کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم رەخنەی لە حکوومەت گرت

14:55 - 28 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری دەسنیشان‌کراوی ڕێژیم لە مەجلیس وتویەتی خەڵک بڕوایان بە دەسەڵات نەماوە و بۆ خۆیان راستەوخۆ یارمەتی لێقەوماوان دەدەن.

شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی بوومەلەرزەیەکی بەهێز ناوچەکانی کرماشان و سەرپێڵ و سەلاسی باوەجانی گرتەوە و خەسارێکی زۆری گەیاندە خەڵک و زۆرێک لە بینای شار و گوندەکان تێک رووخان و بە سەدان کەس بوونە قوربانی.

گەلی کورد لە یەکەم رۆژەکانی پاش بوومەلەرزەکە بە تێکڕا هاتنە پێشەوە و دەستیان دایە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی لێقەوماو و بەشێوەی خۆڕسک یارمەتیەکانیان گەیاندە دەستی خەڵک.

غوڵامعەلی جەعفەرزادە، یەکێک لە بەناو نوێنەرانی خەڵکی رەشت لە مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی: بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە پاش ٣٩ ساڵ ئێستا خەڵک دەڵێن کە متمانەیان بە دەسەڵات نەماوە و بۆ خۆیان راستەوخۆ یارمەتییەکان دەگەیەننە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان.

محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش پێشتر لە پەیامێکی تویتەریدا یارمەتییە دەرەکییەکانی رەت کردبوویەوە و رایگەیاندبوو کە حکوومەت بە پشت بەستن بە توانایی خۆی یارمەتی خەڵک دەدات بەڵام وەک دەرکەوت حکوومەت لە باتی یارمەتی تەنیا هێزێکی زۆری سەربازی و ئەمنیەتی هێنایە ناوچەکە و بە تەواوەتی ناوچەکەی میلیتاریزە کرد.

ئێران بە دەیان گرووپ و میلیشیای لە عێراق و سووریە و یەمەن و لوبنان و ... هتد، پێکهێناوە و بەردەوام یارمەتیان دەکات، خەڵک متمانە بە حکوومەت ناکەن و دەڵێن سپا یارمەتیەکان بۆ خۆی دەبات؛ هەر بۆیە راستەوخۆ هاتوونەتە پێشەوە و لە ئەرکێکی ئینسانی و نەتەوەییدا بە هانای خوشک و براکانیانەوە چوون و یارمەتیە کۆکراوەکانیان گەیاندووەتە دەستی خەڵکی لێقەوماو.