کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپێکی تێرۆریستی سەر بە سپای پاسداران پووچەڵ بووەوە

14:55 - 25 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنییەتییەکانی بەحرەین گرووپێکی تێرۆریستی سەر بە سپای پاسدارانی ئێرانیان پووچەڵ کردەوە.

هێزه ئەمنییەتییەکانی بەحرەین کەسێکیان بە تۆمەتی هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر ماشێنێکی پولیس لە مانگی پێشوو دەسبەسەر کرد و بەرپرسانی بەحرەین ڕایانگەیاند، کە بەشێک لە تێرۆریستە هەڵاتووەکان ئێستە لە ئێران دەژین.

وەزارەتی وڵاتی بەحرەین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی پاراستنی ئەمنیەتی وڵات، یەکێک لەو تێرۆریستە مەترسیدارانە گیراوە و هاودەستەکەشی بۆ ئێران هەڵاتووە؛ ئەو دوو کەسە تاوانباری هێرشە تێرۆریستیەکەی ٢٧ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ بۆ سەر ماشێنێکی پولیسن، لەو هێرشە تێرۆریستییە پولیسێک کوژرا و ٩ی دیکەش بریندار بوون.

ئەو گرووپە تێرۆریستییە کە لەگەڵ ئەو تێرۆریستانەی بۆ ئێران هەڵاتوون لە پەیوەندیدا بوون و دۆزراونەوە و لەنێوچوونیان بە هۆی پووچەڵ کردنەوەی کردوەویەکی تیرۆریستی بەرانبەر بە چەند کەسایەتی بەحرەینی و تەقینەوەی سێ بۆری نەوت لە سێ ناوچەی جیاوازدا بووە.

پێشتر دادگایەکی بەحرەین لە بەیانییەکدا ڕایگەیاند: ١٩ کەس لە هاووڵاتییانی شێعەی ئەو وڵاتەی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ سپای پاسدارانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان و هەوڵدان بۆ ڕووخانی حکوومەتی بەحرەین دەسبەسەر کراون و حوکمی جۆراوجۆری بۆ دەر کردوون.

ڕێژیمی ئێران بە هاوکاری کردنی گرووپە تێرۆریستییەکان ئاڵۆزییەکی زۆری لە ناوچەکە ساز کردووە و بەو بۆنەوە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ڕێژیمی ئێرانی بە تاوانبار لە مەڕ دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و پەرەپێدانی تێرۆر دەزانێت و هەر لەو پەیوەندییەشدا سزای قورسی بە سەردا سەپاندووە، بەڵام ڕێژیمی سەرەڕۆی ئێران لە کارە تێکدەرانەکانی دەست هەڵناگرێت.