کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دولار بەردەوام سنوورەکان دەبەزێنێت

20:12 - 25 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: نرخی دولار بەردەوام دەچێتە سەرەوە و ئەمجار ٤١٠٠ تمەنیشی تێپەڕاند.

دوای هەڵکشانی نرخی دولار لە شەش مانگی ئەمساڵدا، لە چەند ڕۆژی پێشوودا دولار لە بازاڕی تاران لە ٤١٠٠ تمەن تێپەڕی و وادەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە مەڕ کونترۆڵ کردنی نرخی دولار دیسان وە درۆ کەوتەوە.

هەڵکشانی نرخی دولار لە لایەن کارناسە ئابوورییەکانەوە پێشبینی کرابوو و وتبووشیان، دولار لە ٥٠٠٠ تمەنیش تێپەر دەبێت. بە وتەی ئەو کارناسانە ئەو کۆنتڕۆڵ کردنەی نرخی دولار پێش هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی لە ئێران پەیوندی بە گەشەی ئابوورییەوە نەبوو و بۆ کونتڕۆڵ کردنی بارگرژییە دەرونییەکانی ئێران بووە.

ڕێژیمی ئێران بۆ قەرەبوو کردنەوەی کەمی بوودجە ٣٨ هەزار میلیارد تمەنی، دەست بۆ هەموو کارێک دەبات، یەک لەو کارانە بەرز کردنەوەی نرخی دولار و بەرز کردنەوەی نرخی وزەیە تا بتوانێت لەو ڕێگایەوە سامانە نەختییەکانی خەڵک بۆ لای خۆی رابکێشێت و کەمی بوودجەی پێ قەرەبوو بکاتەوە.

هەڕەشەکانی ئامریکا و کۆتایی هێنان بە بەرجام بەشێکی دیکەیە لە گوشارەکان بۆ بەرز بوونەوەی نرخی دلار؛ دولار پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە کەرتی ئابووریی ئێرانەوە هەیە و ئابووری ئێرانیش بە هۆی ئابڵۆقە ئابوورییەکانەوە ئیفلیج بووە.