کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان جارێکی تر ڕۆحی برایەتی لە کوردستان بەرز کردەوە

15:38 - 24 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: پاش بوومەلەرزە سامناکەکەی شەوی یەکشەممە ٢١ی خەزەڵوەر لە پارێزگای کرماشان کە بەهۆیەوە زیاتر لە ٨ هەزار کەس بریندار بوون و سەدان کەسیش گیانیان لەدەستدا، گەلی کورد جارێکی دیکە سەلماندیان کە پشت‌وپەنای یەکترن و وەک کارەساتێکی نەتەوەیی سەیری ڕووداوەکەیان کرد.

پاش ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە کە لە باشوری زاگرۆس ڕوویدا، کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆڤانە بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە، لوتکەی هەڵوێستی ئینسانی و نەتەوەیی خۆیان سەلماندەوە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، سەرەڕای ئاستەنگ درووست کردنی هێزەکانی رێژیم بۆ گواستنەوەی کەلوپەلە کۆکراوەکان و هەوڵدانی بەرپرسانی رێژیم بۆ بەتاڵان بردنی یارمەتییە کۆکراوەکان، دەنگی هاواری لێقەوماوانی کرماشان لە هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ورمێ‌وە تاکوو لۆڕستان، دەنگی داوەتەوە و ورد و درشت هاوکاری کۆدەکەنەوە.

هەر لەمبارەوە چەندین چالاکی جێگەی سەرنج بۆ کۆکردنەوە و گەیاندنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان لە شارەکانی وەک مەریوان، سەقز، کامیاران، سنە، مەهاباد و چەندین شاری دیکەی کوردستان ئەنجام دراوە؛ بۆ وێنە ئەنجومەنە خەڵکییەکانی شاری مەریوان لە ڕاگەیەندراوێکدا کەمپینێکیان لە ژێر ناوی وەتەن چاوی لێمانه بۆ یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان ڕێکخست. هەروەها تیپی مۆسیقای نەکەرۆز بە سەرپەرستی مامۆستا عەلی عابدی موزیسیەنی کورد لە شاری سەقز، گروپی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ کرماشانیان ساز کردووە و داواین لە کوردانی هەموو جیهان کردووە کە وێرای بەشداری لەم گروپەدا، یارمەتییە ماڵییەکانیان ڕادەستی ئەم ناوەندە بکەن تاکوو لە ڕێگەی ئەوانەوە بە ئەمانەتدارییەوە بگەیەنرێتە دەستی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە.

ئەم هەوڵە جێگەی ستایشانەی خەڵکی کوردستان لە کاتێکدان کە وەک چالاکانی مەدەنی کورد لە کرماشان و ناوچەکانی دیکەوە باسی دەکەن، ڕێژیم لە هەوڵی کەلکاژۆوەرگرتن لەم هەل‌ومەرجە نالەبارەیە.

یەکێک لە چالاکانی کرماشانی لەمبارەوە لە لاپەڕەی فەیس‌بووکی خۆیدا نووسیویەتی: گەیاندنی یارمەتی بە گوندەکانی دەوروبەری داڵاهۆ و گاوارە لەوانەش گوندەکانی گۆراجووب، زاوەڵە، گزن و باوەیادگار، هەڵاواردنی نەتەوەیی و مەزهەبی پێوە دیارە و هێزەکانی سپای پاسداران ڕێگریان لە گەیاندنی یارمەتی بە لێقەوماوانی گوندە یارسان‌نشینەکان کردووە.

هەروەها بەپێی ئەم هەواڵانە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران یارمەتی و هاوکارییەکانی خەڵک که لە لایەن خەڵکەوە بۆ لێقەومانی بوومەلەرزەی کرماشان کۆکراوەتەوە دەستی بەسەر دادەگرن و بۆ خۆیانی دەبەن.

ئەو کردەوە نامرۆڤانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاتێک دایە کە خەڵکی کوردستان لە بواری ژیان و دۆخی ئابوورییەوە لە دۆخێکی نالەباردا ژیان دەکەن و بژیوی ژیانیان بە سەختی دابین دەکەن.

دوایین زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی ڕێژیم لە ئیدارەی هیلالی ئەحمەر دەست بەسەر ئەو یارمەتی و شتومەکانە دەگرن کە لە لایەن خەڵکی ئاسایی کوردستانەوە بۆ یارمەتی‌گەیاندن بە بوومەلەرزە لێدراوانی کرماشان کۆکراونەتەوە و دەیانهەوێ بەناوی ڕێژیمەوە ڕادەستی زیان‌لێکەوتووانی کرماشانی بکەن.

بە وتەی خەڵکی خۆجێی و شایەتحاڵانی ئەو ناوچانەی کە زیانی ماڵی و گیانییان بەرکەوتووە، دامودەزگا و ئۆرگانەکانی پێوەندیدار لەو پەڕی کەمتەرخەمیدا بەرامبەر بەم ڕووداوە جووڵاونەتەوە و نە تەنیا کەمترین هاوکاری و یارمەتییان بە خەڵکی ناوچە زیان بەرکەوتووەکان نەگەیاندووە، بگرە کۆسپ و ڕێگریش بوون لە بەردەم هاوکاری ویارمەتی کردنی خەڵکی ناوچەکە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕێژیم بۆ بەناو یارمەتیدانی موسوڵمانەکانی میانمار، سووریە، فەلەستین و یەمەن و ئافریقا بە کەشتی و فڕۆکە لە بوودجەی تایبەت کەلوپەل دەنێرێت، بەڵام هیچ بوودجەیەکی تایبەت بۆ خەڵکی ئێران نییە و لە ڕووداوێکی دڵتەزێنی لەم شێوەش کوردبوون بۆ خۆی دەبێتە تاوان.