کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێز لە بنەماڵەی ئەبوبەکر مەعروفی گیرا

20:13 - 29 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: بەشێک لە نووسەران و شاعیرانی کوردستان ڕێزیان لە بنەماڵەی ئەبوبەکر مەعروفی گرت.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی دوای تەواو بوونی ڕێوڕەسمی بە شکۆی شەهیدی کوردستان، ئەبوبەکر مەعروفی بەشێک لە نووسەران، شاعیران و ئەدەب‌دۆستانی شارەکانی بۆکان، مەهاباد و سەقز چەندین وتە و شێعری بە نرخیان پێشکێش بە ڕۆحی پاکی کاک ئەبووبەکر کرد.

لەو نێوەدا مەولوود خانچەزەرد، شاعیری بۆکانی ناسراو به ڕاپەڕین چەندین کۆپڵە شێعری بە باڵای کاک ئەبوبەکر هەڵکوت و ناوبراو بە نوێنەرایەتی لە شاعیران و نووسەرانی کرماشان و ئیلام سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان کرد و لە کۆتایشدا موعین قادر پوور، خەڵکی بۆکان قارەمانی کێبڕکێیەکانی جیهانی کۆنگ فۆی گورجستان میداڵی زێری خۆی خستە ملی کوری کاک ئەبوبەکر و بە نیشانەی ڕێزلێنان لە کاک ئەبوبەکر میداڵەکەی پێشکێش بە بنەماڵە بەڕێزیان کرد.

ئەبوبەکر مەعرووفی خەڵکی گوندی سەرچناری ناوچەی چۆمی مەجیدخان، کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی لە کاتی یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی کرماشان لە ڕێگای سەلاسی باوەجانی، تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوو و دوای وەڕگەڕانی ماشێنەکەی ناوبرا گیانی بەخت کرد. داوی ئەو ڕووداوە خەڵکی شارەکانی ڕوانسەر، جوانڕۆ، کامیاران، سنە، دیواندەرە، سەقز و بۆکان بۆ ڕێزلێنان لە تەرمی ناوبرا لەسەر ڕێگای شارەکان کۆبوونەوە و تەرمی ناوبراویان بەڕی کردەوە بۆ زێدی خۆی.

جێگای ئاماژەیە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان ڕێگریان کرد لە گەڕانەوەی تەرمی ناوبراو بۆ زێدەکەی خۆی و بە ناچار لە شاری بۆکان بە خاک ئەسپاردرا. لە هەڵمەتێکی بوێرانەدا خەڵکی کوردستان، کاک ئەبوبەکر مەعرووفیان بە شەهیدی کوردستان ناودێر کرد.