کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیتی ڕێبەری و دەوڵەت لە سەر \"مەسکەنی مێهر\" دژ بەیەک لێدوان دەدەن

19:41 - 28 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری خامنەیی لە کرماشان، ڕایگەیاندووە کە دەوڵەت لە سەر کێشەی مەسکەنی مێهر درۆ دەکات و خودا لەعنەتی ئێسحاقی جەهانگیری بکات.

وەحیدی حەقانیان نوێنەری خامنەیی، لە سەردانیدا بۆ ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکانی کرماشان، باسی لەوە کردووە کە بیناکانی مەسکەنی مێهر هیچ کێشەیەکیان نییە و تەنیا ١٠٠ کەس لەم بینایانەدا کوژراون و دەوڵەت لە سەر ناستاندارد بوونی مەسکەنی مێهرە درۆ دەکات.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئێسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیم لە سەر ناستاندارد بوونی بیناکانی مەسکەنی مێهر قسەی کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کوژرانی خەڵک لە بومەلەرزەکەدا، بیناکانی مەسکەنی مێهر بوون.

نوێنەری خامنەیی لە سەردانەکەی خۆیدا، باسی لەوە کردووە کە ٢٧ ئەندازیار لە نیزام موهەندسی زەنجان، سەردانی بیناکانیان کردووە و باسیان کردووە کە هیچ کێشەیەکیان نییە و حەقانیان قسەکانی جەهانگیری بە سیاسیکاری زانیوە.

لە لایەکی دیکەشەوە زۆربەی کارناسان لە سەردانەکەیاندا باسیان لە ناستاندارد بوونی بیناکانیان کردووە؛ هەروەها لە وێنە بڵاوکراوەکان و قسەکانی خەڵکی ناوچەکەدا، ئەوە دەردەکوێ کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان لە دەستدانی خەڵک، بیناکانی مەسکەنی مێهر بوون.

ئاماری کوژراوەکانی مەسکەنی مێهر بە ڕوونی بڵاو نەکراوەتەوە و وەحیدی حەقانیان، نوێنەری بەیتی ڕێبەری ڕێژیم باس لە کوژرانی ١٠٠ نەفەری کردووە و هەروەها وەزیری ڕیگەو شارسازی، ڕایگەیاندووە کە تەنیا دوو کەس کوژراون و پارێزگاری کرماشانیش ڕایگەیاندووە کە ئەم بوومەلەرزە ٢٧ کوژراوی هەبووه.

بیناکانی مەسکەنی مێهر، لە سەر بنەمای سووک سازی و چاک کردن بە کەمترین تێچوو ساز کراون و نیزام موهەندسی ڕێژیم لە سەر بناغەی تێچووی کەم چالاکی دەکات و ستانداردبوونی بیناکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا هیچ گرینگ نەبووە.

بەڵام ئەم شیوە ئەندازیارییە بە تایبەت لە بیناکانی مێهر، سەرەرای گەندەڵی و بە کارنەهێنانی کەرەستەی بیناسازی ستاندارد، ئاکامەکەی بووە گیان لە دەستدانی خەڵکێکی زۆر و گەمە کردن بە ژیانی خەڵک.