کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلێکی دیکە لە لاوانی دەروەستی کورد پەیوەست بە ڕیزەکانی شۆڕش بوون

20:21 - 27 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: دەورەی ٢٢٧ی سەرەتایی پێشمەرگە کۆتایی پێهات و جێژنی پەیوەست بوونی پۆلێکی نوێ لە لاوانی ڕۆژهەڵات بە ڕیزەکانی شۆرش لە شاخەکانی کوردستان بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی پۆلێک لە کیژان و کوڕانی دەروەستی کورد پاش تێپەڕاندنی دەورەی سەرەتایی بەفەرمی بوونە پێشمەرگە و چەکی بەرگری لە کەرامەتی نەتەوەکەیان لە شان کرد.

ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پیکرد.

لەم ڕێوڕەسمەدا کە بە ئامادەبوونی چەند کەس لە ئەندامانی ڕێبەری حیزب و بەشێک لە پیشمەرگەکانی هێزی تایبەت و بنەماڵەی شەهیدانی راسان لە شاخەکانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڕێز کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند وتەیەکیان پیشکەش کرد.

ناوبراو لە سەرەتای قسەکانیدا وێرای پێرۆزبایی کردن لە لاوانی تازەپەیوەست‌بوو بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کوردستان باسی لە نەخش و شوێندانەری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە درێژایی مێژوویی گەلەکەمان و ئەرکی گرینگ و هەستیاری مێژووییان کرد و وتی: هۆکاری هەڵگرتنی چەک لەلایەن پێشمەرگەوە نەک شەڕفرۆشتن و ئاژاوەگێڕی بەڵکوو هەوڵدانە بۆ دوورخستنەوەی گەل و نیشتمان لە ئاژاوە و شەڕی داسەپاو.

ڕوو لە بەشداربووانی دەورەش وتی: کات کاتی کردەوە؛ کاتی ئەوەیە کە ئەو وانانەی لە فێرگەی حیزبدا فێری بوون بەکردەیی بکەن و لە کردەوەدا بینوێنن. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا وتی: ئیوە وەک پێشمەرگەیەکی خاوەن‌هەست کە لەم قوتابخانەدا بار هاتوون دەبێ ببنە پێشمەرگەیەک کە بە ئیرادەی بەچۆکدانەهاتوو خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەتان بکەن و کاتێک دەچنە نێو کۆمەڵگا، هەموو تاکەکانی کۆمەل لەگەڵ وانەکانی شۆرش و بەرخودان ئاشنا بکەن.
پاش وتەکانی بەڕێز کەریم پەرویزی، چەندین سروودی شۆڕشگێڕانی و شێعر و هەڵبەست و هەروەها پەیامەکانی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە و دەورەی ئاموزشی دەورە پیشکەش بە بەشداربووانی رێوڕەسمەکە کرا.

لە کۆتایی ئەم بڕگەیەشدا لەلایەن هاوژینی شەهیدان کەماڵ خزری و لوقمان شێخانی کە لە حەماسەی لەبیرنەکراوی قەرەسەقەڵدا گیانیان بەختی ئازادی نیشتمان کرد، خەڵات بە سەر سەرکەوتووانی دەورەی ٢٢٧ دابەش کرا.