کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ یەکیەتیی عەرەب دژی ڕێژیمی ئێران بڕیاری دا

14:10 - 29 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: یەکیەتیی عەرەبی که بە مەبەستی پێشگرتن لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی كۆ ببۆوە دژی ڕێژیمی ئێران بڕیای دەرکرد.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی، له‌سه‌ر داوای فەرمی عەرەبستانی سعوودی‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌یان بۆ باسكردنی چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ڕۆڵی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێرانی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوە برد.

ئەو كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ باره‌گای یەکیەتیی عه‌ره‌بی له‌ قاهیره‌ پێته‌ختی میسر به‌ڕێوه‌ بەچوو که ‌ بۆ باسكردنی ئه‌و هۆكارانه‌یه‌‌ كه‌ ڕێگه‌ له‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ڕێژیمی ئێران له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌گرێت و هه‌وڵدانه‌ بۆ ڕێگه‌گرتن له‌و ده‌ستێوه‌ردانانەی‌ كه‌ كاریگه‌ری لە‌سه‌ر ئەمنییەت و ئاشتی وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی پێویسته‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌نگاوی بۆ ده‌نرێت.

ئەو كۆبوونه‌وه‌یەهاوكاته لەگەڵ گرژبوونی زیاتری نێوان ڕێژیمی ئێران و سعوودیه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا له ‌لایه‌ن حووسییه‌كانه‌وه‌ به‌ مووشه‌كی بالستیک ڕیاز پێته‌ختی ئه‌و وڵاته‌ كرایه‌ ئامانج و ڕێژیمی ئێران وەک تۆمەتباری ئەو هێرشە ناسێندرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی یەکیەتیی عه‌ره‌بی كه‌ له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر به‌ڕێوه‌چوو، ئیدانەی ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ڕێژیمی ئێران له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاست كرا و وڵاتانی یەکیەتیی عه‌ره‌بی ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ تێكدانی ئاسایش و سه‌قامگیری ڕۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاستیان دووپات كرده‌وه‌.

یەکیەتیی عەرەبی ئیدانەی دەستێوردانەكانی ئێرانی لە ناوچەکەدا کرد و حیزبوڵڵای لوبنانیشی وەکو ڕێکخراوێکی تێرۆرستی وه‌سف كرد و هەروەها عێراق تێبینی لەسەر کۆبوونەوەکە هەبوو.

لەو پێوەندییەدا ئه‌حمه‌د ئه‌بوغێت سەرۆکی گشتیی یەکیەتیی عه‌ره‌بی گوتی: ڕێککەوتنی شەش قۆڵی لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی پارێزبەندییەکی بە ڕێژیمی ئێران داوە و وای کردووە دەست لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە وەربدات، ئاگر لە شوێنیک دەکاتەوە و سەقامگری لە شوێنێکی دیکە تێک دەدات، ڕێژیمی ئێران ستراتیژیەتێکی تائیفی ڕوونی گرتووەتەبەر بۆ هاندانی گۆمەڵگاکانی شیعی لە وڵاتانی عەرەبی، ئەو وڵاتە لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بە میلیشیا شیعەکانی سەر بە خۆی هەوڵی گەیشتن بە کەنارئاوەکانی دەریای نێوەڕاست دەدات و ئەمەشی کردووەتە یەکێک لە ئامانجە ستراتیژیەکانی، ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە کاریگەرەکانی جیهان و بەتایبەتیش شۆرای ئەمنییەت دەکەین، بە زمانێکی ڕوون پێیان دەڵێن هەڕەشەکانی ئێران هەموو سنوورێکی بەزاندووە و ناوچەکە بەرەو داهاتوویەکی مەترسیدار دەبات، پێشمان وایە پرۆگرامی مووشەکی بالیستیکی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ناوچەکە.

