کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران باس لە کۆتایی هاتنی داعش دەکات

14:02 - 1 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران و فەرماندەی سپای تێرۆریستی قودسی ڕێژیم کۆتایی داعشیان ڕاگەیاند.

لە حاڵێکدا شەڕی هاوپەیمانان بە ڕێبەری ئامریکا دژ بە داعش، لە عێراق و سووریەدا بەردەوامە، بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامی ئێران کۆتایی هاتنی داعشیان ڕاگەیاندووە.

حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە یەکێک لە کاناڵەکانی سەر بە ڕێژیم بڵاو کرایەوە، ڕایگەیاند کە داعش لە وڵاتانی ناوچەکە کۆتایی هاتووە و نەماوە.

هاوکات پاسداری ڕیژیم قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای تێرۆریستی قودس، لقی دەرەوەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران، لە نامەیەکدا بۆ ڕێبەری ڕێژیمی ئێران نووسیبووی کە داعش لە سووریە و عێراق شکستی خواردووە و لەو وڵاتانە کۆتایی پێ هاتووە.

ئەو ڕاگەیاندنەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە هێشتا شەڕی هاوپەیمانان دژ بە داعش بە سەرپەرەستی ئامریکا لەو وڵاتانەدا بەردەوامە و شکستی داعش لە ئاکامی یارمەرتیەکانی هاوپەیمانان و هێرشە ئاسمانیەکانیان بۆ سەر ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستیە، مسۆگەر بووە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە هەزاران کەس لە هێزەکانی سپا و بە تایبەتی چەندین فەرماندەی باڵا، لە عێراق و سووریەدا کوژراون، ئەرکی سەرەکی ڕێژیمی ئێران لەو دوو وڵاتە یارمەتیدان و پشتگیری لهدەسەڵاتی ناوەندی دەمیشق و بەغدا بووە، زۆرێک لەو هێزانە لە شەڕی دژ بە خەڵکی ئازادیخوازی سووری کوژراون.

پێشتر قیس الخزعلی، فەرماندەی عەسائیبی ئەهلی حەق کە یەکێک لە گرووپەکانی حەشدی شەعبییە، لە تویتێری خۆیدا نووسیبووی کە هێزە کانی ئامریکایی کە بەشێکن لە هاوپەیمانی دژ بە داعش لە عێراق، دەبێ خۆیان بۆ چوونەدەرەوە لە خاکی ئەم وڵاتە ئامادە بکەن.

عەسائیبی ئەهل حەق، گرۆپێکی شیعەی توندڕەو سەر بە سپای قودسی ڕێژیمی ئێرانە.