کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکگرتوویی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانە و پەیامەکانی

20:07 - 27 خەزەڵوەر 2717

شەریف فەلاح

ساڵانێکە چین و توێژی وریا و چاوکراوەی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان لە دەیان بۆنەی خۆش و ناخۆشی پارچەکانی دیکە و خودی ڕۆژهەلاتدا زۆر هاودەنگ و یەکگرتوانە دەرکەوتوون و بە پاڵشتی و یارمەتیدانیان بە سێوازی جۆراوجۆر گەلێک پەیامی پڕ مانایان خولقاندووە کە هەموویان وانە و دەرسن بۆ بە ئامانج گەیاندنی خەباتەکەمان.

هەر قۆناغی نوێی خەباتی ڕۆژهەڵات (ڕاسان)ەوە بگرە هەتا کاردانەوەی فراوان و پڕ واتای جەماوەری ملیۆنی لە بەرانبەر پرسی ڕیفراندۆمی باشوور، هەتا یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی لە بەرانبەر کارەساتی زەوی لەرزەکەی کرماشان، لێوانلێون لە واتای ڕۆحی کوردبوون و ماناکردنەوەی بە جەمسەربوونی ناسیۆنالیزمی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

نوێترین و گرینگترین بزاوتی یەکگرتوویی خەڵکی ڕۆژهەڵات، هاوپەیوندیی سەرانسەرییە پاش ڕوودانی زەوی لەرزەکەی کرماشان و زەهاو و قەسر و سەلاس و دەوربەری.

ئەم یەکدەنگی و بە هاناوەچوونە چەندین پەیام و مانای گرنگیان تیدایە:

١- ڕەواندنەوەی هەموو ئەو دەنگۆ و پیلانانەی حکوومەتی ئیرانە کە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لە ناوچەی سوننە نشینە.

٢- سەلماندنی ئەوەی کە لە نێوان خەڵکی ڕۆژهەڵات و حکوومەتی تاراندا هیچ متمانەیەک نییە و هەتا دێت ئەم کەلێنە بەریتنر دەبێتەوە.

٣- دەریخست پرسی ناسنامە و کوردبوون لە کرماشان و دەوروبەری بۆ سەرلەبەری خەڵکی ڕۆژهەڵات زۆر گرنگە و وەک ستراتیژیی داهاتووی دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵات دادەنرێ کە هاوشێوەی کەرکووکە.

٤- دەریخست کە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات وشیارە و خێرا لە هەمبەر ڕووداەوکاندا پەرچەکرداری هەیە و بۆ هیچ لایەن و حکوومەتێک دەستەمۆ نابێت.

٥- ئەم کارانە جیا لە پەراوێز و حاشییەکانی کە دامودەزگاکانی حکوومەت سازی دەکەن، دەربڕی باڵاکردنی ڕۆح و فەلسەفەی کوردبوونە لە ڕۆژهەڵات کە جۆرێکی دیکە و لە گۆشەنیگایەکی نیشتمانیی بەدەر ئیدئۆلۆژی بۆ کوردبوون دەڕوانن.

٦- وێڕای هەموو هەوڵە چەواشەکارانەکانی حکوومەت بۆ دروستکردنی جیاوازی و دووبەرەکێیئایینی و مەزهەبی لە کرماشان، بەڵام یارمەتی و بەهاناوەچوونی خەڵکی موکریان، ورمێ،ئەردەڵان و سنە و هەورامان و هەموو ناچەکانی سەلماندنی کوردبوون و پرسی نەتەوە لەسەرووی هەموو پرسێکەوەیە.

٧- هاوکاری و بەدەنگەوەهاتنی خەڵکی خۆڕسک و وشیاریی ڕۆژهەڵات بۆ لێقەواموان ورە و ئیمانی وەبەر خەڵک ناوە و ئەوێرن ڕاستیی ڕووداوەکان و کەمکاریی حکوومەت باس بکەن و ڕاستیی ڕووداەکان بخەنە ڕوو.

٨-گرتە ڤیدیۆی خۆبەخش و خەڵکی لێقەوماو هەموو درۆ و چەواشەکاریی میدیای حکوومەتی خستەڕوو کە هەمان ڕوانگەی ئەمنی و سەربازیی حکوومەت بۆ کوردستان لەلایان زاڵە.

٩- هەرچەند قووڵایی کارەساتەکە لەڕووی مرۆییەوە گەلێک بەژان و هەژێنەرە، بەڵام بۆ هەموو دونیا و بەتایبەت خەڵکی ڕۆژهەڵات سەلمێندرا کە حکوومەتی ئیران چەندە پەرۆشی کوردە و چەندە پەرۆشی ئامانجە گڵاوەکانی خۆیە.

١٠-گرینگترین مانا و پەیامی ئەو یەکگرتوویی و هاودەنگییەی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ پارت و حیزبە سیاسییەکانە، کە بەڵێ لە ئێمەوە فێر ببن و یەک بگرن، دەنا لەناو ڕووداوەکاندا ون دەبن.

١١- ئەوەی کەلە کارەسات و تراژیدییەکی سروشتی، بە وشیاری حەماسەیەکی میللی ساز بکەی، گەلێک پەیامی ماناداری تێدایە کە دەبێ لە دووتوێی وانە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان و لە هەناوی کۆمەلگەی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتدا ببێتە هەوێنی کوردبوون.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.