کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: نەتەوەی کورد لە کارەساتدا، حەماسەیان خوڵقاند

15:08 - 28 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە شایی بە وەها نەتەوەیەکەوە دەکا و لە بەرامبەر ئیرادەی نەتەوەیی و هەستی پاک و بێگەردی مافخوازییاندا سەری ڕێز دادەنوێنێ.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

هاونیشتمانیانی بەڕێز،

خەڵکی وشیاری کوردستان،


بەداخەوە ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕووداوی سروشتیی بوومەلەرزە لە کوردستانی دا و لە هەر دوو دیوی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان وێرانی لێکەوتەوە کە وێرانی و قوربانی کەوتنەوەکە لە شارەکانی سەر بە پارێزگای کرماشان ئەوەندە زۆر بوو کە کارەساتێکی گەورەی لێکەوتەوە.

بەپێی هەندێ لە ئامارەکانی ڕێژیم (کە زۆریش جێگای باوەڕ نین و وێرانی و قوربانییەکان زۆر لەوە زۆرتر بوون) نزیک بە ٥٠٠ کەس کوژراو و زیاتر لە ١٠٠٠٠ کەس بریندار بوون و زیاتر لە ١٢٠٠٠ یەکەی نیشتەجێ بوون بەتەواوی تێکڕووخاون و بە هەزاران ماڵ و یەکەی نیشتەجێ بوونی دیکە زەرەر و زیانیان پێگەیشتوه؛ به شێوەیەک که به کەڵکی نیشتەجێبوون نایەن. چەندین شار و نزیک بە ١٦٠٠ گوند بەر خەسارەتەکانی بوومەلەرزە کەوتوون و هەموو ئەمانە و هاتنی سەرما و باران و قوربانی لێکەوتنەوەی دواتر و ... نیشان دەدەن و پێمان دەڵێن کە ژمارەی وێرانی و قوربانیی ئەو کارەساتە زۆرتر لەوە بووە کە ڕاگەیەندراوە و قووڵایی ئه م کارەساته مرۆییه دواتر ڕوون دەبێتەوه.

لە هەر کارەساتێکدا، لە هەموو دونیا چاوەڕوانییەکان لە حکوومەتەکان ئەوەیە کە هەرچی خێراتر بە پیری لێقەوماوانەوە بچن و نەک هەموو ئاسانکارییەک بۆ فریاگوزاری بۆ فریاگوزارەکان فەراهەم بکەن، بەڵکوو بەشێکی زۆری ئیمکانات و هێزی مرۆیی و ماددیی حکوومەت بۆ دەربازکردنی خەڵک لە کارەساتەکە و یارمەتیدانیان و چاککردنەوەی ژیان و ماڵیان تەرخان بکەن. بەڵام لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا نەک ئەو کارە نەکرا و به گوێرەی پێویست بە هانای خەڵکی بەڵا لێدراوەوە نەچوون، بەڵکوو زۆر بە درەنگی باسیان لەوە کرد کە بوومەلەرزەکە خەساری ماددی و گیانیی زۆری هەبووە و ئێستاشی لەگەڵ بێ هەر ڕاستییەکان دەشارنەوە.

سەرەڕای ئەوەش هێزه ئەمنییەتییەکان و سپای پاسدارانیان هێنا بۆ داپڵۆسینی خەڵک کە نەکا لەو دۆخە نالەبارە ڕەوانیەدا کە خەڵکی تێدایه بەگژ ڕێژیمدا بچنەوە و وەک بینیمان هێزی داپڵۆسێنەری ڕێژیم لەو خەڵکە لێقەوماوەیان دەدا و بێ‌حورمەتییان پێ دەکردن کە هاتبوون پاروە نانێک بۆ منداڵەکانیان ببەن. وێڕای ئەوەش یارمەتی و کاری بەهاناوەچوون لە لایەن دام‌ودەزگاکانی ڕێژیمەوە ئەوەندە کەم بوو، کە هەم خەڵکە لێقەوماوەکە تووشی گوشاری دەروونی و داماوی زۆرتر بوون و هەم هەموو ئێران زانییان کە ڕێژیمی کوماری ئیسلامی نایهەوێ بەدەم خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی سەرپێڵ و ئیزگەلە و سەلاس و شارەکانی دیکەی کوردستانەوە بچێ. ڕێژیم نەک حاڵەتی نائاسایی بۆ یارمەتیدانی خەڵک ڕانەگەیاند، بەڵکوو گوشاریشی بۆ ئەو خەڵکه هێنابوو کە بە زەحمەتی زۆرەوە تەرمی مردووەکانیان لەژێر وێرانەکان دەردێنن و دەبێ بیبەنە پزیشکی بەناو قانوونی ڕێژیم و ئەوان ئیجازەی ناشتنی بدەن و تا ئەوان ئیجازە نەدەن نابێ هیچ تەرمێک بنێژرێ!

