کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شایی و شینمان لەگەڵتان نیە

21:30 - 24 خەزەڵوەر 2717

کەریم پەرویزی

لە وڵاتی ئێراندا نەک هەر تەنیا یەک نەتەوە ناژین، بەڵکوو نەتەوەکانیش دابەش بوون بە سەر دووبەرەی دەسەڵاتدار و ستەم‌لێکراودا.

لەوەتەی سیستمی پەهلەوی- ویلایەتی فەقیهی لە ئێراندا دامەزراوە، ژیانی پێشووی نەتەوەکانی نیشتەجێی جوغرافیای ئێران بەتەواوی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتوە و ئەگەر پێشتر تەنیا شەڕی دەسەڵاتی نێو نەتەوە و عەشایر و گرووپەکان ڕوویان دەدا و هەوڵی پاکتاوی نەتەوەیی نەدەدرا، بەڵام لە دەسپێکی سیستمی پەهلەوی- ویلایەتی فەقیهی، لە هاتنە سەرکاری ڕەزاخان بەملاوە، پێناسەی یەک نەتەوە و یەک وڵاتی بەسەر ئێراندا سەپێنرا و تا ئێستاش هەمان پێناسە، سیاسەت و ستراتیژی و ڕوانگەی سیستمی حکومەتداریی پەهلەوی- ویلایەتی فەقیهیە.

بۆیە هەر دوو قۆناخی پەهلەوی و ویلایەتی فەقیهی وەکوو یەک سیستم باس دەکەین، چوونکە دوو ڕووی سیستمێکن کە لە دوو قۆناخی زەمەنیدا حکومەتیان کردووە و یەکتریان کامڵ کردووە و دەرکەوتەی هەردوو قۆناغەکە، یەک شت بوو بۆ نەتەوە غەیرە فارسەکان، ئەویش سڕینەوە و ستەمکاری بووە.

ئەم سیستمە وەها لە نێو کەلتوور و ژیانی کۆمەڵایەتیی نەتەوەی حاکمیشدا ڕۆچووە کە دووبارە و دووبارە باڵادەستیی نەتەوەیەک و سیستمی پەهلەوی- ویلایەتی فەقیهی یەکدی بەرهەم دێننەوە و ناهێڵن یەکیان ڕوو لە کزی بدا!

بە کورتی و بە سانایی، ئەوەی ڕووی داوە، لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا، ئێران بە تەواوی دابەش کراوە و هێڵە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لێکیان جیا دەکاتەوە.

لەو کاتەدا کە لە شارە ناوەندیەکان و لە نێو ڕەوتە سیاسییەکانی سەر بە نەتەوەی باڵادەست کە نەتەوەی فارسە، شتێک ڕوو دەدا، ئەو ڕووداوە کەمترین کاریگەریی لە سەر خەڵکی نەتەوە ستەم‌لێکراوەکان هەیە. بۆ وێنە لە ساڵی ١٣٨٨دا ڕووداوەکانی بەناو بزووتنەوەی سەوز لە نێو نەتەوەکان و یەک لەوان نەتەوەی کورددا دەنگدانەوە وکاریگەریی نەبوو.

لەو لاشەوە کاتێک کە لە نێو نەتەوە ستەم‌لێکراوەکاندا بۆ وێنە لە نێو عەرەبەکانی ئەحواز و بەلووچەکاندا بزووتنەوە و ناڕەزایەتیەک دێتە ئاراوە، نەتەوەی فارس ئەگەر حەزیان لە هەرچی زووتر سەرکوت کردنیشی نەبێ، زۆر گوێی پێ نادەن و وەدوای ڕووداوەکانیشی ناکەون.

لە تازەترین نموونەکانی لە کوردستاندا کە چاو لێ بکەین چەند ڕووداو لە ئاستی نەتەوەیی لە کوردستان هاتنە ئاراوە و دوو ڕووی دراوێک بوون، یەکەمیان شایی و ئەویتریان شین. بەڵام ئەو ڕوداوانە لە نێو کورد و لە نێو فارسدا کە هەڵیان دەسەنگێنین، ڕەنگە بگەینە ئەو قەناعەتە کە خوداشمان هاوبەش نەبێ!

لە هاوینی ئەمساڵدا کەشی سیاسیی ناوچە زۆر گەرم بوو و کوردستانی عێراق دەیهەویست ڕێفراندۆم بەڕێوە ببا و بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆی بدا. لە ئێراندا وێڕای حکومەتی پەهلەوی- ویلایەتی فەقیهی، نەتەوەی باڵادەستیش بە دژی ئەو ڕێفراندۆمە وەستانەوە و هەر لە سەرەتاوە بە دژی هەڵوێستیان گرت و حکوومەت هەڕەشەی سیاسی کرد و بەناو ڕووناکبیر و خوێندەوارەکانی فارسیش سووکایەتییان بە چارەنووسی کورد دەکرد و بە ئامرازی دەستی بیانی ناویان دەبردن و هەموو هەوڵیان ئەوە بوو کە ڕێفراندۆم بەڕێوە نەچێ!

