کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: پشکی سەرەکی ئیعدامەکان وەبەر کوردەکان دەکەوێت

15:44 - 28 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاو کردەوە و ڕاشیگەیاند پشکی سەرەکی ئێعدام و گیراوەکان وەبەر کورد کەوتووە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، ئانتۆنیۆ گۆرتز، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران باسی لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مروڤ لە کوردستانی ئێران کردووە و ڕایگەیاندووە کە بەشی هەرە زۆری ئێعدام و گیراوەکان لە ئێران وەبەر کوردەکان کەوتووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە زیاترین ئێعدام و گیراوەکان لە ئێراندا کوردن و لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا (زایینی) زیاتر لە ٩٠ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون؛ هەر لەو پەیوەندییەدا تەیموور ئەلیاسی نوێنەری ڕێکخراوی مافی مروڤی کوردستانی ئێران_ ژێنێڤ رایگەیاندووە کە ئەو ڕێکخراوە سەرچاوەی سەرەکی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بابەت پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بووە.

بە پێی ئامارەکانی ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، لە سەرەتای مانگی ژانویەوە هەتا کۆتاییەکانی ئۆکتۆبری ئەمساڵ، ٢٤٨٤ حاڵەت پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران روویداوە کە لەو ڕێژەیە ١٨٢٨ کەس گیراون و ١٧٧ کۆڵبەری کورد کوژراو و بریندار بوون و ٦٤ هاووڵاتی کوردیش بە هۆکارگەلی جیاوازەوە لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران ئێعدام کراون.