کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرتنی کۆڕێکی سیاسی بۆ مەسعوود تەک

14:54 - 24 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: کۆڕێکی سیاسی بۆ مەسعوود تەک سەرۆکی پارتی سووسیالیستی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۲۱ی خەزەڵوەری ۱۳۹٦ی هەتاوی، لە شاری هامبورگی ئاڵمان کۆڕێکی سیاسی بۆ مەسعوود تەک سەرۆکی پارتی سووسیالیستی کوردستان بەڕێوە چوو.

مەسعوود تەک لە سەرەتای قسەکانیدا باسێکی لە ڕووداوەکانی ئەم دوایانەی هەرێمی کوردستان و هێرشی عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستان بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی سپای قودسی کۆماری ئیسلامی و هەڵبژاردنی بێدەنگی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئامریکا کرد و هەروەها ئەنجام دانی ڕێفراندۆم وەک کارنامەیەکی بەنرخی ویست و خواستی باشووری کوردستان بەرز نرخاند.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پرسی کورد لە کوردستانی تورکیه و خواستی حیزەکەی لە چوارچێوەی تورکیەی فیدڕاڵ و دێموکرات بۆ بەشداربووان شی کردەوە و هەروەها هەڵویستی حیزبەکەی لە پێوەندی بە کوردستانی سووریە خستەڕوو.

سەرۆکی پارتی سووسیالیستی کوردستان لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا بە وردی ڕۆڵی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین و هەڵویستی دوژمنکارانەی لە هەمبەر گەلی کورد خستە بەرباس و لەو پێوەندییەدا گوتی: بەر لە ڕووخانی ڕێژیمی بەعس براکانمان لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەموو لایەکیان ئاگادار کردەوە کە سەری مارەکە کۆماری ئیسلامییە و تا سەری پان نەکرێتەوە جیهان ئارامی بە خۆیەوە نابینێ، بەڵام مخابن ئامۆژگاریەکەیان بە هەند وەر نەگیرا و ئێستاش دەبینین کە کۆماری ئیسلامی ئەو پلانەی بۆ پێکهێنانی هیلالی شێعە کاری بۆ دەکرد بە داگیرکردنی کەرکووک و شەنگال و بستنەوەی بە سورریە تا یەمەن پێکی هێناوە و بە پاڵپشتی تانک و چەکی ئامریکایی بە دەستی حەشدی شەعبیەوە بە ئامانجەکەی گەیشتووە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند ساڵێکە کە براکانمان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وەرزێکی نوێی خەبات کە بە ڕاسان ناسراوە و ئامانج لە ڕاسانیش گرێدانی خەباتی شاخ و شارە دەستی پێکردەووە، بەڵام بەداخەوە من پێموایە گرینگی ڕاسانی ڕۆژهەڵات بۆ بەشەکانیتری کوردستان بە باشی شی نەکراوەتەوە، بۆ وەستانی مەلاکانی تاران لە دەستێوەردانیان لە بەشەکانیتری کوردستان و دوژمنایەتی گەلی کورد پێویستە پشتی خەباتی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگیردرێ و ئەرکی ئەخلاقی و نەتەوایەتی هەموو بەشەکانی کوردستان و حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانیانە کە بە هەموو توانایانەوە یارمەتی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەن و ئەوە باشترین ڕێگەیە بۆ سەرکەوتنی گەلی کورد، چونکە تا کۆماری ئیسلامی مابێ زەحمەتە گەلانی ناوچە و بەتایبەت گەلی کورد ئارامی و ئاسایش بە خۆیانەوە ببینن.

شاندێکی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستی ڕەشید ڕەحمانی بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بەشداری کرد و بە ناوی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەخێر هاتنی مەسعوود تەکی بۆ وڵاتی ئاڵمانی کرد.