کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانەوەی ڕێژیمی ئێران لە سووریە نیگەرانی نوێنەرانی ئامریکای لێکەوتەوە

21:06 - 25 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: مانەوەی ڕێژیمی ئێران لە سووریە، نیگەرانیی لە لای بەشێکی بەرچاو لە نوێنەرانی ئامریکا دروست کرد.

٤٣ پارلەمانتاری ئامریکا لە نامەیەکدا کە ڕۆژی ١٤ی نەوامبری ٢٠١٧ی زایینی، لە ماڵپەڕی فێری بیکن بڵاو کرایەوە، داوایان لە ڕێکس تێلرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئامریکا کردووە، کە لە مەڕ مانەوەی هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ڕێگاچارەیەک ببینەوە.

لەم نامەیەدا هاتووە: ئێمە لە ڕێگای ئەم نامەیە نیگەرانیی خۆمان لە دەستێوەردان و مانەوەی ئێران لە خاکی سووریە دەردەبڕین و ئێمە کە لەم ماوەیە سەردانی سووریەمان کردووە، نیگەرانییەکانی هاوپەیمانی نزیکمان (ئێسرائیل) لە مەڕ مانەوەی ئێران لە سووریە ڕادەگەینین، ئەم نیگەرانییە بەتایبەت پاش واژۆ کردنی ئاگربەس لە مانگی ژووئییە و هەروەها پێکهێنانی ناوچەگەلێک بە مەبەستی کەمبوونەوەی ململانێی لە سنووری نێوان ئیسرائیل و ئوردۆن زیادی کردووە.

ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا جەختیان کردووەتەوە، کە ئێران جگە لە حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپە میلیشیا شێعە غەیرەسووریەییەکانی دیکەش کونتڕۆڵ دەکات.

هەروەها لەم نامەیەدا، سەرەڕای ئاماژە بە یارمەتییە ماڵی، نیزامی و مرۆییەکانی ڕێژیمی ئێران بە حکوومەتی بەشارئەسەد، وتراوە: ڕێژیمی ئێران نزیک بە ١٣ هەزار هەتا ١٨ هەزار پاسدار و ئەرتەشیی ڕەوانەی خاکی سووریە کردووە و ناردنی هێزەکانی ئەرتەش بۆ دەرەوەی ئێران دوور لە سیاسەت و ڕێڕەوی پێشووی ئەرتەشی ئێرانە.

ئەم پارلەمانتارانە باسیان لەوە کردووە کە حیزبوڵڵای لوبنان ١٥٠ هەزار مووشەک و ڕاکتی لە بەردەست دایە، کە ئەم ڕادەیە لە پاشکەوتی زۆربەی وڵاتان زیاترە و هەڕەشەیەکی مەزنی بۆ سەر ئیسرائیل دروست کردووە.