سەرباری هەموو ئەو کەمتەرخەمی و بەهاناوەنەچوون و سەرکوتکاریانه، ڕایانگەیاند کە هیچ یارمەتیەک لە دەرەوەی وڵات وەرناگرین و لە نێو شوێنە کارەسات لێدراوەکەشدا دەبێ هەموو کارەکان لەژێر بەڕێوەبەریی سپای پاسداراندا بەڕێوە بچێ.

لە وەها دۆخێکدا، خەڵکی کورد لە هەموو شارەکانی کوردستان لە بڕیارێکی نەتەوەیی و مێژوویدا هەوڵی بەرفراوانی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ بوومەلەرزەلێدراوەکان و بەهاناوەچوونیان دا و چەندین کەمپەین وەڕێ خران. لە هەموو شار و گوندێکی کوردستاندا دەست کرا بە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ هاونیشتمانی و هاوزمانەکانیان لە شارەکان و گوندەکانی پارێزگای کرماشان کە تووشی ڕووداوی ماڵوێرانکەری بوومەلەرزە هاتبوون. وێنە و ڤیدیۆکان کە خەڵکی ئاسایی کورد دوور لە بوونی هیچ ڕاگەیەندکارێکی ئێرانی و بیانی تۆماریان کردووە، نیشانیان دا و وەکوو بەڵگە لە مێژوودا دەمێننەوە کە دوای کارەساتی بوومەلەرزە، نەتەوەی کورد، لە دژوارترین هەلومەرجدا و لەژێر گوشاری ڕێژیم و دام‌ودەزگاکانی و بەتایبەت سپای پاسداراندا چ حەماسەیەکیان خوڵقاند و چۆن هەموو گەمارۆ و گوشارێکی ڕێژیمیان تێک دا و بەهانای هاونەتەوە بەڵالێدراوەکانیانەوە چوون.

کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران ویستیان کە بە گەمارۆی خەڵکی کورد لەو شوێنانەی بوومەلەرزەیان لێ دراوە، ڕۆحی نەتەوەیی و ئیرادەی ئەو خەڵکە بشکێنن و بەچۆکدا بێنن، بەڵام نەتەوەی کورد دووبارە سەلماندیانەوە کە زۆر وشیارتر و ئامادەتر و بەورەتر لەوەن کە پاسداران و ڕێژیمی تاران بیریان لێ کردبوویەوە.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە هەوڵ و تێکۆشانی کوردەکان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بکەین کە هەم بە پەیامی هاوخەمی و هەم بە هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی، یەک نەتەوە بوونی کوردیان دووبارە مانا کردەوە و لە هەموو بەشەکانی دیکەشدا هەوڵی بەهاناوەچوونی قوربانیانی بوومەلەرزەکە درا. هەروەها دەور و ڕۆڵی هێندیک له ڕاگەیەنە گشتییەکانی کوردستان بەرز و جێگای ڕێزە کە سات بە سات و ڕۆژ بە ڕۆژ لەگەڵ قوربانیان و هەوڵی هەمەلایەنە بۆ کۆکردنەوەی یارمەتیەکاندا بوون و دەنگی قوربانیان و هەوڵی نەتەوەی کورد بۆ بەهاناوەچوونیان بە چاو و گوێی دونیا گەیاند.

لەو نێوەدا کە نەتەوەی کورد بە هەموو شێوەیەک ئیرادەی نەتەوەبوون و بەهاناوەچوونی هاوزمانەکانیان دەسەلماند، دوو شت جێگای بایەخ و سەرنجی تایبەت بوون؛ یەکەم هەوڵی ڕێژیم بۆ ئەوەی سپای پاسداران بکا بە بڕیاردەر و بەڕێوەبەری کارەکان و تەنانەت وەرگرتنی یارمەتییەکانی خەڵک بۆ ئەوەی به ناوی ڕێژیمەوه بیدا به خەڵک، هەر بەو مەبەسته له چەندین شوێندا دەستی بەسەر ئەو یارمەتیانەدا گرت، بەڵام خەڵک هیچ بڕوایەکیان بە دام‌ودەزگاکانی ڕێژیم نەبوو و یارمەتیەکانیان بەوان نەدا و لە ڕێگەی کەسان و ڕێکخراوە خەڵکیەکانەوە ئەو ئەرکانەیان ڕاپەڕاند.

