کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشار ئەسەد وەکوو جەنایەتکاری شەڕ ناسێندرا

20:58 - 23 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بەشار ئەسەد بۆ جارێکیتر لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە جەنایەتکاری شەڕ تاوانبار کرا.

ڕێکخراوی لێبوردنی مافی مرۆڤ، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا، بەشار ئەسەد سەرکۆماری ڕێژیمی بەعسی سووریە، کە هەتا ئێستە بووەتە هۆی کوشتنی ٣٣٠ هەزار کەسی بێ‌تاوان لە خەڵکی سووریە، بە جەنایەتکاری شەڕ ناساند.

لەم ڕاپۆرتەدا، گەمارۆی بەشێک لە خاکی سووریە و ڕاونانی دانیشتوانی لە لایەن ئەرتەشی سووریە و دەرئەنجامەکانی شەڕ وەکوو جەنایەتی شەڕ پێناسە کراوە و بە ڕاشکاوی باسی لەوە کردووە، کە ناوچە گەمارۆدراوەکانی بۆمباران کردووە و هەروەها پێشی بە گەیاندنی یارمەتییە سەرەتایی و مرۆڤدۆستانەکانیشی گرتووە.

ئەم کردەوانەی ئەرتەشی سووریە کە لە لایەن ڕێژیمی ئێران پشتیوانی دەکرێت، بووەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئەو ناوچانە دەستیان بە خواردەمەنی، دەرمان و سووتەمەنی کە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانن نەگات و کارەساتی مرۆیی لێ بکەوێتەوە.

هەروەها لەم ڕاپۆرتە لەو ئاگربەسە کە لە نێوان هێزە دژبەرەکانی بەشار ئەسەد و ئەرتەشی بەشار ئەسەد پێک هاتووە، وەکوو کارەساتێک بۆ گیانی خەڵکی سووریە پێناسە کراوە و ئەم ئاگربەسە بە ڕێکاری دیپلۆماسی ڕواڵەتی ناوی لێ براوە کە بە هۆیەوە مافەکانی مرۆڤی پێشێل دەکرێت.

لە بەشیکی دیکە ئەم ڕاپۆرتە هاتووە، ڕێژیمی بەشار ئەسەد بە هەزاران کەسی کوشتووە یان ئاوارە کردووە، کە بتوانێت لەو ڕێگایەوە گوشار بخاتە سەر دژبەرانی و دانوستانەکان بە قازانجی خۆیان تەواوی بکەن.