کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یاسای دیاریکردنی داراییەکانی سەرانی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیسی ئامریکا پەسەند کرا

14:58 - 28 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بەپێی یاسای پەسەندکراو لە کۆمیتەی ماڵی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، داراییەکانی خامنەیی، سەرکۆمار، ئەندامانی مەجلیسی خوبرگان، شۆرای نیگابان و فەرماندەکانی سپای پاسداران ڕادەگەیەندرێ.

بە پەسەند بوونی ئەم یاسایە، وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا ئەرکدار کراوە کە داراییەکانی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم و ٨٠ کەس لە بەرپرسانی ئەم ڕێژیمە بە تایبەت فەرماندەکانی سپای پاسداران، ڕابگەیەنێ.

ئەم یاسایە کە به ڕوونکردنەوەی دارایی ڕێبەرانی ئێران ناودێر کراوە لە لایەن کۆمیتەی کاروباری ماڵی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا پەسند کراوە و وەزارەتی خەزێنە داری ئەرکدار کراوە کە ئاستی دارایی ڕێبەرانی ڕێژیم بدۆزێتەوە و ڕایبگەیەنێت.

لەم یاسایەدا باس لەوە کراوە کە ئەگەرچی خەڵکی ئێران لەوپەڕی هەژاریدا دەژین، سەرانی سیاسی و سەربازی و نیهادە ئەمنیەتی و دەوڵەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بە گەندەڵی و ئیختلاس، دارایی کەڵانیان کۆکردۆتەوە بۆیە دەبێ وەزارەتی خەزێنەداری لیستەیەک لە داراییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بڵاو بکاتەوە، کە خەڵک بتوانن بیخوێنن و ئاگاداری ئەم ڕاستییانە بن.

بە پێی ئامارەکان تەنیا 5%ی دانیشتوانی ئێران کە بریتین لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و کەس و کاری، ٩٥%ی سەرمایەی ئێرانیان لە دەستدایە و خەڵکی دیکە لە هەژاریدان.
پێشتریش دامەزراوەی بورگن ڕاقیگەیاندبوو کە تەنیا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، نزیک بە ٩٥ میلیار دۆلار سەرمایەی هەیە.