کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرما کۆتایی بە ژیانی ژنی تێکۆشەرێکی کوردی هێنا

15:10 - 27 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: ژنێکی کورد کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی چەند شەو پێش ئێستای کرماشان ماڵەکەی ڕووخابوو، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری سەلاسی باوەجانی لە سەرما ڕەق هەڵات.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، خاتوو خاوەر خوسرەوی خەڵکی گوندی نیوەکارەی سەلاسی باوەجانی کە خاوەن بنەماڵەیەکی ناسراوی ئەم ناوچەیەیە، بەهۆی نەبوونی سەرپەنا و سەرمای لە ڕادەبەدەر گیانی لەدەست داوە.

بە هۆی ڕووداوی سروشتی بوومەلەرزە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گوندی نیوەکارە لە سەدا ٨٠ی خانووەکانی ڕووخاوە.

هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان میدیا، باس لە کوژرانی ٨ هاووڵاتی و بریندار بوونی ٣٥ هاووڵاتی دیکە لەو گوندە دەکات.

بەپێی هەندێک زانیاری دیکەش هەر بەم هۆکارانەوە لە چەند شەوی ڕابردوودا چەند منداڵی کەم‌تەمەنیش لە شارەکانی پارێزگای کرماشان گیانیان لەدەست داوە.

هەنووکە خەڵکی بەڵالێدراوی پارێزگای کرماشان داواکارن کە گیانی بەجێماوانی بوومەلەرزەکە بپارێزرێت، بەڵام کۆماری ئیسلامیی هێشتا بە شێوەی جیددی ئامادە نەبووە خزمەتگوزاری مرۆڤانە، کە ئەرکی حکوومەتە، ڕادەستی لێقەوماوانی ئەم تراژێدیایە بکات.