کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندی قاسملوو بە هانای هاونیشتمانانی چوو

20:42 - 28 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: دانیشتوانی گوندی قاسملوو بە کۆ کردنەوەی یارمەتی بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان بە هانای هاونیشتمانانی خۆیانەوە چوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دانیشتوانی گوندی قاسملوو سەر بە پارێزگای ورمێ بە مەبەستی یارمەتیدان بە خەڵکی لێقەوماوی کرماشان یارمەتی ماددی و نەختیان کۆ کردەوە و بە هانای خەڵکی کرماشانەوە چوون.

دانیشتووانی گوندی قاسملوو دەیان بەستە نان، خۆراک و جل‌وبەرگی دیکەیان کۆ کردووەتەوە و بۆ خەڵکی بوومەلەرەزلیدراوی کرماشانیان بەڕێ کردووە و پشتیوانی و هاوسۆزی خۆیان لە هاونیشتمانانی خۆیان لە خەڵکی کرماشان دەربڕیوە.

پاش ئەم ڕووداوە لە پارێزگای کرماشان، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆڤانە بۆ هاوزمان و هاونیشتمانانی خۆیان بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە، لوتکەی هەڵوێستی ئینسانی و نەتەوەیی خۆیان سەلماندەوە.

سەرەڕای ئاستەنگ درووست کردنی هێزەکانی رێژیم بۆ گواستنەوەی کەلوپەلە کۆکراوەکان و هەوڵدانی بەرپرسانی رێژیم بۆ بەتاڵان بردنی یارمەتییە کۆکراوەکان، دەنگی هاواری لێقەوماوانی کرماشان لە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ورمێ‌وە تاکوو لۆڕستان، دەنگی داوەتەوە و ورد و درشت هاوکاری کۆ دەکەنەوە.