هەروەها سعودیە سەرسەخترین دوژمنی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەیه و بەردەوام تاران تۆمەتبار بە دەستێوردان لە کاروباری نێوخۆیی دەکات . سعوودیه ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە ٨٠ مووشەکی ڕێژیمی ئێرانیان لەناوبردوون کە لە لایەن حووسیەکانی یەمەنەوە ئاراستەی وڵاتەکەی کراون، عادڵ ئەلجوبەیر وەزیری دەرەوەی سعوودییە دووپاتی کردووەتەو کە وڵاتەکەی بەرامبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران دەستەوەستان نامێنێ.

وەزیری دەرەوەی سعوودییە گوتی: شانشینی عەرەبی سعوودی بەرامبەر ئەم کارە دووژمنکارانە دەستەوەستان نابێت و بۆ پاراستنی ئاسایش نیشتیمانی و گەلەکەشی سڵ لەهیچ شتێک ناکاتەوە، ئێمە هەموومان بەرپرسیاریەتی نەتەوەییمان لەسەر شانە بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتەکەمان و ڕووبەڕووبوونەوەی کارە دووژمنکارەکانی ڕێژیمی ئێران.

خالد ئه‌حمه‌د خه‌لیفه، وەزیری دەرەوەی بەحرەین ئاماژەی بە دەستێوردانەكانی ڕێژیمی ئێران لە عێراق و سووریه و لوبنان و وڵاتەکەی کردەوە و گووتی، لوبنان کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوێکی تێرۆریستی.

ئه‌حمه‌د خه‌لیفه هه‌روه‌ها باسی لەوە کردووە: ڕێژیمی ئێران به ‌ته‌نیا و ڕاسته‌وخۆ ڕووبه‌ڕووی وڵاتانی كه‌نداو نه‌بووه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌، به‌ڵكو له‌ ڕێگای دیكه‌وه‌ ده‌یكات، گه‌وره‌ترین مه‌ترسیش له‌ ڕێگه‌ی چه‌كدارانی تێرۆرستی حیزبوڵڵایه‌وه‌، كه‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌ لوبنان، عێراق و سووریه و له‌ زۆر شوێنی دیكه‌شدا به‌ناوی جیاواز هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ حووسییه‌كان، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی وڵاتانی عه‌ره‌بی.

هەر کام لە دوو وڵاتی‌ عێراق و لوبنان بەهۆی ناوهێنانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵلا تێبینیان لەسەر بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەی کۆمکاری عەرەبی هەبوو، بۆیە بەیاننامەی کۆتاییان واژۆ نەکرد، هەر سەبارەت بەم پرسە هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی پێشووتری عێراق نوسیوویەتی، ئامادەنەبوونی عێراق لە ئاستی وەزیر لەم کۆبوونەوەیەدا ئاماژەیەکە بۆ ناتەواوی سەروەری و سەربەخۆیی عێراق، بۆیە پێویستە عێراق سیاسەتێکی دەرەکی سەربەخۆی خۆی هەبێت.

دوای کۆبوونەوەی یەکیەتیی عەرەب محەممەد جه‌واد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕەخنەی لە کۆبوونەوەکە گرت و بە گاڵتەجاری ناوی برد و گووتی، سعودییە خۆی پشتگیری تێرۆر لە ناوچەکەدا دەکات.

بەپێی ئەو دۆخەی ئێستای ناوچەکە و هۆشداری بەردەوامی وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوا و ئامریکا، هەروەها سەپاندنی چەندین گەمارۆی ئابووری دژی ڕێژیمی ئێران به هۆی مووشەکە بالستیکەکان و دواتریش هەڵوێستی ئەم دواییانەی فەرانسه و لە لایەکی دیکەشەوە و قسەکانی هوشیار زێباری لەبارەی ئەم کۆبوونەوە دەرخەری ئەوەیە کە کێشەکان لە ناوچەدا ئالۆزتر دەبن و عێراقیش کۆنتڕۆڵی لە دەستی ڕێژیمی ئێران دایە.