کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم داوای قەرزەکانی مەسکەنی مێهر لە بوومەلەرزەلێدراوەکان دەکاتەوە

14:02 - 29 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە هێشتا هیچ کارئاسانی و هاوکارییەکی مرۆیی لەلایەن حکومەتەوە ڕادەستی لێقەوماوانی پارێزگای کرماشان نەکراوە، ڕێژیم داوای قەرزەکانی وامی مێهریان لیدەکاتەوە.

حیشمەتوڵا فەلاحەت پیشە بەناو نوێنەری شائاباد لە مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە بانکەکانی حکومەت بە ئێس‌ئێم‌ئێس خەڵکی لێقەوماوی پارێزگای کرماشانیان ئاگادار کردۆتەوە کە دەبێ قەرزەکانی مەسکەنی مێهر بدەنەوە.

ناوبراو وتوویەتی لەم کورتەنامانەدا هاتووە: بۆ ماوەی یەک ساڵ کاتتان پێدەدرێت و پاش تەواو بوونی کات دەبێ قەرزە وەدواکەوتووەکانتان بۆ بانک بگەڕێننەوە.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە لێپرسراوانی ڕێژیم لەلایەکەوە هەوڵ بۆ بچووک نیشاندانی کارەساتی بوومەلەرزەکەی ئێزگڵە دەدەن و لەلایەکی دیکەشەوە خۆیان وەک خەمخۆری خەڵک نیشان دەدەن بەڵام لە ڕۆژانی ڕابردوودا هیچ هەوڵێکی جیددی بۆ دابین کردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە ئەنجام نەدراوە.

بڵاوکردنەوەی ئەم کورتەنامە گاڵتەئامێزانە تووڕەیی خەڵکی بێدەرەتانی لێکەوتۆتەوە کە بەهۆی ڕووداوەکەوە داخدار بوون یان خەساری ماددی زۆریان بەرکەوتووە.

ئەم نامانە لە کاتێکدا بلاو دەبنەوە کە پیشتر ڕاگەیەندرابوو ئەم قەرزانە وەرناگیرێتەوە بەڵام دەرکەوت کە ئەمەش قسەیەکی درۆیین و بێ‌بنەمای دیکەی سەرانی ڕێژیم بووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا گەلی کورد پاش کارەساتێکی هەژێنەر حەماسەیەکی لەبیرنەکراوەیان تۆمار کرد و ڕۆحی برایەتییان لە کرماشان نیشانی هەموو جیهان دا.