کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە دەروازە فەرمییەکان شتومەکی قاچاغ هاوردە دەکات

20:23 - 24 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: ساڵانە ٤ تا ٧ میلیارد دولار شتومەکی قاچاغ لە ڕێگای دەروازە فەرمییەکان هاوردەی ئێران دەکرێت.

بەپێی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، ساڵانە ٤ تا ٧ میلیارد دولار شتومەکی قاچاغ لە ڕێگای دەروازە فەرمییەکان هاوردەی ئێران دەکرێت، بەڵام وەزیری ئابووریی ڕێژیم وتوویەتی: هاوردەی قاچاغمان لە ڕێگای دەروازە فەرمییەکانەوە نییە و دەبێ لە نێوان گەندەڵی و قاچاغ جیاوازی دابنین.

ئەوش لە حاڵێک دایە کارناسانی ئابووریی لە ئێران لەو باوەڕەدان کە ڕێژەی ئەوە هاوردەیە بە بەراورد لەگەڵ هاوردەی فەرمی زۆر بەرچاوە و ناتوانین ئەو نرخە زۆرە بە گەندەلێ دابنین.

گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، وتەبێژی بنکەی بەربەرەکانی لەگەڵ قاچاغ ڕایگەیاندبوو: کە زیاتر لە ٣٠% هاوردەی ئێران لە ڕێگای قاچاغەوە و لە دەروازە فەرمییەکانی ئێران هاوردە دەکرێن و نرخی ئەو ڕادەیە ٤ میلیارد دولار مەزندە کراوە.

پێشتر و بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان دەرکەوت کە تەرازی تیجاری ئێران لە بازرگانییە دەرەکییەکان نەرێنی بووە و ئەوەش لە حاڵێک دایە تەنیا مامەڵە فەرمییەکانیان لەو ئامارەدا تۆمار کراوە و پسپۆڕان پێیان وابوو کە زیاترین هاوردەی ئێران لە ڕێگای قاچاغەوە بووە و ئەگەر ئەو ڕادە دراوەی کە لە هاوردە قاچاغەکان تێکەڵ بە ڕێژەی ئامارەکان بکەین، ئەوەندەی دیکەش بارودۆخی ئابووریی ئێران خراپتر پیشان دەدرێت و ڕێژە ڕاستییەکە ئاشکرا دەکرێت.

ئابڵۆقە ئابوورییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئیفلیج بوونی ئابووریی ئێران بووە و ڕێژیم بۆ دەور دانەوەی ئابڵۆقەکان دەست بە داوێنی قاچاغ بووە، کە ئەوەش ئەوەندەی دیکە بارودۆخی ئابووریی ئیفلیجتر دەکات.