کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەتەر وێستەگەیەکی قاچاخی مرۆڤە

15:48 - 30 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی سیای ئامریکا قەتەری وەکوو یەکێک لە وێستگەکانی قاچاخی مرۆڤ ناساند.

ئاژانسی زانیارییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا قەتەری وەکوو یەکێک لە وێستگەکانی قاچاخی مرۆڤ ناساندووە و وتوویەتی ساڵانە رێژەیەکی بەرچاو لە کرێکارانی بیانی بە شێوەی نایاسایی دەچنە قەتەر.

بە پێی راپۆرتی ڕێکخراوی سیا، ئەم کرێکارانە لەگەڵ کۆمەڵێک گرفت وەک: کاری زۆرەملێ، کۆیلەیی، نەدان و وەدوا خستنی پارە، وەرگرتنەوەی پاسپۆرت، هەڵسووکەوتی خراپ، ژیانی دژوار و ... هتد، بەرەوڕوو دەبنەوە.

ژنانێک کە لە ماڵی قەتەرییەکان کار دەکەن، بە شێوەیەکی تایبەتی دەفرۆشرێن و بەپێی یاسای کاری قەتەر مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت.

هەروەها ئاژانسی زانیارییەکان، قەتەری بە کەمتەرخەمی و پێشێل کردنی یاساکانی قاچاخی مرۆڤ تۆمەتبار کردووە و رەخنەی هەبوو بە نیسبەت شێوازی پێڕاگەیشتن بە ١١ دۆسیەی پێوەندیدار بە قاچاخی مرۆڤ کە لە لایەن دادگاکانی ئەو وڵاتەوە بەدواداچوونیان بۆ کراوە کە لە هیچکامیان نە کارفەرما و نە ئاژانسەکانی دۆزینەوەی کار تۆمەتبار نەکراون.

لەم راپۆرتەدا هاتووە کە قەتەر بەردەوام خۆی لە بەرانبەر کێشەی کرێکاران دەدزێتەوە و چۆنیەتی پێڕاگەیشتن و مامەڵە کردنی لەگەڵ کرێکار، راستەوخۆ بە خاوەنکار سپاردووە.

ماوەیەکی زۆرە قەتەر لەگەڵ رەخنەگەلێک بە نسبەت بارودۆخی خراپی نزیک بە دوو میلیۆن کرێکاری بیانی کە لەوێ کار دەکەن بەرەوڕوو بووەتەوە.