاڵوگۆڕە نێونەتەوەییانە و ئەو هیمەت و تەقەلایانەی کورد، دەبینین نەسڵی ئەمڕۆی کوردستان خوێندەوار و رووناکبیرترن و باشتر و زیاتر لە جاران ئاگاداری مێژوو و مافی ئینسانی و نەتەوەیی خۆیانن. ئەو نەسڵەی کە بە هەموو زانست و ئاگایی و تێگەیشتوویی و تایبەتمەندییەکانیان ئەرکی درێژەدانی جووڵانەوەی رزگاریخوازی گەلەکەیان تا گەیشتن بە رزگاری دەکەوێتە ئەستۆیان و درێژەدەری دەبن.

لە ئاکامدا سەرەڕای هەموو ئەو پیلانانەی کە دوژمنانی گەلەکەمان بەردەوام بۆ بەلاڕێدابردن و لاوازکردنی هەستی نەتەوەیی لە کوردستاندا، بەڕێوەی دەبەن. وەک پەرەدان بە فەقرو هەژاری، پشتگوێ خستن و یارمەتی‌نەدانی بەرهەمهێنەرانی کورد، هەرزان و بەردەستبوونی ماددە هۆشبەرەکان، بێکاری، بێدەرەتانی و ... هتد، نەسڵەکانی پێشوو کە بە هەموو جەستەیان هەستیان بە سیاسەتە دوژمنکارانەکانی حاکمان کردووە و بە هەموو شێوەیەک کەوتوونەتە بەر هێرش و ئەشکەنجە و چەوسانەوە، هەموو هەوڵیان خستووەتە گەڕ تاکوو نەسڵێکی ئاگا و خوێندەوار پێ بگەیەنن و تەحویلی کومەڵگای بدەن، تا لە رێگای سیاسەت و پەیوەندی و تێگەیشتن، بە یەکگرتوویی و خەبات بۆ مسۆگەربوونی مافی گەلەکەی، بتوانێت سوودمەند بێت و رێگای گەیشتنی کورد بە رزگاری کورتتر بکاتەوە.
بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاگایی و خوێندەواریی نەسڵی نوێ و هەروەها گۆڕانکاری لە چۆنیەتی و خێرابوونی پێوەندییەکانی نێو کۆمەڵگا بە بەردەستبوون و توانایی کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەو تێکنۆلۆژیای رۆژ، ئەو ئەرکە دەخاتە سەر حیزبە سیاسیەکان کە بە رێکخستن و پلان و بەرنامەیەکی گونجاو و سەردەمیانە، هەموو وزە و پۆتانسیەلە رزگاریخوازانەی نەسڵی نوێی گەلەکەمان وەگەڕ بخەن و بەشداریان بکەن لە پڕۆسەی رزگاری و سەربەستی کوردستان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.