کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیرادەی خەڵکی ڕۆژهەڵات دەوڵەتی شەرمەزار کرد

19:59 - 27 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: خەڵکی ڕۆژهەڵات بە هەستی نەتەوەیی، بە یارمەتیدانی ئاوارەکانی کرماشان، ڕێژیمیان شەرمەزار کرد.

لە یەکەم ساتەکانی ڕوودانی کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان، خەڵکی کوردستان بەگشتی ئازیەتبار بوون و لە هەر ڕێگەیەک کە بۆیان کرا بە هانای خۆشک براکانیان لە کرماشان چوون.

ئەم لێهاتووییەی خەڵکی کورد نیشانی دا کە کورد باوەڕی بەم ڕێژیمە نییە و متمانەی پێ ناکات و بە شێوەی خۆڕسک دەستیان بە کۆکردنەوەی یارمەتی کرد و بۆ خۆشیان یارمەتیەکانیان گەیاندە دەستی ئاوارەکان.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەیکە بە ئەنقەست گرنگی نەداوە بە بوومەلەرزە لێدراوەکان، هەڵویستی دژە مرۆڤانەشی بە نیسبەت ئیرادەی نیشتمانی خەڵکی ڕۆژهەڵات هەبووە و بە ڕێگەگرتن لە خەڵک و هەڕەشە کردن و دزینی یارمەتییەکان لە بەرامبەر هەستی نەتەوەیی کورد بە هەموو شێوەیەک ڕادەوەستێت.

خەڵکی کوردستان هەر لە سەڵماسەوە تا لوڕستان بە ڕادەی توانایان یارمەتی لێقەواماونیان داوە و زۆربەی هەرە زۆری شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵات کەلوپەلە پێویستەکانیان بۆ شارە بوومەلەرزە لێدراوەکانی پارێزگای کرماشان ناردووە، تەنانەت لەو ڕێگای ئەو ئەرکە پیرۆزە، کاک ئەبووبەکر مەعرووفی خەڵکی شاری بۆکان، کە بە ماشینەکەی خۆی یارمەتی کۆ کردبووەوە بەداخەوە لە ڕێگە تووشی کارەساتی هاتووچۆ بوو و گیانی لە ڕێگای نیشتمانەکەی لەدەست دا.

ئەم هەواڵە دڵتەزێنە، سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی گرتەوە و هەر لە کرماشان بە ڕێزیکی تایبەتەوە هەتا بۆکان شار بە شار و گوند بە گوند تەرمی پاکی شەهید ئەبووبەکر مەعرووفیان بە دڵێکی خەمبار بەڵام تەژی لە هیوای نیشتمانی بۆ زیدی خۆی ڕەوانە کرد.

هەر لەم پێناوە ڕێژیمی ئێران زۆر هەوڵی دا پێش بەم پێشوازەیە بگرێت و تەنانەت هەڕەشەی لە بنەماڵەی کردووە کە ناتوانن ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی بۆ بگرن.

لە لایەکی دیکەوە لە بەرامبەر ئەم هەستە پاکەی خەڵکی ڕۆژهەڵات، ڕێژیمی ئێران کە خەڵکی بۆ گرنگ نییە بەتایبەت خەڵکی کوردستان، لەو پەڕی ناکارامەیی و پێشلکارییەوە تەنیا کارێکی کە کردوویەتی میلیتاریزە کردنی ناوچەکە بووە، جیگر کردنی زیاتر لە ١٠ هەزار هێزی نیزامیی، دەرخەری ترسی ڕێژیم لە ئیرادەی نەتەوەیی کوردە.

ئەم هێزە نیزامییانە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ڕێژیم و گوشار هێنان بۆ خەڵک و دزی لەو ناوچانە بڵاو کراون و هەروەها لاواز بوونی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەری ئیرادەی نەتەوەی کورد نیشان دەدات.

هەروەها ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم بە شێوەیەک باس لەم کارەساتە دەکەن کە دوور لە ڕاستییە و ئاماری درۆ بڵاو دەکەن و هەوڵ دەدەن بۆ شاردنەوەی ئیرادەی خەڵک، بە هیچ شێوەیەک باس لە یارمەتییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات ناکەن و تەنیا باسی بەشێک لە یارمەتیی شارەکانی دیکەی ئێران دەکەن.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە هەستێکی مرۆڤانە یارمەتی دەدەن و ڕێژیم بە ناوی خۆی بڵاویان دەکاتەوە.

خەڵکی ناوچەکانی سەرپێل و زەهاو و قەسرشیرین و سەلاسی باوەجانی، لەم ڕۆژانەدا زۆرجار ناڕزایەتییان لە بەرامبەر بەرپرسانی نابەرپرسی ڕێژیم دەربڕیوە، کە لە میدیا فاشیستەکانی کۆماری ئیسلامیی باسی لێ ناکرێت.

لە کوردستان هەموو چین و توێژەکان لە ئاستی خۆیاندا لەم ڕۆژانەدا حماسەیان خولقاندووە، هەر لە حیزبەکان و ڕێکخراوەکان و کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و وەرزشوانە کوردەکان تەنانەت بە فرۆشتنی میداڵە جیهانیەکانیان یارمەتی لێقەوماوانیان داوە.

بەگشتی خەڵکی بەشەرەفی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ یارمەتی دانی هاونیشتمانیەکانیان لە کرماشان ڕاسان، و ڕێژیمیان شەرمەزار کرد و سەلماندیان کە ئیرادەی نەتەوییان زۆر لە سروشت بەهێزترە و هیچ دوژمنیک بەرگەی هەستی نیشتمانیان ناگرێت.