خەڵکی کوردیش لە ڕۆژهەڵات هەموو دڵەڕواکێکەیان ئەوە بوو کە نەکاو شتێک ڕوبدا و ئەو ڕێفراندۆمە پەکی بکەوێ!

کە ڕێفراندۆمیش کرا زۆرمان نەگوتوە گەر بڵێین کورد لە ڕۆژهەڵات زۆرتر لە باشوور شاییان بۆ گێڕا و سیستمی پەهلەوی- ویلایەتی فەقیهیش هەم کوردەکانی دەستبەسەر کرد و هەم پیلانی بۆ لەباربردنی ڕێفراندۆم گێڕا. لە نێو نەتەوەی فارسیشدا کەم نەبوون ئەوانەی کە هاتوهاواریان بوو کە هەرچی زووتر ئەو هەنگاوەی کوردستان پەکی بخرێ! بە ڕووداوەکانی کەرکوویشدا کوردانی ڕۆژهەڵات خەمبار و تاسەبار بوون و حکوومەتی تاران و بەشێکی زۆری نەتەوەی حاکم خۆشحاڵ بوون و شاییان دەگێڕا!

ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەریش لە بەشێکی گەورەی کوردستان واتە کرماشان بوومەلەرزە لێی دا و کارەساتێکی گەورە بەسەر نەتەوەی کورددا هات. لەم کارەساتە گەورەیەدا هەم سیستمی حاکم لە تاران و هەم نەتەوەی باڵادەست کەمتەرخەم بوون بەرامبەری و زۆریان بەلاوە گرینگ نەبوو کە کوردی هەژار ماڵی وێران بووە.

بەڵام ئەم کارەساتە گەورەیە لە کوردستاندا بوو بە هۆکارێک کە لە هەموو شار و گوندەکانی کوردستانەوە دەست کرا بە یارمەتی کۆکردنەوە بۆ هاونیشتمان و هاونەتەوەییە بەڵالێدراوەکانیان.

پێم وابێ زۆرمان نەگوتوە گەر بڵیین لە سەرتاسەری کوردستاندا شار و گوند و گەڕەک و ماڵ نەماوە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان یارمەتیی بۆ کوردانی تووشی کارەسات بوو کۆ نەکردبێتەوە، کەچی حکومەتی تاڵانچی و تاوانباری تاران و دەزگای سەرکوتکاری تەماحیان لەو یارمەتیانەی ئەو خەڵکەش کردووە و لە زۆر شوێندا سوپای تێرۆریستیی پاسداران دەستیان بەسەر یارمەتیەکاندا گرتوە و بۆ شوێنی نادیاریان گواستۆتەوە.

کارەساتی بوومەلەرزە لە کوردستان بوو بە هۆکارێک بۆ لێکنزیکبوونەوەی زیاتری نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و بە هەموو تواناوە نیشانیان دایەوە کە ئاستی وشیاریی نەتەوەییان تا چ ڕادەیەک بەرزە و ئیرادەیان چەند قایم و بڵیندە کە چاوی کز و کوێری سیستمی پەهلەوی- ویلایەتی فەقیهی توانای بینینی نیە.

لەم چەند ساڵەی دواییشدا کە خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات چۆتە قۆناغێکی دیکەوە و ڕاسانی ڕۆژهەڵات هەنگاوی گەورەی هەڵگرتوە و گۆڕەپانی سیاسی دووبارە دادەڕێژێتەوە، سیستمی حاکمی تاران هەم ترسی لێ نیشتوە وهەم هەڕەشە دەکا و پیلانی بەدژ دەگێڕێ و لە نێو ڕێکخراو و کەسایەتیەکانی سەر بە نەتەوەی باڵادەستیشدا کەم نەبوون ئەوانەی کە هەڵوێستیان دژ بە ڕاسان هاوتەریبی هەڵوێستی ڕێژیمی تاران بوو.

نەتەوەی کوردیش بە پێشوازیەکی بێوێنەوە بەرەوڕووی راسان بوونەوە و هیوای گەیشتن بە لووتکەیان تێدا گەشەی کردەوە.

کۆی ئەم ڕووداوانە دەمان گەیەنێ بەو ڕاستیەی کە لە نێو جوغرافیای ئێراندا هەرچەند سیستمی حاکم دەیهەوێ وا نیشان بدا کە یەک نەتەوە دەژیت و ئەوانیتر هەندێک وردە فەرهەنگن، بەڵام نە شاییمان و نە شینیشمان پێکەوە نیە و ڕەنگە بە زۆری چەک و جبەخانە خاکمان داگیر کرابێ، بەڵام چەند نەتەوەی جیاوازین و تەنیا کاتێک دەکرێ لە نێو یەک سیستمدا پێکەوە بە ئاسوودەیی بژین کە سیستمێکی هاوبەش بێ و پێناسەی یەکسان و هاوتامان لەو سیستمەدا بۆ کرابێ، دەنا بە درێژەکێشانی سیستمی پەهلەوی- ویلایەتی فەقیهی، ئەوە بوومەلەرزەش سنووری لە نێوانماندا کێشا.