کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تراژدی کرماشان لەبوونی بەرپرسانی ڕێژیمدا دڵتەزێنتر بووە

15:04 - 26 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران یارمەتی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان ناکەن و یارمەتییەکان بۆ خۆیان دەبەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە شایەتی خەڵک و هەواڵنێرانی ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە شوێنی ڕووداوەکە باس لەوە دەکەن کە سەرەڕای ئەوەیکە زۆربەی گوندەکان و چەند شاری کرماشان بە هۆی بوومەلەرزەوە خاپوور کراون ڕێژیمی ئێران هیچ یارمەتییەک بە خەڵک نادات.

یەکێک لە کارمەندانی هیلالی ئەحمەر لە شوێنی ڕووداوەکە لە هەواڵێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، گوندەکانی ئیزگلە و دەورووبەری شاری سەرپێڵی زەهاو خاپوور بوونە و ڕێژیمیش سەرەڕای ئەوەیکە یارمەتی بە خەڵک نادات بەڵکوو ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران یارمەتییەکانی خەڵک بۆ سووریه و عێراق دەبات.

دانیشتوانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر هاوکاریی نەکردنی ڕێژیمی ئێران دەربڕیوە و خەڵک داوای ئاوی خواردنەوە، خۆراک، جلوبەرگی گەرم، خێوەت، شیری وشک و شتومەکی دیکەیان کردووە.

هەروەها هاووڵاتییانی کرماشان باسیان لەوە کردووە، کە ڕێژیم لە لابردن و لادانی دیوارە ڕووخاوەکان کەمتەرخەمی کردووە و هەتا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە ژێر دیوارەکان ماونەتەوە ولە لایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە کەڵکاژۆ لە دەرفەت دەکەن، شتومەکی پێویست چەند قات لە نرخی خۆی دەفرۆشن.