کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە کۆمەڵێک پرسی گرینگیان تاوتوێ کرد

15:13 - 24 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆ بوونەوە و کۆمەڵێک پرسی گرینگیان تایبەت بە کورد و ناوچەکە تاوتوێ کرد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستی مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات سەردانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵە و شاندێکی ئەو حیزبەوە پێشوازیان لێکرا.

لەو دانیشتنەدا دوو حیزبی هاوپەیمان کۆمەڵێک پرسی پێوەندیدار بە مەسەلەی کوردیان و لێکدانەوەی سیاسیان هێنایە بەر باس.

هەروەها دەستێوەردانە ئاشکراکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروباری ناوچەکە و وڵاتانی دەوروبەر و چۆڵ کردنی مەیدان بۆ میلیشا سەرەڕۆکانی سەر بە ڕێژیم و لەوەش گرینگتر بیری چەقبەستووی کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی ئەوەیکە کۆدەنگییەک لە لایەن وڵاتانی عەرەبی و هاوپەیمانان دروست بێت بۆ ئەوەی چیتر دەرفەت بە کۆماری ئیسلامی نەدرێت ئاوا بێ‌پەردە دۆخی ناوچەکە بشوێنێت.

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیاندا باسیان له پێویستی هەرچی زیاتر نزیک بوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد کە وەک ئەرکی هەر کام لە هێزەکان دانرا.

سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی باشووری کوردستان و بوونی مەترسی لە سەر تێکۆشەرانی سیاسی جەخت کرایەوە کە لە سەرجەم بوارەکانی دیپلۆماسی، نیزامی و ئەمنییەتی هەماهەنگی تەواو بکرێت و بە یەکەوە بەرانبەر بە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بوەستن.

دوای دیاری کردنی ڕێوشوێنی پێویست لە سەرجەم بوارەکاندا کۆبوونەوەکە کۆتایی پێ هات.