کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و کەجەکە پێکەوە کۆ بوونەوە

15:36 - 25 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: لە دانیشتنی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران و کۆما جڤاکێن کوردستان لە سەر چەندین خاڵی گرینگ گفتوگۆیان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێکی کەجەکە، بە سەپەرەستی ڕەزا ئاڵتون ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK) و چەند ئەندامێکی‌تری ڕێبەری سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە شاری سلێمانی کرد و لە لایەن شاندێکی ڕێبەری حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستی محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات پێشوازییان لێ کرا.

لەو دانیشتنەدا هەر دوو لایەن ڕوانگە و بۆچوونی سیاسیی خۆیان لە سەر پرسە سیاسییەکانی ڕۆژ و مەترسییەکانی سەر جووڵانەوەی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان خستەڕوو. لەو دانیشتنەدا باس لە کۆدەنگی ئەو وڵاتانەی که کوردستانیان بە سەردا دابەش کراوە و هەروەها لووتبەرزی نابەجێی ئەوان لە دوای ئاڵوگۆڕەکانی دوای ڕێفراندۆم و هێرش بۆ سەر کوردستان کرد کە دەبێ خوێندنەوەی دروستی بۆ بکرێت و هەر کام لە هێزە بەرپرسەکانی کوردستان هانی هێزە سیاسییەکانی باشوور بدەن بە کۆدەنگی و یەک هەڵوێستی و دوور بکەونەوە لە تۆمەت بەخشینەوە و تاوانبار کردنی یەکتر و ڕێگا نەدەن کاریگەری نەرێنی لە سەر جووڵانەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەش دابنێ.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دانیشتنەدا ڕۆڵی هەر کام لە هاوپەیمانان و ململانێی سەختی سیاسی و ئیدئۆلۆژی لە ناوچەکە و دەوری ئاژاوەگێڕانەی کۆماری ئیسلامی کەوتە بەرباس و پێویستی لێک نزیکبوونەوەی هەرچی زیاتری هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، بە پێویست زانرا.

دوای باسی چەندین خاڵی جێگای سەرنج بۆ هەردوو هێزی دوو بەشی سەرەکی باکووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتە کەجەکە و حیزبی دێموکرات جەخت لە کۆبوونەوەی زیاتر و هەماهەنگی پێویست لە سەرجەم بوارەکان بەتایبەت بۆ پووچەڵ کردنەوەی پیلانی نەیارانی کوردستان کرایەوە.