دووهەم هەوڵی خەڵکی غەیرە کورد لە شارەکانی دیکەی ئێران کە هەرچەند لە سەرەتادا شتێکی ئەوتۆ بەدی نەدەکرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەی زانییان ڕێژیم کەمتەرخەمە، ئەوانیش دوور لە دام‌ودەزگاکانی ڕێژیم و لە لایەن خۆیانەوە دەستیان بە گەیاندنی یارمەتی بەو خەڵکە لێقەوماوە کرد و دووبارە ڕێژیم لە خەڵک جیا کرایەوە.

لە سەروبەندی کۆکردنەوەی یارمەتی و گەیاندنی یارمەتی بە خەڵکی لێقەوماودا ڕووداوێکی دڵتەزێنی دیکە ڕوویدا کە خەڵک لەوەش حەماسەیان دروست کرد. هاووڵاتیەکی خەڵکی بووکان بە ناوی ئەبووبەکر مەعرووفی لەکاتی گەیاندنی یارمەتی بە خەڵکی سەلاس و سەرپێڵدا لە ڕووداوی وەرگەڕانی ماشێندا گیانی لەدەست دا. گەڕانەوەی تەرمی خوالێخۆشبوو، گەڕانەوەیەکی ئاسایی نەبوو.

هەر لە شوێنی ڕووداوەکەوە شار بە شار و گوند بە گوندی کوردستان لەسەر ڕێگا پێشوازییان لە تەرمی ئەو هاووڵاتییە کرد و لە هەموو شوێنەکاندا بە هەزاران کەس بە پێشوازی کاروانی هاوڕێی تەرمی ئەبووبەکر مەعرووفیەوە چوون و لە هەموو شوێنێکدا بە دروشمی نەتەوەیی و بە پلاکاردی هەڵگری دروشمی شۆڕشگێڕانەوە، ئەبووبەکریان بە شەهیدی کوردستان پێناسە کرد و تەرمی شەهید بوو بە ئاڵای نیشتمانێک کە خەڵکەکەی هەموو پیلان و گەمارۆی دوژمنیان بەزاند و دووبارە بە حەماسەوە ئیرادەی بەرزی نەتەوەیی خۆیان سەلماندەوە. پێشوازی لەو تەرمە کە دەگەڕایەوە زێدی خۆی پێشوازییەکی نەتەوەیی و بە دەیان و سەدان هەزار کەسی بوو و ناشتنیشی لە زێدی خۆی لە بۆکان وێڕای هەموو گوشار و پیلانەکانی ڕێژیم، بەڕێکردنێکی هەزاران کەسی بوو کە دووبارە نیشانیان دایەوە و سەلماندیانەوە کە ئەم نەتەوەیە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستەکانی وشیاری و بوێریی نەتەوەیی.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی دووبارەی خۆی بۆ هەموو قوربانیان و بریندارانی کارەساتی بوومەلەرزەکە و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەکانیان و هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەبووبەکری مەعرووفی دەکات کە لەپێناوی باوەڕە بەرزەکانیدا گیانی دا و بوو بە ڕەمز و هێما بۆ نەتەوەیەک. هەروەها دەست خۆشی و ماندوونەبوون لە هەموو ئەو کەسانە دەکا کە بە هەر شێوەیەکی ماددی و غەیرە ماددی یارمەتییان بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە گەیاند و سوپاس و پێزانینی خۆی بەرامبەر هەموو ئەو کەس و ڕێکخراو و لایەنانە دەردەبڕێ کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەشەکانی دیکەی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات لەوپێناوەدا هەنگاویان هەڵگرت و ئەرکێکی مرۆییان بەجێ گەیاند.

هەروەها دەفتەری سیاسی سوپاس وپێزانینێکی تایبەت بە هەموو چین و توێژ و گرووپەکانی کۆمەڵگای کوردستان، نەتەوەی بەورە و چاوکراوە و لەسەرهەستی کورد دەکا کە کارەسات بە دوای کارەسات و ڕووداوی ناخۆش بە دوای ڕووداوی ناخۆش کە بەسەریاندا هاتووە، بەوپەڕی ورە و ئیرادەوە پێکەوە بوون و بە یەکڕیزی و هاوسۆزی و هاوپێوەندیی مرۆیی و نەتەوەییان حەماسەیان خولقاندۆتەوە و نەتەنیا جیهانیان سەرسامی ئیرادەی خۆیان کردووە بەڵکوو وانەکانی پێکەوەبوونیان بە گوێی تێکۆشەرانی خۆشیان گەیاندووە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شایی بە وەها نەتەوەیەکەوە دەکا و لەبەرامبەر ئیرادەی نەتەوەیی و هەستی پاک و بێگەردی مافخوازییاندا سەری ڕێز دادەنوێنێ.

کوردستان ئاوەدان و کورد سەربەرز

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٦
١٩ی نۆڤامبری ٢٠١٧