کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ سەردانی وەزارەتی دەرەوی ئەو وڵاتەی کرد

15:48 - 27 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: عەزیم ئەلیاسی لە سەردانێکدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی نوروێژ، دیدارێکی لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دەرەوە بە سەرپەرەستی شەل گوینار ئێریکسن پێک هێنا.

ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، عەزیم ئەلیاسی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ، لە سەردانێکدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی نوروێژ هێندێک پرسی تایبەت بە بارودۆخی کوردستان و ناوچەکەی خستە بەر باس که گرینگترینی ئەو پرسانە بریتی بوون لە:

ـ کارەساتی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان، هاوکاریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە لێقەوماوان.

ـ کەمتەرخەمی رێژیم ئاخوندی لە گەیاندنی یارمەتی بە لێقەوماوان و تەنانەت ڕێگری کردن لە خەڵک بۆ ئەوەی یارمەتییەکان ڕاستەوخۆ نەگاتە دەستی زیان لێکەوتووان و چاوەنواڕی کوردەکان لە وڵاتی نوروێژ بۆ بەهاناوە هاتنی لێقەوماوانەوە.

ـ کێشەی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراق و ناوچەکە و بەرپرسیاریەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرانبەر بە کورد.

لە سەر کارەساتی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان، لایەنی نوروێژی لەوە ئاگادار کرایەوە کە زیانەکانی ئەو ناوچانە زۆر زیاتر لەوەیە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لێوە دەکات. هەر لەم پێوەندییەدا باسی کەمتەرخەمی ڕێژیمی ئێران لە یارمەتیدانی لێقەوماوان کرا. ئەمەش لە کاتێک دایە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەرکێکی مرۆیی و نەتەوەیی لە هەموو شار و ناوچەکان بە هانای ئەو خەڵکەوە هاتوون. هەروەها باس لە بێ‌متمانەیی خەڵک بە کاربەدەستانی ڕێژیم کرا بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بە لێقەوماوان، بۆیە خەڵکی بۆ خۆیان هەوڵ دەدەن ئەو یارمەتییانە بگەیەننە دەستی خەڵکی ناوچەکە، بەڵام لە زۆر جێگادا ڕێژیم ویستوویەتی دەست بە سەر ئەو کەلوپەلانەدا بگرێت و لانیکەم نەهێڵێت یارمەتییەکان ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵکەوە بگاتە دەستی لێقەوماوان.

وەک ئەرکێکی مرۆیی و لە هەمان کاتدا ئەوەی کە بەشێکی بەرچاوی ئەو لێقەوماوانە کەسوکاری کوردانی نیشتەجێی وڵاتی نۆروێژن، داوا کرا نۆروێژ درێغی نەکات لە تارمەتی گەیاندن بەو خەڵکەی کە تووشی کارەساتی بوومەلەرزەکە بوون. بەتایبەتی داوا کرا کە کار بۆ دەستەبەر کردنی سەرپەنا بۆ ئەو خەڵکە بکرێت. هەیئەتی نۆروێژیی باسیان لەوە کرد کە کێشەکە لەوە دایە کە کۆماری ئیسلامی نەک هەر داوای یارمەتی نەکردووە بەڵکوو ئەو وڵات و ڕێکخراوانەش کە ئامادەییان دەربڕیوە یارمەتی پێشکەش بکەن، داواکارییەکەیان ڕەت کراوەتەوە. بەڵام وێڕای ئەمەش ئەوەی ئیمە ئاگادار بین کۆمیتەیەک لە وەزارەتدا کار لە سەر پرسەکە دەکات بە قسەی هەیئەتی نورویژیی بڕیارە لە ئەنجامی هەوڵەکانیان ئاگادارمان بکەنەوە.

لەسەر مەسەلەی کەرکووک و کێشەی نێوان هەرێم و بەغداد باسی ئەوە کرا کە کۆماری ئیسلامیی ئیستا لەسەر عەرز دەسەڵاتی لە عێراقدا هەیە و ئامریکا زیاتر ئاسمانی ئەو وڵاتەی لە دەست دایە. هەر لەم بارەوە باس لەو مەترسیانە کرا کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە و لە ڕێگای تاقمەکانی سەر بە سپاوە لە نیو حەشدی شەعبی لەسەر حیزبەکانی ڕۆژهەلات و بە تایبەتی خەڵکی سیڤیلی سەر بەم حیزبانە لە نێو کەمپەکان و لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن کرا و داوای ئەوە کرا کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاگاداری ئەم مەترسیانە بن.

هەیئەتی ناوبراویش هەستیان بەو مەترسیانە کردبوو کە لە ئەنجامی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و ناوچەکە دروست بوون. پێشیان وابوو کە سنوورەکانی ٢٠٠٣ بۆ عێراق هێڵی سوور بووە، بۆیە شەڕ لەوە بەشە درێژەی نەبووە.