کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستانی ڕێژیم ئیدعای بێ بنەما دەکەن

14:11 - 28 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: فەرماندەی هێزی زەوینیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە لێدوانێکدا کۆمەڵێک قسە و ئیددعای بێ بنەمای لەبارەی دۆخی پێڕاگەیشتن بە بوومەلەرزەلێدراوان بڵاو کردەوە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر زاری پاسداری تێرۆریست محەممەد پاکپوور فەرماندەی هێزی زەوینیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە ئاواربەرداری لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی پارێزگای کرماشان بە بوونی ١٠٠٠ دەزگای تایبەت بە ئاواربەرداری ئەنجام دەدرێت و هەروەها سپای ڕێژیم ڕۆژانە هەزار ژەم چێشتی گەرم بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی ئەو پارێزگایە ئامادە دەکات.

ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران ئیدعای ئەوە کردووە کە گرووپی ئەندازیاری سپا بۆ یارمەتی گەیاندن بە بوومەلەرزەلێدراوان بەڕێ کراوە و لە ناوچەکەدا یارمەتی بە خەڵک دەگەیەنن. هەروەها ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا کە بەپێچەوانە و دوور لە ڕاستییە، باسی لەوە کردووە گوندەکانی کرماشان لە بواری خۆراکەوە کێشەیان نییە و هەموو ئۆرگانەکانی وەک هیلالی ئەحمەر و ستادی قەیرانی سپا یارمەتی بە خەڵک دەگەیەنن و خێوەتمان بۆ دوورترین گوندەکانیش ڕەوانە کردووە.

قسە و لێدوانەکانی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە کاتێک دایە کە عەمەلیاتی دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە بە هۆی بوومەلەرزە گیانیان لە دەست دابووە تەنیا ٢ ڕۆژ درێژەی هەبووە.

هەروەها بە شایەتی خەڵکی کوردستان ڕێژیم هیچ هاوکاری بۆ خەڵک ئەنجام نەداوە و تەنیا مانۆڕیان داوە و خەڵکی کوردستان خۆی بە شێوەی خۆڕسک و لە ڕووی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە بە هانای خەڵکەوە چوون.

بەپێی دوایین ڕاپۆرت و هەواڵە پیوەندیدارەکان تا ئێستاش بەشێکی بەرچاو لە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە بێ‌سەرپەنا ماونەتەوە و ئەوەیکە وەک یارمەتی مرۆیی گەیشتوەتە دەستیان لەلایەن خەڵکی ئاسایی شارەکانی دیکەی کوردستانەوە بووە نەک بەشێوەی بەرنامەداڕێژراو و لەلایەن حکومەتەوە.